هەڵەکانی دوێنێ و دەرەنجامە خراپەکانی ئەمڕۆ

لەلایەن ستاندار Posted on 491 جار بینراوە 0 سەرنج
hiwa

هیوا حەسەن عەلی

ئەوەی لە18ی شوبات رویداو تەواوی سەرۆکایەتی پەرلەمان کەوتە دەستی لایەنێکی سیاسی ، روداوێکی تازەو چاوەڕوان نەکراو نەبوو، بەڵکو زەمینەیەکی دروستکراوی پێش وەختەی بۆ سازو ئامادەکرابوو چی لەلایەن پارتی کە براوەی یەکەمی ئەم گەمەیە بوو زانی چۆن سوود لە پەرتەوازەیی لایەنەکانی دیکە وەربگرێت، هەروەها هەڵەی لایەنە سیاسیەکانی بەرەی دژە پارتی و خەڵکی دەنگدەری زۆنی سەوزو نیلینیش بوون کە رێگا خۆشکەربوون بەوەی پارتی بکەنە هێزی یەکەم و بێ رکابەری سیاسی. بۆ شیکردنەوەی ئەو راستیەش پێویستە کەمێک ئاوڕ لە روداوەکانی رابردوویەکی نزیک بدەینەوە و ئەو هۆکارو هەڵانە بخەینە روو کە ئەم دۆغە نەخوازراوەی ئێستای تێدا بەرهەم هاتووە :ـ

1ـ هەڵەی گەورەی هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دروست نەکردنی بەریەکی هاوبەش بوو بۆ هەڵبژاردنەکان ، کەهەم خەڵکی ناڕازی بێ هیواکردو هەم رێگاخۆشکەر بوو بۆ ئەو تەزویرە زۆرەی کە لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە ئەنجام دراو پارتی کردە خاوەن نیوەی زیاتری کورسیەکان بە کورسیە کۆتاکانەوە کە لە ئەساسدا کورسی پارتییە.

2ـ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن زۆرینەی دەنگدەرانی زۆنی سەوزو نیلی کە زۆربەیان خەڵکی ناڕازی بوون ، زەربەیەکی کوشندە بوو هەم لەپرۆسەی دیموکراسی دراو هەمیش پارتی کردە خاوەن 45 کورسی کە ئەگەر بەژداری خەڵک بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاتر بوایە پارتی نەئەبووە خاوەن ئەوەندە کورسی.

3ـ لەدوای پرۆسەی هەڵبژادنیش ئەگەر نوێنەری یەکێتی لەپاڵ نوێنەرەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە کۆمیسیۆن واژوی لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان نەکردایە ، بێگومان دۆخەکە بەو شێوەیەی ئێستای لێ نەئەهات و دەرەنجامەکە بەشێوەیەکی دیکە ئەکەوتەوە.

4ـ لەدوای دەرەنجامەکانیش ئەگەر یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بە پرۆژەیەکی هاوبەشەوە کە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی لەسەروی بەرژەوەندیە حزبیەکانەوە بەرجەستە بکردایەو بەرامبەر پارتی بە یەک تیم گفتوگۆیان بکردایە بیگومان دەستکەوتی زیاتری بۆ خەڵکی کوردستان ئەبوو هەمیش حزبەکانی دەرەوەی پارتی بە قورساییەکی زیاترەوە بەشداری حکومەت و جومگەکانی دەسەڵاتیان ئەکرد. ئەمانە بەشێکن لەو هۆکارانەی کە کوردستان و پرۆسەی سیاسی گەیاندە ئاستێک کە مەترسی دوو ئیدارەیی و تەقینەوەی دۆخەکەو هەموو ئەگەرە نەخوازراوەکان لەهەموو کات زیاتر چاوەڕوان کراوبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *