ویست و داخوازییەکانی ئەمریکاو داواکاری و ویستی گەلەکەمان

لەلایەن ستاندار Posted on 351 جار بینراوە

ڕەشاد گەڵاڵی

سەردان و هاتنی شاندە یەك لەدوایەکەکانی ئەوروپی یاخود ئەمریکی بۆ عیراق و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتیش بۆ وڵاتانی خەلیج – مصر- ئوردن – سەرەتای دروستکردنی زەمینەو گۆڕانکاری گەورەو هەنگاو نان بەئاڕاستەی دروستکردنی بەرەو هاوپەیمانیەتیەکی فرەوانتری ڕەنگاوڕەنگ جیاواز ترلەپێشوو کە کۆکەرەوەو بەیەکەوەکارکردنی نەیارەکانی پێشوولەخۆدەگرێت بەئاڕاستەی کەمکردنەوەی هەژموونی ئیران و لاوازکردنی پێگەی تیرۆرستانی داعش و هاو شێوەکانی لە سەرجەم ڕووەکان لەناوچەکە بەدی دەکرێت ،

ئەوەی کەمێ ئاشناو توانای خوێندنەوەو جوڵاندنی ئەسپ و فیل و مەلیکی هەبێت دەزانێت چ دەگوزەرێت و چۆن و لە چ کاتێك کش دەکرێت ، بۆیە دەبێ بزانێت ئاستی پێشبینیە چاوەڕان کراوییەکان لەناوچەکەدا بەپێی سەنگ و قەبارە ڕوەو گۆڕانکاری گەورە هەنگاو دەنێ لە ناوچەکە بەتایبەتی لەسەر ئاستی هەردوو وڵاتی سوریا – ئیران ، بەپێی بۆچوون و خوێندنەوەی بەندە تورکیا بەدەرنابێ لەوگوشارانە مەبەست لێی بچوکردنەوەیەتی لەوسەنگ و قەبارەی هەیەتی کە بەردەوام کارتی ئاوارەکان وەك گوشار بۆ دەسەبەرکردنی دارایی لەبەرامبەر ئەوروپا بەکاردەهێنێت و زێدەڕۆیی لەتواناکان و بۆتەهەڕەشە لەسەربەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەناوچەکە ،

لەدەستپێکی هەنگاو گوشارەکان یاخود هەوڵەکان بەیەك ئاست و چڕتر لەپێشوو ڕێدەکا بەئاڕاستەی بچوکردنەوەو بەرتەسك کردنەوەی سەنگ و قەبارەی حەشدی شەعبی لەعیراق چونکە ئاڕاستەی ئەم هەنگاوە ناردنی پەیام و گوشارەکان کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر بچوکردنەوەو هەژمونی ئیران ، تورکیا و گێڕانەوەی هەردوو وڵات بۆ سەنگ و قەبارەی پێشوویان ،

سەرەتا ئەوهەوڵانە بەیەکێک لەهەوڵەچڕو نامە ئاڕاستە کراوەکانی شاندی ئەمریکاوئەوروپا دادەنرێت بەئاڕاستەی هاوپەیمانە کۆن و تەقلیدیەکانیان لەسەرئاستی خەلیج یاخود هەردوو وڵاتی ئوردن ، مصر بەئاڕاستەی دروستکردنی بەرەیەکی بەر فرەوان بەمەبەستی بچوکردنەوەی هەژمونی ئیران و کەم کردنەوەی گوشارەکانی ئەو وڵاتە لەناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی و دەستوەردانی سەربازی بەئاڕاستەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەدەرەوەی سنوری کۆماری ئیسلامیدا ،

هەرێمی کوردستان لەکوێی ئامادەباشی و گۆڕانکارییەکاندایە بەشێوەیەکی تر ئەوەی دەبینرێت تەنهاپاشقۆڵ لەیەك گرتن و جوڵەی بێ کردارە لەسەردەستی حزبێکی سیاسی باڵادەست لەهەرێمی کوردستاندا بۆیە ئاڕاستەو هەنگاوەکان ئومێد بەخش نین بەئاڕاستەی دەسەبەرکردنی داهاتووتێك کەئایندەی نەتەوەو نیشتمانی لەسەربینا بکرێت بۆیە دەکرێت ڕوانینمان وەك ئەو ڕوانینەی شانۆگەرییەکەی شاشەی تی ڤیەکان بێتا کەیەکێك لە ئەکتەرە بەڕێزەکان ڕۆڵی تیایدا بینیبوو دەیفەرموو ، ئەم جارەش هیچمان بەهیچ نەکرد ،

