رۆشنبیر و ئەرک و بەرپرسیارێتی

لەلایەن ستاندار Posted on 628 جار بینراوە

کمال محمد

ئەگەر سەیرێکی شۆڕشی ڕۆشنبیری و فیکری ریشەیی و بەرفراوانی ئەوروپا بکەین ،بەر لەھەمو شتێک پێویستە بگوترێت کە پێشڕەوەکانی ئەو شۆڕشە زۆر باش ،ئایین و زانست و فەلسەفەو ھونەرەکانی پێش خۆیان ھەرس کردوە ،زۆر ئاشکرایە لەسەر بنەمای ئەم ھەرس کردنە کۆمەکی خۆیان بۆ ئەو بوارە ئەنجامداوە ،ھەروەھا پێویستە ئەو راستییەش پەسەند بکرێت کە سەبارەت بە چۆنییەتی نزیکبونەوەی رۆشنبیرەکان لە حەقیقەتی کۆمەڵگای ئەوروپا کەمەودایەکی باشیان بریوەو لە بواری میتۆد و جێبەجێ کردنی دیموکراتی و ریفۆڕمی ڕۆشنگەرییەوە،

لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەراست پیاوانی ئاینی و کەنیسە ھۆکاری ئەو دۆخە ناسەقامگیر و چینە بۆرژوازییە بون کاتێک لەگەڵ پیاوانی دەسەڵات وپاشاکاندا دەستیان ھەبو لە جۆرێک لە خۆرافیات و کۆمەڵگایەکی دیماگۆژییانە ،بەڵام سەدەکانی دواتر لە ١٣ تاوەکو ١٨ کە بەسەردەمی رێنسانس ناسراوە بەھۆی ئەرک و بەرپرسیارێتی نوخبەیەک لە ڕۆشنیران و نوسەرانەوە توانی جوڵەیەکی نوێ بھێنێتە کایەوە تا سەدەی ١٩ کە بە سەردەمی رۆشنگەری و عاقڵمەندی ھەژمار ئەکرێت .لە ئیتالیا ماکیاڤیلی روناکبیر و نوسەر لە تێزێکدا لە کتێبی میر بەداینەمۆی رۆشنگەری ئیتالی و پارێزەری پارچەبونی ئیتالی دێت ، شۆرشی رۆشنبیری دەستی پێ کرد،لە فەرەنسا و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی ھەوڵ و ئەزمونەکانی گالیڵۆ و برۆنۆ و ئاراسمۆس و تۆماس مۆر … ھتد کەسایەتی و زانا ھاوشێوەکانیان کاریگەری ئەوتۆیان ھەبوە کە لە ناویاندا جان جاک ڕۆسۆ ئەبینرێت کەلە کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتی رۆسۆدا کە بە تێزی شۆڕشی ڕۆشنبیری دادەنرێت و وەک کتێبی ئینجیلی رۆشنگەری و عاقڵمەندی شۆرشەکانی فەرەنسا بەرز رائەگیرێت کە دواتر پروشکی ئەم شۆڕشە تا خۆرھەڵاتی ناوەراست دێت ،تا ئەو ڕادەی گەلانی ئەوروپا شانازی بە تێز و شۆڕشە ڕۆشنبیرییەکانی فەیلەسوف و نوسەرانیانەوە بکەن لێ ئێستاشدا ،

لە ھەرێمی کوردستانیش چەندین نوسەر و ڕۆشنبیر بونیان ھەیە و ھاتونەتە ئاراوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم چینە ڕۆشنبیرە لەکوێی کۆمەڵگا و سیسیتەمی سیاسی دەسەڵاتدارێتی و تەنانەت کایە کۆمەڵایەتییەکانیش توانیویانە جۆرێک لە ریفۆرم و ڕۆشنگەری بکەن و بتوانن کۆمەک بە راستینەی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی بکەن ؟بەڵام کاتێک چینێک لەم ڕۆشنبیرو نوسەرانە پێگەو زانستیان و قەڵەمەکانیان بۆ دەسەڵات و سەرمایە بەکار ھێناوە تا ئەو ڕادەیەی سەرمایەو دەسەڵاتیش زانست و نوخبەیەک لە رۆشنبیرەکانیان کردوە بە موڵکی خۆیان و کاریگەری ئەم ھەڵوێستە پارادیمیانە لەسەر رۆشنبیری و بە تایبەت لەسەر کۆمەڵگاش وێرانکەر بوە ،ئەمەش کاتێک روئەدات ئەم چینە نوسەر و رۆشنبیرانەی کە سەربەدەسەڵاتن ھەست بە ھیچ ئەندێشەیەکی ئەخلاقی و رۆشنبیری بە مانا راستەقینەکەی ناکەن و ھەمیشە ئەرکییان جوانکردنی ناشریینیەکانی دەسەڵات بوە لە ڕێگەی دامەزراوە میدییایی و حیزبییەکانیانەوە،

لە ھەرێمی کوردستان حیزب دەستی بەسەر زانکۆ و ناوەندە زانستی و رۆشنبیرییەکان گرتوەو لە میانەی بیرکردنەوە تەسکە حیزبییەکانیانەوە تەماشای سەرجەم دیاردەکانی زانست و رۆشنبیری ئەکرێت ،ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو پارادایمە زانستیانە زۆر پێشتر لە زانستی سەردەم و کۆمەڵگاش داببرێن و ئەوانەشی کە تیایدا خەریکی زانست و مەعریفەن زیاتر لەناو دیدگای سەرمایەو دەسەڵاتی حیزبی دابێت بۆ ئەوەی رۆشنگەری و ریفۆرم نەبێتە بەرھەمی پەرەسەندنێکی رۆشنبیری وەھا کە کۆمەڵگا لەئاستی شۆڕشدا بێت ،سەرەڕای ئەمانەش بەڵام نابێت تاکە تاکەی ئەو رۆشنبیرو قەڵەم بەدەستانەی دیکە بەرچاو نەگیرێت کە کەرامەتی رۆشنبیریی و دنیا بینی و پێگەکەیان پاراستوە و تاکە ئامانجیان بەرەوامکردنی ھەبونی کۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیر بوە لە پاراستن و گوزەرانیدا ، بەڵام بە ھۆی ئەوەی کەم و ریزپەڕن و نەتوانراوە دەستگرتنە حیزبییەکان و دەسەڵات بەلاوە بنێین و جۆرێک لە شۆڕش بەرھەم بھێنن .

بە درێژایی دەسەڵاتی جوت حیزب لە کوردستان لەرێگەی کڕینی نوخبەیەک لە نوسەران و رۆژنامەنوس و میدیاکار و رۆشنبیرەوە کۆمەڵگایەکی میدیاتیکیان بۆ خۆیان خوڵقاندوە و لە پێشخستنی پاوانەکانی فشار و چەوسانەوەی سەر کۆمەڵگا یارمەتیدەرێکی باشی ھەردو حیزبی دەسەڵاتدار بون ئەمە ئەو خاڵەیە کە پێویستی دەرکی پێ بکرێت کە زانست و پێنوسەکانیان بوە بە خودی دەسەڵات و لە ئامانجی دۆزینەوەو لێتوێژینەوەی پەیوەست بە راستینەی سیاسەت و کۆمەڵگا دابڕاون .

لە دۆخێکی وەھادا لە ھەرێمی کوردستان پێش ھەمو شتێک ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیران و نوسەرانە لە پێناو لەدەستنەدانی سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و پاراستنی کەرامەتی خۆیانھەوڵی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا بدەن و کارو خەبات و بۆچونەکانیان بە بەربەستکردن و وەستاندنی ئەم رەوشە بکەنە ئامانجی خۆیان و لە تەواوی ھەوڵەکانیاندا ھەم بەھەڵستکارێکی گرنگ بن و ھەمیش پێنوس و رەخنەکانیان لە چوارچێوەی رەھەندی بەرخودان و بەگژداچونەوەی سیستەمە شکستخواردوەکەوە بێت ،ئەو کاتە تاکە تاکەی ئەو حەقیقەتە زێڕینانە ئەدۆزرێتەوە کە بە درێژایی دەسەڵات ھەندێک لە نوسەرانی سەربەدەسەڵات ونیان کردوەو کەلێنی مەزن و ھەڵدێریان خستۆتە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگای دیموکراتی عاقڵمەندەوە ،بۆ ئەوەی ناویان بە جوانی لە مێژوودا بمێنێتەوەو جێگای شانازی نەوەکانی داھاتووش بن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.