نوێنەرەکانی تورکیا لە ھەرێم

لەلایەن ستاندار Posted on 401 جار بینراوە

نەبەز گۆران

رووداوەکانی ئەم دوایەی _سلێمانی و شیلادزێ و دھۆک_ وێنەیەکی روونبوو، گەر تورکیا وەک دەوڵەتێکی داگیرکەری دژ بە کورد، چ وەک ھێز، چ وەک ئابووری، گەر خۆشی لەناو گۆڕەپانی ھەرێمدا ئامادەیی نەبێت، ھەردوو پارتەکەی دەسەڵات_پارتی و یەکێتیی_ وەک نوێنەری ئەو دەوڵەتە ئامادەن کۆی رێگا سەرکوتکارییەکان دژ بە خەڵک بگرنەبەر، تەنھا لە پێناو نیگەرانەبوونی دەوڵەتێکی بێگانە.
ھەردوو پارتەکە لەم رووداوانەدا وێنایەکیان خستە بەرچاو، ئەویش ئەوەیە: نایانەوێت دەست لەو رۆحە لاواز و دارزیووە ھەڵگرن، بە درێژایی مێژووەکەیان لەگەڵیاندا بووە و ھەمیشە سێبەری ئەوی تری بێگانەبوون. دەستگیرکردنی گەنجان، چ لە شاری _سلێمانی، چ لە شاری دھۆک و شیلادزێ_ تەنھا لە پێناو بەرژەوەندییەکی ئابووری وڵاتێکی بێگانە، نوێنەرایەتیکردنی رۆحێکی دارزیوە، کە ئەو رۆحە دارزیووە بەردەوام ئیشی کردوە تا کۆمەڵگە و تاک، دەست لە سەربەخۆبوون و ئازادبوونی خۆیان ھەڵبگرن و، دەست لەو رۆحە شۆرشگێرییە ھەڵبگرن فەزای ئازادی دروستدەکات و، جەماوەرێک و تاکێک دروستبکرێت لە ژێر سێبەری ئەو رۆحە دارزیوەدا ھەمیشە لەبەردەم ئەوی تری بێگانەدا سەرنەوی بکات و، بە گوتاری نمایشی رۆحە دارزیوەکەی خۆی داپۆشێت.
گوتاری نەتەوەیی و گوتاری کوردایەتی، دوو گوتارن ئەم دوو پارتە وەک فریودانێک لەشوێنە حەماسییەکاندا بەکاری دەھێنن، تا جەماوەری پێشەیدابکەن. ئەما لە واقیعدا ھەردوو پارتەکە نەک ھەر کردەکانیان، بەڵکوبوونی خۆیان و ئایدۆلۆژییەکەیان مەترسییە لەسەر گوتاری نەتەوەیی و گوتاری کوردبوون. ئەوان لە چوارچێوەی حیزبی و ئایدۆلۆژیدا ئەم گوتارانە بەرزدەکەنە و دەیکەنە کەرەستەیەک بۆ بەرھەمھێنانی مرۆڤی بێ پرسیار و بێ گومان، مرۆڤێک بە ھەموو تایپێکی ژیان رازیبێت و گرنگ نەبێت بەلایەوە فەزای ژیان و ئازادی و خۆبوون چییە و، تەنھا گرنگبێت لەلایەوە وەک بەرخۆرێک لەناو دەشتی ژیاندا بەشێکی کەمی خۆی پێبدرێت.
لە کۆتایی نەوەدەکاندا مامۆستا (فاروق رەفیق) لە شوێنێکدا وتی: ” ئەم جۆرە لە کوردایەتی ژینگە پیس دەکات.” ئەو کات ئەھلی بەرخۆر لە شێوازە ئایدۆلۆژییە چوارچێوە سنووردارەکەی حیزب، کەوتنە بەرزکردنەوەی دەنگی نارەزایەتی. ئەو ئەھلە پرسیاریان لە مێژووی حیزب، کردە و ئایدۆلۆژیای حیزب نەبوو، تەنھا ئەو ئێستا دیاریکراوەیاندەبینی کە جۆرێک بوو لە فەزای فریودان. ھەڵبەتە ئەم رستەیە بۆخۆی دەمانبات بەرەو ئەو شوێنەی، ھیچ گومان نەکەین دوو پارتەکەی دەسەڵات بەم مۆدێلە لە کوردایەتی، ھەم ژینگەی سیاسیی و ئازادی، ھەم ژینگەی نیشتیمانی بوون و خۆبوونیان پیسکردوە. مۆدێلێک لە گوتاری خۆنوێنانەی فاشیۆنیان دروستکردوە، لە و ساتانەی پێویستە جەماوەری شەیدا دەکەنە کەرەستەی ئەم فاشیۆنبوونە و، لەو کاتەشدا مەترسی راستەقینە لەسەر کوردبوون، لەسەر ئازادی، لەسەر نیشتیمانی بوون ھەیە، لە پێناو بەرژەوەندییەکی دیاریکراوی حیزبیدا، دەبنە نوێنەری ئەویتری بێگانە.
