جینۆسایدی یەکەم

لەلایەن ستاندار Posted on 340 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

ئایدۆلۆژیا شتێکە وەکو ڕستەی خەبەری، لە ئەخیرەکەیدا خاڵێک دانراوە.
بەڵام فکر نابێ بە خاڵ کۆتایی بێت، جوملەی عەقڵ ھەمیشە ماویەتی، خاڵ دانێ ی جوملەی بێ عەقڵیی دەستپێئەکات!

ئایدۆلۆژیا ھەمیشە دوو کەسە، کەسێک لە دوێنێدا بیری کردۆتەوە، کەسێک لە ئێستادا بیرناکاتەوەو ئەگەڕێتەوە بۆ کەسی یەکەم یەعنی بۆ دوێنێ.
لێرەدا ئایدۆلۆژیا پرۆسەی بە دوێنێکردنی ئەمڕۆیە، کەچی ھەمیشە بەڵێنی سبەینێیەکی گەشت پێ ئەدا!
لێرەدا ئایدۆلۆژیا ھەمیشە لەمسەرەوە بە عەقڵ دەستپێئەکاو دروستبوونی بەرھەمی عەقڵە، چونکە بیرکردنەوە ھەیە. ھەمیشەش بە بێ عەقڵیی کۆتایی دێو مانەوەی بەرھەمی بێ عەقڵییە، چونکە لەوسەرەوە بیرکردنەوەیەک نیە.

ئایدۆلۆژیا سیستەمی بیرکردنەوەیە لەسەر ئەساسی گەڕانەوە، گەڕانەوەش عادەتەن بۆ دواوەیە، ئاخر فیکرەکە عادەتەن لە مێژوودایە، یان موفەکیرەکە ھاوجیلی خۆتەو جوڵەکە بۆ تەنیشتە، ئیتر لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا تۆ ڕۆشتنێکت نیە بۆ پێشەوە! ئیتر لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا تۆ ناگەیت، چونکە لە ڕۆیشتن ئامانجت گەیشتن نیە، ئامانجت گەڕانەوەیە.

ئایدۆلۆژیا بڕیاری پێشوەختەیە لەسەر شتەکان، بڕیاری پێشوەختیش ھەمیشە نامەوزوعییە، چونکە ھەموو شتێک زەمەنی خۆی ھەیەو زەمەن بەشێکە لە زروفی مەوزوعی شتەکان، بەڵام پێشوەخت و پێشزەمەن نا.

لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا تۆ شتەکان ناناسیت، چونکە بەر خودی ئەوان ناکەویت، بەر ئەو تەفسیرە ئەکەوی کە ئایدۆلۆژیاکەت بۆی کردون. لە ئایدۆلۆژیادا ئەسڵەن وەزیفەکەت ئەوەنیە بگەیت بە ماھیەتی شتەکان، وەزیفەت ھەر ئەوەیە کە شتەکان بھێنیتەوە بۆ لای ئایدۆلۆژیا.

لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا پێشناکەویت، چونکە پێشکەوتن گەیشتن نیە بە ھیچ خاڵێک، ئەوەیە کە خاڵی کۆتایی نادیارەو ڕۆشتن بەردەوامە. بەڵام لە ئایدۆلۆژیادا خاڵی کۆتایی جگە لەوەی دیارە، ئەشکەوێتە دواوە!

لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا ناتوانی ئازادبیت، چونکە ئازادی یەکەم ئازادی عەقڵەو ئایدۆلۆژیاش کۆتی عەقڵە چونکە بەدیلی بیرکردنەوەت ئەداتێ کە بیری ئامادەیە.
بیری ئامادەش لەگەڵ بیری ئاودا لەوەدا لەیەک ئەچن، کە ئەگەر لەناو بیری ئاوەوە سەیری سەرەوە بکەیت، ھەموو دنیا ئەبێت بە بازنەیەکی بچوک کە تیرەکەی مەترێ مەترو نیوێکە. لەناو بیری ئامادەشەوە دنیا ھەر ئەونەیە، چونکە تۆ لە کونێکەوە سەیری ئەکەیت.

بەڵام ئایدۆلۆژیا زۆر کاریگەرە لە دروستکردنی وەھمی ئازادیدا، ئەمەیە کێشەکە!
ئیتر تۆش ھەر بەوە ئیکتفاناکەیت کە پێتوایە خۆت ئازادیت، بەڵکو کەڵکەڵەی ئازادکردنی دنیاو ئەوانیتریش ئەکەوێتە سەرتەوەو دنیاکەش لێرەوە خراپ ئەکەیت.

ئایدۆلۆژیا ئەگەرچی وەھمی ئیرادەیە، بەڵام لە ڕاستیدا خودی تەسلیمبوونە! چونکە پێشمەرجەکەی تەسمیبوونی عەقڵەو تۆ ھەموو شتێکت لەسەر ئەو تەسلیمبوونە بیناکردوە. تەنیا بیرکردنەوەیەکیش بەسە بۆ وەرگرتنەوەی عەقڵ و ڕوخانی بینا وەھمییەکە.

