لەساڵی (۲۰۱۹)دا چ بەشەخۆراکێک دەدرێتە هاوڵاتیان ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 373 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا 

ساڵانە لەنێو بودجەی پەسەندکراودا بڕەپارەیەک تەرخاندەکرێت بۆ کڕینی بەشەخۆراک کەمانگانە پێویستە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە، وبەپێی پسوڵەی خۆراک دابەشی بکات بەسەر هاوڵاتیانی عێراقدا بەهەرێمی کوردستانیشەوە .
لەو کاتەوەی بڕیاری دابەشکردنی بەشەخۆراک دەرچوە ساڵانە گۆڕانکاری بەسەر ئەو ماددانەداهاتوە کەدەدرێتە هاوڵاتیان ، ئەمەجگەلەوەی هیچ مانگێک لەکات وساتی خۆیدا نەبەشەخۆراک هاتوەودراوە ، نە ماددەکانیشی کەبڕیارە بدرێن ، هاوڵاتیان پێکەوە وەریانگرتوە .
لەساڵی (۲۰۱٤)وە لەبەرامبەر فەوتان وپێنەدانی بەشەخۆراکی مانگانەش هیچ جۆرە قەرەبوویەکی هاوڵاتیان نەکراوەتەوە ،و ئەم بابەتەش کەمترین باس وخواس وبەدواداچونی بۆکراوە بەتایبەت لەلایەن نوێنەرانی کورد لەبەغداد بەکوتلەی پەرلەمانی وحکومیشەوە .
یان ڕاستر بوترێت کێشەو ململانێ سیاسیەکان ئەم سێکتەرەو چەندین سێکتەری گرنگی تری لەباربردوە .
لەبودجەی ساڵی (۲۰۱۳)دا حکومەتی ناوەند بڕی ( ٤ ) چوارترلیۆن دینار تەنها بۆکڕینی بەشەخۆراک دابینکرابوو ، لەساڵی ( ۲۰۱٤)دا بڕی پارەی تەرخانکراو بۆهەمان مەبەست کرایە ( ٥ ترلیۆن و ٤۱٦ ملیاردو ۷٥۰ ملیۆن دینار ) پێنج ترلیۆن وچوارسەدوشانزەملیاردو حەوت سەدوپەنجا ملیۆن دیناری عێراقی .
کەچی هێشتا پێدانی بەشەخۆراک نە لەکاتی خۆیدا دەدرایە هاوڵاتیان نە لەڕووی کوالێتیشەوە ئەومادانەی دەدران لەئاستی پێویستدا بوون .
لەدوای هاتنەپێشی قەیرانی دارایی ودابەزینی نرخی نەوت وچەند هۆکارێکی تر ئیتر ئەو بودجەیەی کەبۆ کڕینی بەشەخۆراک دابین ودیاریدەکرا زۆرکەمکرایەوە تەنانەت تائاستی نیوەو خوارتریش .
بۆنمونە لەبودجەی ساڵی ( ۲۰۱٦) دا بڕی ئەو پارەیەی کەبۆ کڕینی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان تەرخانکرابوو تەنها ( ۲ ترلیۆن و ٥۰۰ سەدملیارد) دووترلیۆن وپێنج سەرملیارد دیناربوو .
گەربەراوردی بڕی پارەی تەرخانکراوی ساڵی (۲۰۱٤) و ( ( ۲۰۱٦) بکەین بۆهەمان مەبەست بەڕوونی دەردەکەوێت کە لەنیوە زیاتر بڕی پارەی تەرخانکراو کەمی کردوە .
بەم کەمکردنەوەش یان ئەوەتا نیوەی مانگەکانی ساڵ بەشەخۆراک دەدرێتە هاوڵاتیان یان بەشەخۆراکێکی ئێجگار کوالێتی نزم لەڕووی پێکهاتەوە .
هەرواشبوو بەهەموو ساڵی ( ۲۰۱٦) تەنها (٦) شەش جار بەشەخۆراکدرایە هاوڵاتیان کەدوومانگیشیان هێندە پچڕپچڕ درایە هاوڵاتیان کەهیچ خێزانێک بەئێستاشەوە ڕەنگەنەزانێت لەچوارساڵی ڕابردوودا چەندە بەشەخۆراکی وەرگرتوەو چەندیشی فەوتاوە .
مانگانەحکومەتی عێراق بۆخۆراکی مانگانە پێویستی بە ( ۷٥۰۰۰)حەفتاوپێنج هەزارتۆن شەکر + ( ۳۲۰۰۰)سی ودووهەزارتۆن ڕۆنی شل (زەیت) + ( ۱۰٥۰۰۰)سەدوپێنج هەزارتۆن برنج هەیە .
ئەوەی مەبەست وئامانجی نوسینەکەیە لێرەوە دەست پێدەکات ، ئەویش ئەوەیە کەبۆئەمساڵی ( ۲۰۱۹)یە حکومەت تەنها بڕی ( ۱ ترلیۆن و ٥۰۰ ملیارد) یەک ترلیۆن و پێنج سەدملیارد دیناری عێراقی بۆکڕینی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان دیاریکردوە ، کەئەم بڕەش هێندە کەمە بەشی کڕینی سێ یەکی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان ناکات .
بۆیە وەزارەتی بازرگانی عێراق هاواری لێهەستاوەو بەئاشکرا دەڵێت ئەوبڕە پارەیە کەبۆدابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دیاریکراوە کەمەو بەشی کڕینی ئەوخۆراکانە ناکات .
وەلیدموسەوی بریکاری وەزیری بازرگانی عێراق دەڵێ :
دابینکردنی پێنج کەل وپەلی خۆراکی مانگانە بۆساڵی ( ۲۰۱۹) پێویستی بە ( ٤ )چوارترلیۆن دینارە .
بۆیە گەر گۆڕانکاری لەدابینکردنی بڕی پارەی دیاریکراو بۆساڵی ( ۲۰۱۹)نەکرێت و ڕێوشوێن وشێوازی ترنەگیرێتە بەر ئەوا دوور نیە گرفت بۆبەشەخۆراکی هاوڵاتیان دروست نەبێت .
وەپێویستە هەوڵەکان لەکەناڵەجۆراوجۆرەکانەوە چڕتروپڕتربکرێنەوە هەم بۆزیادکردنی بڕی پارەی تەرخانکراو ، هەمیش بۆکڕین وهاوردەکردنی بەشەخۆراکی تەندروست وکوالێتی بەرز .
چونکە ڕاستە نەتوانراوە بەشەخۆراک لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بدرێتە هاوڵاتیان بەڵام بوون وپێدانی بەشەخۆراکی مانگانە هۆکارێک بوەو دەشبێت بۆڕاگرتنی باڵانسی نرخ و گران نەبوونی خۆراکی وشکە ، کەبەداخەوە لەئێستادا ( ۹٥٪)ی خۆراکی وشکە لەدەرەوە هاوردەی عێراق دەکرێت بەهەرێمی کوردستانیشەوە ، ئەوەش ئەو ڕاستیەمان بۆدەسەلمێنێت کە چ وڵاتێکی بەکاربەرین لەبری بەرهەمهێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.