دەسەڵات و بەرھەمھێنانی ھوشیاری ساختە

لەلایەن ستاندار Posted on 659 جار بینراوە

لەشکر قادر ڕەسوڵ

دەسەڵات بەردەوام کار لەسەر پانتایەکانی ھوشیاری ساکاری جەماوەر دەکات و ھەمیشە پشگیری ئەو مەعریفەیە دەکات کە لەبەرژەوەندی حوکمڕانی خۆیدا بێت، دەنا بەھەموو شێوازێک دژایەتی دەکات. سەرکردە و نوخبەی سیاسی بەسەر ھەزارەھا خەڵکی بێ ئاگاو خەفڵەتزادەدا دەپەڕنەوە بۆ بەدیھێنانی تەواوی ئامانجەکانیان. ئەمەش بە سودوەرگرتن لە لاوازی بەشداری سیاسی تاک، نزمی ئاستی ھوشیاری، لەغیابی مەعریفەی زانستی لە زۆربەی ئاستەکانی کۆمەڵگەدا حزب دەتوانێ ئەو مۆدێلە پیادە بکات کە خۆی دەیەوێت. نوخبەی سیاسی زۆرجار فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتی، ئاینی، کولتووری و پەروەردەیی دەکات بە ئایدۆلۆژیایەکی بزوێنەر و لەوێشەوە دایدەبەزێنێت بۆ ئاستی ژیانی ئاسایی جەماوەر.
لەفەرھەنگ و ئەزموونی سیاسی دونیای ئێمەدا، دەشێ چەند ڕەھەندێک دەنیشان بکەین، کە تیایدا نوخبەی سیاسی کورد بەردەوام ڕوودەکەنە بەکارھێنانی زمانی ئاینی و ناسیۆنالیزمی وکولتووری و ئابووری….ھتد کۆی ئەو فاکتەرانە بەکاردێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەورووبەر و درێژەدان بەئەزموونی فاشی و ناعەقڵانی و نالۆجیکی خۆی. هەروەها بڵاوکردنەوەی ھوشیاری سیاسی ساختە و بەکارھێنانی ڕێگا و میکانیزمی جیاواز بۆ داپۆشینی عەیب و عار و ماکیاژکردنی دەسەڵاتی خۆیان.

ڕەھەندەکانی ئەم پرسە لەم چەند خاڵەدا دەستنیسشان دەکەم:

١. ڕەھەندی سیاسی: بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە باس لە ڕیفۆرمی سیاسی دەکرێت، بەڵام وەک ئاشکرایە گۆڕانی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە ڕوئیا و وێنای تاکەکان بەرامبەر ژینگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی بگۆڕێت. لەدەرەوەی ئەمە تەنها توێژی سەرەوەی شتەکان دەگۆڕێت، ڕۆناچێتە خوارەوە و ناتوانێت ماناو ناوەڕۆکی تازە بداتە چەمک و ڕوانینە جیهانییەکان. زۆربەی کات ئەم ڕیفۆرمە یاریەکی سیاسی ساختەی دەسەڵاتە و ئامانجی گەورە لێی خەیاڵی سیاسی و سۆسیۆلۆژی خەڵک داببڕێ لە ئامانجی باڵا و گۆڕانێکی بنچینەیی. تەنھا دەبێتە ئامرازێک بۆ درێژەدان بەواقێکی نامەعقول بەفۆڕمێکی نوێ، دەبێتە ماکیاژێکی خەست و خۆڵ و لە دەمووچاوی ناشیرنی دەسەڵاتی ھەڵدەسوون. چارەگە سەدەیەکە ئەم بزوتنەوە سیاسیانەی دونیای کوردی خەریکی بڵاوکردنەوەی ھوشیاری ساختەن بەناوی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیاسی، ئەم مۆدێلە نەک ھیچ شتێکی نوێ ناخوڵقێنێ، بەڵکو بەشێوەیەکی ڕەھا پێویستی بەگۆڕانێکی ڕادیکاڵی ھەیە، لە ڕێگای شۆڕشێکی فیکری و پەروەردەییەوە. دەشێت ئەم فکرەیە هاومانا بێت لەگەڵ ئەم دونیابینیەی کاڕل مارکس کاتێک دەڵێت: “ئێمە ناتوانین لە ھاوئاھەنگی نێوان پڕۆسەی گۆڕین و چالاکی مرۆڤ تێبگەین یان ڕاڤەیەکی عەقڵانی بۆ بکەین، ئەگەر کردەیەکی شۆڕشگێڕانە وجودی نەبێت”.