ئەمڕۆ دوو پارتەکەی دەسەڵات_پارتی و یەکێتیی_ نوێنەرایەتی تورکیا دەکەن. چاوەروانکراوە سبەینێ نوێنەرایەتیەکە بگوازنەوە بۆ نوێنەراتی، ئێران، عێراق… ھتد. ھەرچۆن نزیکەی چەند ساڵێکە وەھمی ” ئەمریکا دەوڵەت بۆ کورد دورستدەکات.” بووەتە وەھمێک بۆیان و جەماوەری پێ فریودەدەن و، لەکۆتایشدا ئەو دیمەنانەمان بینی لە دوای ریفرۆندۆمدا ھیزەکانی دوو پارتەکە، بەبێ توانای بەرگری لە شەورۆژێکدا بەشێکی زۆری خاکی ھەرێمیان چۆڵکردن و ھەڵھاتن بۆ ئەو شوێنانەی مەترسی لەسەر نەبوو.
ئێستاش سەرکوتکردن، دەستگیرکردنی گەنجانی نارازی، دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران دژی سوپای بێگانە، چ لە شاری _سلێمانی، یان شیلادزێ و دھۆک_ سەرلەنوێ تازەکردنەوەی ئەو رۆحە دارزیوەیە ھەمیشە بە ئەویتری بێگانە دەڵێت: من خزمەتکاری تۆم و لە پێناوتۆدا، ئامادەم خەڵکەکەی خۆم بچووسێنمەوە. ئەوانەی بەرگری لەم رۆحە دارزیوە دەکەن، ئەوانەی بەرگری لەم کردە بێگانە پەرستییە دەکەن، لە ژێر ھەرناو بەرژەوەندییەکدابێت، ئەوانەن دوو پارتەکەی ناو دەسەڵات_یەکێتیی و پارتی_ بە درێژای مێژووی حوکمڕانییان خەریکی پەروەردەکردنی ئەم رۆحە دارزیوە بوون تا بۆ ھەموو کردەیەکی بێگانە پەرستی بیانوێک بھێننەوە و، بەرگری لەو رۆحە لاوازەی خۆیان بکەن.
دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی گەنجان لەبەر ئەویتری بێگانە، بێگومان ھیچ ئازارێک بە رۆحە شۆرشگێڕ و رۆحە بەرزەکەی کوردبوون نادات، بەڵکو جارێکی دیکە وزە دەخاتەوە بەردەمی و بەھێزی دەکاتەوە. ئەو گوتارە فریودەرەش لە ژێر ناوی کوردایەتی حیزبی و نەتەوەیی حیزبی، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی دژبوونە بە مرۆڤی سەربەرز و ئازاد، دژبوونە لە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی گوتاری نیشتیمانی، دژبوونە لەگەڵ ھەر کردە و بیرکردنەوەیەک نەیەوێت بکەوێتە ژێر سێبەری ئەو رۆحە لاوازەی خزمەت بە ئەویتری بێگانە دەکات. نوێنەرەکانی تورکیا لە ھەرێم بەخۆیان و رۆحە لاوازەکەیانەوە دژ بە گەنجان دەجوڵێنەوە، ئەم نوێنەرانە ھەمیشە لەبەردەم ھێزی بێگانەکاندا ھەڵھاتوو بوون و، لەبەردەم میللەتەکەی خۆیاندا خۆ بە پاڵەوان زان. بەڵام ئەم مۆدێلە تەنھا جێگای سەرسامی ئەوانەن ھێشتا جەوھەری بیرکردنەوە و کردەکانیان ناناسن و رۆحە لاوازەکە بووەتە شوناسی بوونیان. پاشان جوڵەکانی ھەردوو پارتەکە دژ بە ئازادی و سەربەستی و نیشتیمانی بوونی گەنجان ھەرگیز جێگای سەرسامی نییە، چونکە پەروەردە و ئاکاریان ھەر بەم شێوەیە ھاتووە و پێویستە لە وێستگە جیاوازەکاندا جارێکی تر ئەو شوناسەی خۆیان دووبارە بکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.