بەپێی خوێندنەوەو ڕوانینی بەندە لەسەر جوڵەوشێوازی کارکردنی دبلۆماسیەتی سەرکردایەتی سیاسی کورد بێت لەسەر هەمان ئاڕاستەو هەمان بەهەمان قەوانی سواو لێ دەدرێتەوە بۆیە گەلەکەمان لەدواین پڕۆژەی ئەمریکاو وڵاتی ناوچەکە دەسەبەری شتێک ناکات لەئاست گەورەیی بەخشینی قوربانیەکانی بێت چونکە سەرکردایەتی ڕوانینی لەیەك مەترو بەردەمی خۆی زیاتربڕناکات بۆیە چۆن لەدوای بەیاننامەی ئازار سەرکردایەتی ئەوسا بە فەرمانی ئەمریکاو بەبێ ئاگایی و بەنەزانی و بێ بوونی هیچ هەڵسەنگاندنێك گەڕایەوە شاخ و شاخی هەڵبژاردەوە ،

چۆن شۆڕشی کورد سودی نەبینی لەشەڕی ٨ هەشت ساڵەی ئیران ، عیراق و شۆڕشی ڕەوای گەلەکەمانیان بەقوربانیەکانەوە کردە بەشێك لەشەڕی هەشت ساڵە ئێستاشی لەگەڵدابێت دەست نیشانی بەرپرسیارێتی نەکرا ، چۆن ڕێکەوتننامەی پاریسیان هەرزان فرۆش کردو بەسێنیەکی پڕ لەزێڕوگەوهەرەوە هەرزان فرۆشیان کرد بەتورکیا و ئۆردوغان بەئاگا هێنرایەوە لەو ڕێککەوتن و پڕۆژەیەی دروستکردنی کیانێكی نیمچە سەربەخۆی لەچوارچێوەی عیراق بۆگەلەکەمان دەسەبەر دەکرد ،

بەبێ بوونی پلان و بەرنامەیەکی ڕوون تێوەگڵانمان لەشەڕی تیرۆرستانی داعش بێ هیچ سودو دەستکەوت و بەرامبەرێك ، بێ ڕێکخستنەوەی نێوماڵ ودەسەبەر کردنی ئاشتەوایی سیاسی وئاسایشێکی سەقامگیر و نەبوونی حکومەتێکی یەکگرتوولەسەرجەم ئاستەکان ، بێ ئەوەی پرس و ڕاوێژ لەگەڵ بەرەی نێو خۆو زۆرینە شیعەو بەرەی سونە بکرێت بێ لێکدانەوەوزانینی سەنگ و پێگەو هەژموونی دراوسێکانمان بەسەر بڕیارە چارەنوسسازەکاندا لەهەرێمی کوردستان ، ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم تەنهاو تەنها لەبەرژەوەندی تورکیاو بەئاڕاستەی لاواز کردنی ڕۆڵ و پێگەی گەلەکەمان بوو لەپڕۆسیسی دێمۆکراسی و خزمەت گەیاندن بوو بە داهاتووی داگیرکەرانی کوردستان

لەکۆتا دەڵێم ویست و داخوازییەکانی ئەمریکا و داواکاری گەلەکەمان خۆی لەدووخاڵ دەبینێتەوە چونکە لەدواین ساتەکانی جێ بەجێکردنی پڕۆژەکە گوزەردەکەین و گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە بەڵام نازانین و بێ ئاگاین لەشوێن پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێو نەخشەو ئەو گۆڕانکارییەگەورەیەدا ،

بۆیەدەڵێم ئەوەی لای چاودێران ڕوونەو دیارەلەهەرێمی کوردستان غیابی سەرکردەیەکی کاریزماونەتەوییە کەبتوانێت سەرکردەو ڕابەرایەتی کردنی قۆناغ و کۆکەرەوەو ڕێکخستنەوەی نێوماڵ و پاراستن و بەدی هێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەئەستۆ بگرێت ، بەئاڕاستەیەکی تر بەدیهێنەری ئامانجی باڵا لەدەست پێك و هەنگاوی یەکەمیدا بێت ، نەوەك ویست و ئامانجیان مانەوەو پاراستنی کورسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی بنەماڵە بێت لەنێو هەرێم وحزبەکانیاندا ،

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.