٢. ڕەھەندی ئاینی: دەسەڵات بەکۆمەڵێک پەیوەندی ئاڵۆز و نھێنی کاردەکات لەسەر پانتایەکانی ژیانی ئاینی، تیایدا ھەموو ئاراستەکانی ناو ئەم ڕووبەرە دەچێتەوە چوارچێوەی خزمەتکردن و مۆنۆپۆاڵکردنی لەلایەن دەسەڵات خۆیەوە. ئەمە بەشێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگە نەریتی و سونەتیەکان دەبینرێ کە تیایدا پانتایەکی فراوان دەکرێتەوە بۆ کایەی ژیان و ژیانکردن لەدەرەوەی سیاسەت. ئایدۆلۆژیای دەسەڵات دەچێتە ناو کایەی ئاینی بەجۆرێک دایدەڕێژێتەوە کە لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی پی بێت. بۆنموونە: دیاکردنی گوتاری ڕۆژی ھەینی لەلایەن دەسەڵات و وەزارەتی ئەوقاف، کردنەوەی مزگەوتی سەلەفیەکان لەناو جەرگەی سلێمانی و کارئاسانی کردنی لەلایەن گروپێکی سیاسی سۆشیاڵ دیموکرات و کۆکردنەوەی ھەزاران گەنج تیایدا، کە خەونیان گەیشتنە بە فیردەوس و وازیان لەگۆڕینی واقیعی کۆمەڵاتی و سیاسی ھێناوە. لێدان و کوشتن و دەرکردنی ھەموو ئەو مامۆستا ئاینیانەی کە گوتارەکانیان ناچنەوە خزمەتی ئایدۆلۆژیای دەسەڵات. ئاستێکی دیکەی ئەم کێشەیە لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێ کە مامۆستایانی ئاینی نەیانتوانیووە ھەڵگری بەرپرسیارێتی بن بەرامبەر کۆمەڵێک چەمک و بەھای دینی، وەک: داکۆکیکردن لە دادپەروەری کۆمەڵاتی، بەرەنگاری دژ بە فاشیزم، یەکسانی، ئەرک و مافی ھاوڵاتی …هتد بەڵکو گوتاری ئاینی زۆرجار چۆتەوە خزمەتی فاشیزم خۆیەوە. دەشێ لەم ئاستەدا ئاین ھێزێکی گەورەبێت بۆ خزمەتکردنی دەسەڵات و بچێتەوە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای سیاسی. ئاین بۆتە یەکێک لە پڕۆژەکانی دەسەڵات و لەڕێگەی پیلانەوە پڕۆگرامکراوە. ھەر ئەم ھۆکارەیە کە لای ”کاڕڵ مارکس” دین دەبێتە تلیاک و دەچێتە خزمەتی بەرەی دەسەلات و مانەوەی واقیع دژی شۆرش و گۆڕانکاریی.

٣. ڕەھەندی کۆمەڵایەتی: ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسی ڕێگا نادات ئاستی ھوشیاری تاکەکانی لە ئاستێکی دیاریکراو تێپەڕ بکات، لەم پینتەوە دەسەڵات و نوخبەی سیاسی لە ئامانجەکانی خۆیان نزیک دەبنەوە و ھەیمەنەی خۆیان دەسەپێنن بەسەر کۆمەڵگەدا، گروپە سیاسیەکان ھەمیشە پانتایەکی فراوان دەکەنەوە بۆ کایەی کۆمەڵایەتی و ڕووبەرەکانی ئەم کایە فراوان دەکەن بۆئەوەی ئاگایی و ھوشیاری تاک زیاتر وابەستەی کولتوور و واقیعە کۆمەڵایەتیەکان بێت، لەئاستێکی جێگیر و بەدواکەوتویی دژی گۆڕانکاری بمێنێتەوە. بەتایبەتی ئەمە لە کۆمەڵگەکانی جیھانی سێ بەئاشکرا ھەستی پێدەکرێت کەنوخبە خێڵەکیەکان (ئاغا و کوێخا و بەگ)، هەروەها بەھا و نەریتی کۆنەپارێزی کۆمەڵایەتی، کاریگەری بەرچاویان ھەیە لەسەر ڕەوتی سیاسی و یەکلاکردنەوەی کردە سیاسیەکان.
لەپاڵ ئەمەدا، سۆشیاڵ میدیا و پیشەسازی ڕاگەیاندن ڕووبەرێکی فراوانیان داگیرکردووە لەژیانی ئینسانی کوردی و پڕۆسەگەلێکی گرنگن بەدەست دەسەڵاتەوە و بەردەوام لەم ڕێگەیەوە خەریکی پڕۆسەی” بەنەزانکردنی خەڵکن”. ھەمووئەمانە ئامرازێکی گرنگن بۆ داپۆشینی شەرمی سیاسی و شەریعەتدان بەم مۆدێلە، بەشێوازێکی ئاراستەکراو کاردەکەن بۆ دروستکردنی ڕوداووی کۆمەڵایەتی نوێ، زقکردنەوەی ھەندێ دیاردەو و کێشە و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و لەدواجاردا بەجۆرێکی کاریگەر دەیانهێننە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەوە. لەم ڕێگەیەوە هوشیاری کۆمەڵایەتی پێ سەرقاڵ دەكەن و ئاراستەی ڕەفتار و سایکۆلۆژیای جەماوەر دەکەن، ئەم ڕووداوانە دەخەنە ژێر بارودۆخ و کۆنتڕۆڵکرد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.