داھات و فرۆشی نەوتی ھەرێم و عێراق لەساڵی ٢٠١٨ لەنێوان ڕاستی و فریوداندا..

لەلایەن ستاندار Posted on 447 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ئاشکرایە وڵاتی عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە دادەنرێن بە وڵاتێکی نەوتی بەھۆی بوونی یەدەگێکی گەورەی نەوت کە بەنزیکەیی لە نێوان ((١٥٠ بۆ ١٦٠ ))ملیار بەرمیل نەوتی خاودایە و و بڕی یەدەگی نەوتی ھەرێمیش دیاریکراوە بە یەک لەسەر سێی ئەو بڕە نەوتە یەدەگەی عێراق کە بە نزیکەیی دەگاتە ((٥٠ ملیار بەرمیل نەوتی خاو)) و لە پاڵیشیدا ھەرێمی کوردستان خاوەنی بڕی(( ٧ر٥ تریلیۆن)) مەترسێجا یەدەگی غازی سروشتیە و کە ھەردوو((نەوتی خاو و غازی سروشتی)) دادەنرێن بە دووسەرچاوە گرنگەکەی وزەی ھەڵھێنجراو.کە ھەر وڵات و کۆمەڵگایەک خاوەنی ئەم دوو سەرچاوە گرنگە بن ،ڕاستەوخۆ دەبنە وڵات و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی و گەشەسەندوو و خۆشگوزەران و پڕ ڕەفاە،بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەبینرێت و خۆشمانی تیادا دەژین چ لە عێراق و چ لە ھەرێمی کوردستان ئەم دووسەرچاوە گرنگە نەبونەتە ھۆکاری خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەسەندنی وڵات و کۆمەڵگاکانمان،و بەپێچەوانەوە بونەتە ھۆکاری قەیرانی دارایی و برسێتی و بێکاری و نەخۆشی و ھەژاری و بێخزمەتی و بێبەش بوونی تاک و کۆمەڵگا لە بچوکترین قازانج لەو سەروەت و سامانە سروشتیە.
• جا ھەریەکە لە عێراق و ھەرێمیش بانگەشەی باشیو سەرکەوتوویی سیاسەتی خۆیان دەکەن لەکەرتی وزەدا،بەڵام ئەوەی لەسەر زەمینەی واقیع دەبینرێت بەپێچەوانەوەیەو دەرکەوتوە کە شکستخواردووترین سیاسەت پیادە دەکرێت لەو بوراە گرنگەدا و تەنھا قازانج بۆ حیزب و کەمینەی سەرکردە دەستڕۆیشتوەکانە نەک زۆرینەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.چونکە کەرتی وزە بەگشتی بەسیاسەت و پلانێکی زانستی و واقعی نابرێت بەڕێوە و دوورە لە شەفافیەت و ئاشکرایی بەڵکو ھەموان دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت و دەشارێتەوە و بەویست و خواستی دەستڕۆیشتوەکان ژمارەکان ڕێکدەخرێن و لەچوارچێوەی بەناو ڕاپۆرتی مانگانە و ساڵانەدا ئاشکرا دەکرێن.ھەر لەبەر ئەو ھەموو گومان و شکستخواردنانەدا لە کەرتی وزەدا لەم دواییانەدا لەلایەن پەڕلەمانی عێراقەوە لیژنەی تایبەت پێکھێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئیشوکارەکانی کۆمپانیای سۆمۆ((کۆمپانیای فرۆشتن و بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق))کە تائێستا و بۆ ماوەی زیاد لە ١٥ ساڵە ھیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە لە سروشتی کار و گرێبەست و فرۆشتن و پەیوەندیەکانی ئەم کۆمپانیایە،کە دەرکەوتوە گەندەڵیەکی گەورە و مەترسیداری تیادایە.ئەوەی لەھەرێمی کوردستانیش دەگوزەرێت و ھەر لەبەر بێمتمانەیی و بوونی گومان لە ئیدارەی کەرتی وزەدا بەناچاری حکومەتی ھەرێم کۆمپانیای ((دلیۆت))ی بۆ ووردبینی کردن ھێناوە بۆئەوەی بەسەر داھات و فرۆشی چەندین ساڵەی نەوتی ھەرێمدا بچێتەوە،ئەم کەرتە بارتەقای ھەموو کەرت و لایەن و بوارەکانی تری حوکمڕانی تاریک و ناشەفاف و بەنھێنی ماوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر کەم دەزانن کە چی دەگوزەرێت و بەقازانجی کێش دەگوزەرێت و دەسکەوت و داھاتی ئەم نەوت و غازی سروشتیە بە چ ئاڕاستەیەک دەگوزەرێت،ھەربۆیە بۆتە جێگەی گومان و سەرھەڵدانی دەیان پرسیار.