لە ئایدۆلۆژیادا ئەخلاق لەجێئەچێ، چونکە ئیتر ئایدۆلۆژیا سنور بۆ ئەخلاق بۆ دیاری ئەکات، سنورەکەش ھەر ھەمان سنوری ئایدۆلۆژیاکە خۆیەتی! ئیتر تۆ کە سنوری ئایدۆلۆژیاکە ئەبەزێنیت، ئۆتۆماتیکی سنوری ئەخلاقت بەزاندوە.

ئایدۆلۆژیا کێشەی لەگەڵ ھەندەسەی وجودی تۆدا ھەیەو ئەیەوێ بە نەوعێکی تر داتڕێژێتەوە.
لێرەدا کارلێکراو تۆیت، کەچی مافی ئەوەت نیە قسەت لەسەر شێوازی داڕشتنەوەی خۆت ھەبێت! ئەمەش کێشە گەورەکەیە، چونکە تۆ لە خراپترین دۆخی خۆتدا، ھێشتا باشتریت لە دۆخێک کە خۆت تیایا مەوزوع نەبیت.

کۆمەڵگا لە تاکەوە بینائەکرێتەوە، ئایدۆلۆژیاش ھەنگاوی یەکەم لە تاک ئەدات، چونکە یەک قاڵبی ھەیە بۆ ھەمووان، ئیتر بینایەکیش ناکات، چونکە لە ڕوخانەوە دەستی پێکردوە!

ئایدۆلۆژیا مەکینەی بەرھەمھێنانی لێکچوونە، کاری عەقڵیش بەرھەمھێنانی جیاوازییە. یەعنی ئەم دووانە ھەر بە سروشت پێچەوانەن و یەکێکیان ئەویتریان ھەر ئەوەستێنێ!
جا عەقڵ سروشتی تۆیەو جوڵەش سروشتی عەقڵە، مەیەڵە بوەستێ بۆئەوەی لە سروشتی خۆت دەرنەچیت و نەبیت بە ڕۆبۆت و بە وەحشی ئایدۆلۆژیا.

ئەگەرچی ھەر بە ناوەکەیدا یەکسەر خەیاڵت بۆ بابەتێکی عەقڵیی ڕووت ئەچێ، بەڵام لەڕاستیدا شتەکە تەواو پێچەوانەیەو ئایدۆلۆژیا سەربە دنیای عاتیفەو وروژاندنە، نەک دنیای عەقڵ و بیرکردنەوە! ئایدۆلۆژیا لە دنیای فکر، تەنیا ئیشی بە ھەنێ عینوان و شیعاراتە بەشی مەستبوون، نەک بەشی ئاگایی.

ئایدۆلۆژیاکان لەسەر مستەوای بیرمەندەکان، مەراحلی تەتەوری فکرە، بەڵام لەسەر مستەوای کۆمەڵگاکان وێستگەی وەستانی عەقڵە!
بەجۆرێک کە ھەر ئایدۆلۆژیایەک فەترەیەکی زەمەنی عەقڵی جەمع تیای وەستاوە، مرۆڤیش بە تەبیعەتە ئاژەڵییەکەی حەزی لەو وەستان و دووبارەبوونەوەو ئیستقرارەیەی ژیان ھەیەو کاتێکی زۆری ئەوێ تا بە تەبیعەتە مرۆڤییەکەی بیر لە گۆڕین بکاتەوە، چونکە گۆڕین شڵەژانە.

دنیا بە عەدالەت ئەڕوا بەڕێوە، عەدالەتیش ھیچ ئایدۆلۆژیایەکی ناوێ، تەفسیری ئایدۆلۆژیایەک بۆ عەدالەت خودی ناعەدالەتییە، چونکە ئایدۆلۆژیای ترو تەفسیری تریش ھەن. عەدالەت دوای ئایدۆلۆژیایە، ئایدۆلۆژیا تەنیا مژدەی عەدالەت و فریوی عەدالەتە.

بۆ ئەوەی خۆت لە ئایدۆلۆژیا ڕزگاربکەیت، قەناعەت بە خۆت بێنە (کە شتەکان وێنەی تریشیان ھەیە).
ھەر ئەوە بکە سیحری ئایدۆلۆژیات بەتاڵکردۆتەوە، چونکە ئایدۆلۆژیا یەک وێنەت ئەداتێ و سیحری خۆی لەسەر تاقانەیی ئەو وێنەیە بیناکردوە!
پێویستیش ناکا بکەویتە شەڕ لەگەڵ ئایدۆلۆژیاو وێنەکەی بدڕێنیت، با ئەوەی ئەویش لەپاڵ وێنەکانی تردا یەکێکبێت لە ئەگەرەکان، بەڵام ئەوەش بزانە کە ئەم ئەگەرە ھەمیشە لاوازترینە، چونکە ژیان ئەڕوا، وەلێ ئایدۆلۆژیا وەستاوە.
………..
ھیچ ھەر ویستم بڵێم، لە مانای حەرفیداو لە پێناسەی عیلمیدا شتەکە ھەرچی بێت، لە واقعی حاڵدا ئایدۆلۆژیا تەنیا جینۆسایدو چەکێکی کۆکوژەو ھیچی تر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.