کۆمەڵگای شێواو

لەلایەن ستاندار Posted on 391 جار بینراوە

کامەران خدر

لەساڵی ١٩٧٥ کاتێک عێراق رێکەوتننامەی جەزائیر مۆردەکات کۆمەڵگای عێراقی دەست دەکات بەهەڵپەرکێ و دەربرینی دڵ خۆشی، وە کاتێکیش عێراق لەو رێکەوتنامەیە دێتە دەرەوە دوبارە هەڵپەرکێی خۆشی شەقامی عێراق کۆنترۆڵ دەکات، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەری نێوان عێراق و ئێران، عێراقییەکان دەست دەکەنەوە بەرەقس و لەکاتێکدا لەم شەرەدا بەهەزارن عێراقی و کورد بوونە قوربانی، بەڵام شانۆی هەڵپەرکێ و پیاهەڵدان بەردەوام بوو، لەگەڵ بریاری وەستاندنی شەر بۆجارێکی تر هەڵپەرکێ و پیاهەڵدان دەستی پێ کردەوە، کاتێکیش عێراق بریار دەدات هێرش بکرێتە سەر کوەیت گەلی عێراقی دەست دەکەنەوە بەهەڵپەرکێ، لەکۆتای هەمووئەمانەدا کاتێک کۆتایی بەرژێمی بەعس دیت عێراقییەکان بە چری دەست دەکەنەوە بەسەما و هەلپەرکێ.

لەپەراوزی ئەم روداوانەدا دەگەینە ئەو حاڵەتەی کە ئێمە خاوەنی چ کۆمەلگایەکی شێواوین، هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای کوردی بەدەر نیە لەم روداوانە چونکە دواجار کلتوری عەرەبی و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەی عێراق کاریگەری تەواوی بەسەر تاکی کوردەوە هەیەلەهەرێمدا، ئەم دۆخەی ئێستاکە کۆمەڵگاکەمانی پێدا تێ پەردەبێت درێژ کراوەی هەمان دۆخی ساڵی هەشتاکانی کۆمەڵگای عێراقییە، بەڵام بەشێواز و فۆرمێکی تر. راستە ئێمە لەبەردەم دۆخێکی تری کرانەوەداین فەزای گشتیمان فراوانترە لەفەزای گشتی ئەوکات دۆخی سیاسیمان بەبەراورد بەدۆخی سیاسی ئەوکاتی عێراق دۆخێکی ترە و کرانەوەی زیاتر بەروی کۆمەڵگاوە هەیە، دەسەڵاتی رەهايی دیکتاتۆریمان تێپەراندووە، هەمووئەمانە راستن، بەڵام دەبێت برواش بەوە بێنین کە هێشتانەمانتوانیوە دۆخی شێواوی کۆمەڵگا تێپەرێنین.

ئەم روداوانەی سەرەوە کە “کەنعان مەکییە” لەکتێبی کۆماری ترس نیشانماندەدات. هەمان ئەم دۆخە لەسەروبەندی ریفراندۆم و روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر رویدا، هەندێکمان بەشانازی ناومان دەبرد و هەڵپەرکێمان دەکرد هەندێكیشمان سەرکەوتنی داستانەکانمان کردبووە نوقڵە خۆشە بۆ زۆنێکی کۆمەڵگا، لەدوای ئەم دۆخەدا کۆمەڵگای ئێمە چۆن لەماوەی دەیان دەیەیی رابردوو دابەشبووە ئێستاش بەهەمان شێوە دابەشی دوو زۆن و دوو ئیرادەی سیاسی و کلتوری سیاسییە، ئەم دابەشبوونە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی کۆمەڵگای شێواوە.

کێشەکە ئەوەیە لەکۆمەڵگای شێواودا نارەقەمەکان دەبن بەرەقەم نابابەتەکان دەبن بەبابەت، ئەوەی بەهای نەبێت تێگەیشتنە بۆ دیوی دووەمی روداوەکان، خوێنەوارە قەڵەم بەدەستەکان دەبن بەقەڵەم فرۆش، شەر لەپێناو ئامانجی بەتاڵ دەبێتە دیاردە، پارە لەسەرووی هەمووشتێکەوەیە! لەوەسیلەبوونەوە دەبێتە ئامانجی سەرەکی، بێ ئومێدی لەدۆخی سیاسی تەنگمان پێهەڵدەچنێت، هەمووئەمانە رێک دوای نسکۆی هێزەکانی دەروەی دەسەڵات لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو دروست بوون، راستە ئەم دۆخە مێژووەکەی کۆنترە، بەڵام لەئێستادا زاڵترە بەبەراورد بەساڵانی رابردوو. هۆکاری ئەمە روونە، چونکە ئەم هێزەسەرەکیانەی کەبۆ ئینقازی کۆمەڵگای شێواو و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و هاوچەرخ هاتنە ساحەکە، خۆیان بوون بەبار بۆ درێژەدان بەم شێواوییە، ئەم درێژەدانە دروست دوای نسکۆی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات و دروستبوونی هێزی نوێ لەدایک بوو و خۆی مانفێست کرد، ئەمە جیا لەوەی دەیان هۆکاری تری ناوچەیی و هەرێمی کاریگەرن بەبابەتەکەوە، دەمەوێت ئەوە بڵێم ئێستا ئێمە لەمەترسیدار ترین دۆخی شێواو داین، شێواوی کۆمەڵگا بەجۆرێکە کەس تاقەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەم شێواوییەی نیە، بێ ئومێدی بەجۆرێک باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە، ئەسڵەن تاک ئەوەندەی حەزی لەخۆغافل کردن هەیە لەئەسڵی روداوەکان ئەوەندە تامەزرۆیی نیە بۆ گەیشتن بەحەقیقەتی روداوەکان، ئەم نائومێدییە تاک دادەماڵێت لەروحی بەرەنگاری، مرۆڤ لەکائینێکی یاخی دەکات بەریمۆند کۆنترۆڵی دەستی کۆمەڵگا، کۆمەڵگا بەهەرشێوەیەک بێت بەم شێوەیە مرۆڤ ئاراستە دەکات، چارەسەری ئەم دۆخە بەوە دەکرێت کە کۆمەڵگا زیاتر بێ ئومێد بێت و زیاتر بێ دەنگ بێت، تا ئەوکاتەی خواستی هاتنەوەی ئومێد لەلایەن کۆمەڵگاوە دەبێتە دیاردە، قۆستنەوەی ئەم دیاردەیە بۆئەنجامدانی ریفۆرم بەهێزی سیاسی نوێ ناکرێت، بەو هێزانەش ناکرێت کەتەواوی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە رەفس دەکەن، بەڵکو تەنها بەپەروەردەکردنی تاک و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگادەکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.