• ھەربۆیە ھەموو ئەو داھات و فرۆشی نەوتەی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت ھیچ کامیان جێگەی متمانە و ڕەزامەندی ھاوڵاتیان نین و تەنھا بۆ فریودانن و دوور و نزیک لەڕاستیەوە نزیک نین.
• بەپێی ئەم زانیاریانەی دەربارەی داھات و فرۆشی نەوتی عێراق وھەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران دەیانخەینە ڕوو ،ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە داھات و فرۆشی نەوت زۆر لەوە زیاترە کە ڕادەگەیەنرێن و دەکرێت بەو داھاتە زۆر وزەوەندانە لەعێراق و ھەرێمی کوردستانیش ھەنگاوی گەورەی ئاوەدانی و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی ھەڵبنرێت.
• ژمارەی مووچەخۆرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەدوای پڕۆسەی بایۆمەتریەوە بریتیە لە ((١٢٥٠٠٠٠)) فەرمانبەر
• کۆی مووچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەکەوت بریتیە لە(( ٨٥٠ ملیار دینار/ مانگانە))
• کۆی مووچەی فەرمانبەران بەم پاشەکەوتەی ئێستاوە بریتیە لە((٧٢٠ ملیار دینار/ مانگانە))
• لە مانگی ٢/٢٠١٦وە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە سەپێنرا
• لەمانگی ٣/٢٠١٨ وە بڕی پاشکەوتی مووچە کەمکرایەوە بۆ ئەوەی ئێستا ھەیە لەنێوان ((١٨ بۆ ٣٠% ))
• حکومەتی ھەرێم لە ئێستادا و بەم سیستەمی پاشکەوتە بەم جۆرە مووچە دابین دەکات:
١. بڕی ٣٧٥ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان
٢. بڕی ٣١٧ ملیار دینار لە حکومەتی عێراقەوە لەمانگی ٤/٢٠١٨وە
٣. بڕی ٢٥ملیار دینار لە ئەمریکاوە
کە کۆی ئەم پارانە دەکاتە ٧١٧ ملیار دینار..ھەربۆیە حکومەتی ھەرێم لەمانگی ٤/٢٠١٨وە توانیویەتی کە مانگانە و لەکاتی خۆیدا مووچە بدات.
• دوای ئەوەی کە میزانیەی ساڵی ٢٠١٩ی حکومەتی عێراقی پەسەندکرا لە ٢٤/١/٢٠١٩دا و بڕیاریشدرا کە پشکی ھەرێم ٦٧ر١٢% بنێرێت و بەمەش مانگانە حکومەتی ھەرێم بەم شێوەیە داھاتی دەبێت:
١. بڕی ٥٢٢ ملیار دینار حکومەتی عێراق دابینی دەکات
٢. بڕی ٣٧٥ ملیار دینار وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دابینی دەکات
٣. بڕی ٢٥ ملیار دیناریش ئەمریکا دابینی دەکات
کۆی ئەم پارانە دەکاتە ٩٢٢ ملیار دینار
• ھەربۆیە دەبێت لەمانگی ١/٢٠١٩وە حکومەتی ھەرێم سیستەمی پاشەکەوت ھەڵبگرێت چونکە پارەی تەواوی لەبەردەستدا دەبێت بۆ مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و بڕی ٧٢ ملیار دیناریش زیاد دەبێت.
• لەلایەکی ترەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٤/١١/٢٠١٨وە ڕایگەیاند کە دەتوانێت ڕۆژانە بڕی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو ھەناردە بکات
• کەواتە لەمانگێکدا ٤٠٠٠٠٠* ٣٠ ڕۆژ یەکسانە بە ١٢ ملیۆن بەرمیل
• ئەگەر نرخی ١ بەرمیل نەوت بریتی بێت لە ٥٥ دۆلار کە زیارتیش بوە
• ئەوا ١٢,٠٠٠,٠٠٠ بەرمیل *٥٥ دۆلار یەکسانە بە ٦٦٨,٢٥٠,٠٠٠ ملیۆن دۆلار
• ئەگەر ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٢٠٠٠٠ دینار دابنرێت
• ئەوا مانگانە داھاتی نەوتی حکومەتی ھەرێم بریتی دەبێت لە ٨٠١,٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠ ملیار دینار
• گەر داھاتی ناوخۆش لە((بەرھەمە نەوتیەکان و باج و رسومات و گومرک)) بریتی بێت لە
١٥٠ ملیار دینار
• ئەوا کۆی داھاتی مانگانەی حکومەتی ھەرێم بریتی دەبێت لە(( ٩٥١,٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠)) ملیار دینار
• کەواتە حکومەتی ھەرێم بەبێ یارمەتی ((حکومەتی بەغداد و ئەمریکاش)) دەتوانێت نەک مووچە بەپاشەکەوتەوە بدات ،بەڵکو دەتوانێت مووچەی تەواویش بدات بێ پاشەکەوت.و زیادەشی بۆ بمێنێتەوە بەبڕی ((١٠١,٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠)) ملیار دینار
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەی چەند وەختە بۆ مووچەی نەداوە ؟ یان بۆچی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی ھەڵنەگرتوە؟
• وەک دەردەکەوێت تەنھا داھاتی نەوتی مانگانە بریتی بوە لە(( ٨٠١,٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠ )) ملیار دینار
• بەڵام تەنھا بڕی ((٣٧٥ملیار دیناری )) داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە و ئەو بڕەی کە ماوەتەوە داویەتیەوە بە((قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکان و سوودی کەڵەکەبووی ئەو قەرزانە)) کە مانگانە بڕی ((٤٢٦,٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠))ملیار دینار بوە کە بەرامبەرە بە ((٣٥٥ ملیۆن دۆلار))ی ئەمریکی لەسەر حسابی مووچەخۆرانی ھەرێم.
• دەربارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێراقی بۆ ساڵی ٢٠١٩شدا
• بڕی داھاتی دەوڵەتی عێراقی بریتیە لە(( ١٠٥,٥٦٩,٦٨٦,٨٧٠,٠٠٠ ))تریلیۆن دینار
• کۆی پشکی ھەرێم بریتیە لە ٦٧ر١٢% و یەکسانە بە ١٣,٣٧٥,٦٧٩,٣٢٦,٤٢٩ تریلیۆن دینار
• بەڵام دوای لێبڕینی خەرجیە حاکمیەکان بڕی کۆی پشکی ھەرێم بە ٦٧ر١٢% یەکسانە بە ٨,٧٤١,٤٠٦,٠٢٦.٠٠٠ تریلیۆن دینار
• جارێکی تر کۆی پشکی ھەرێم دوای خستنە سەری پارەی گەشەپێدانی ھەرێمەکان و پڕۆژەکانی وەبەرھێنان یەکسان دەبێت بە ٨,٩٧٠,٤٦٧,٢٢٦,٠٠٠ تریلیۆن دینار
• داھاتە ناوخۆییەکانیش مانگانە بریتیە لە ١٥٠ملیار دینار ،واتە لە ساڵێکدا بریتیە لە ١,٨٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ تریلیۆن دینار
• کۆی ئەو دوو بڕە داھات و پارەیە لەساڵێکدا دەکاتە ١٠,٧٧٠,٤٦٧,٢٢٦,٠٠٠ تریلیۆن دینار
• بڕی کۆی مووچەی مانگانە بێ پاشەکەوت بریتیە لە ٨٥٠ ملیار دینار
• کەواتە ئەو بڕە پارەیە بەشی ١٢ مانگ و نیو دەکات کە مووچەی تەواوی پێبدرێت
• ئەم پشکەی ھەرێم بەندە بەوەی کە ھەرێم ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات کە
• لە ١ مانگدا دەکاتە ٧,٥٠٠,٠٠٠ بەرمیل نەوت
• ئەگەر نرخی ١ بەرمیل نەوت بە ٥٦ دۆلار دابنرێت وەک لە یاسای بودجەکەدا ھاتوە ئەوا مانگانە دەکاتە بڕی ٤٢٠ ملیۆن دۆرلاری ئەمریکی
• کە بە دیناری عێراقی دەکاتە ٣٥٥,٣٢٩,٩٤٩,٢٣٨ ملیار دینار کە نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١١٨٢٠٠ دینار دیاریکراوە
• ھەرێم بڕی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکات کەواتە بڕی ١٥٠٠٠٠ بەرمیل نەوتی بۆ دەمێنێتەوە
• کە مانگانە دەکاتە ٤,٥٠٠,٠٠٠ بەرمیل نەوت و
• پارەکەشی بە ٥٦ دۆلار دەکاتە ٢٥٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی
• بە دیناری عێراقیش دەکاتە ٢١٣,١٩٧,٩٦٩,٥٤٣ دینار
کە نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١١٨٢٠٠ دینار دیاریکراوە لە یاسای بودجەی دەوڵەتی عێراقدا بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە ئەم بڕە پارە و داھاتەش زیادەیە و ھەرێم دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت.
• کەواتە لە خراپترین باردا حکومەتی ھەرێم دەتوانێت مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابین بکات بەبێ پاشکەوت.بەڵام کە نایکات ئەوا گەلێک ھۆکاری حیزبی و بنەماڵەیی و گروپە دەستڕۆیشتوەکانی لە پشتەوەیەو چیدی ناکرێت ھاوڵاتیانی کوردستان بە مووچەی پاشکەوتکراو ڕازیبن و چەندین ساڵی تر بە قەیران و برسێتی و ھەژاری بیگوزەرێنن بەھۆی ھەڵەی سیاسەت و کارکردنی کۆمەڵە کەسانێکی دەستڕۆیشتوو لە حیزب و حکومەتدا.

خشتەی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم و عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨
13

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.