ستاندە
«لەشکر قادر ڕەسوڵ»
پێشمەرجی پێشکەوتنی ھەر کۆمەڵگەیەکی ژیاری و شارستانی دروستبوونی کولتووری ڕەخنەیە، بۆ گۆڕانێکی ڕادیکاڵی لەھەر کۆمەڵگەیەک و بۆ ھەر سیستەمێک پێویستمان بەئامادەیی عەقڵێکی ڕەخنەیی جددی ھەیە. ھۆشیاریەکی ڕەخنەیی کە لەبونیادێکی عەقڵانی و لۆجیکی و زانستیەوە سەرچاوە دەگرێ.
لەھەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دونیادا دەربڕینی “ڕا” و ڕەخنە مافێکی بنەڕەتیە، بزوتنەوە ڕەخنەیاکان بەشداریەکی گەورریان ھەیە لە ئاراستەکردنی ھوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گۆڕانگاری لەکۆی کایەکانی کۆمەڵگەدا.
کولتووری ڕەخنەیی لەم ئێستایەی کۆمەڵگەی کوردی، بەئەندازەیەک سادە کراوەتەوە کەزۆربەی کات شۆڕنابێتەوە بۆ ئاستێکی قوڵی ڕەخنەی فیکری و بەرھەمھێنانی وشیاریەکی بەرزی ڕەخنەیی. ئەمە لە کاتێکدا ڕەخنەگرتن وردبینیی و عەقڵی زانستی گەورەی دەوێت کە تیایدا ھیچ تێکست و گروپ و بیرکردنەوەیەک بە موتڵەق سەیر نەکات، پیرۆزکردن و تەقدیسی تیانەبێت، شکۆ بۆ ھەرەسی پلوڕالیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بگەڕێنرێتەوە، بەڕەھا سەیرکردنی دونیا بەم فۆڕم و ناوەڕۆکی گروپە ئایدۆلۆجیەکان دەیانەوێت تێپەڕێنرێت. خودئاگایەکی ھزری و بەشداریەکی ڕەسەنی مەعریفی ئامادەبێ. لەدواجاردا بمانبات بەرەو بەئیرۆسکردن و بە عەقڵانیکردنی واقیع.
دەشێ بڵێین، ھیچ شتێک لە دونیای ئێمەدا بەقەد شوناس و کولتووری ڕەخنە ماناو دەلالەتی خۆی لەدەست نەداوە، ھیچ شتێک بەقەد ڕەخنە دانەبەزیوە بۆ ئاستێکی نزمی کۆمیدیی و بازاڕی. ئەم فۆرمە لەڕەخنە ناتوانێ بمانبات بەرەو کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنچینەویی و دروستکردنی دونیایەکی نوێ، توانای پێدانی فیکر و دونیابینی نوێ نییە بەم واقیعە نامەعقولە. زۆر جار کۆمەڵگە بە “کۆ” قسەدەکات دەنوسێت ڕەخنەدەگرێ، بەڵام لە دواجاردا بێدەنگیەکی گەورە دەبینی، تێدەگەی ھیچ شتێکی نوێی نە نووسیوە و نە ووتوە. ئەم ڕۆشنبیریە لاوازەی ڕەخنە ھیچ شتێک ڕاڤە ناکات بەڵکو خۆی ھەڵگری کۆمەڵێک ئیشکالە و خودی ڕەخنەکە و ھزری ڕەخنەگر خۆی دەبێ دووبارە ڕاڤەبکرێتەوە و شتێکی نوێ بەفۆڕمێکی عەقڵانی نوێ بڵێ، کە مەنتق و سەقافەی ڕەخنەی تێدابێت.
لای ئینسانی دونیای ئێمە ھۆشیاری و کەلتوری “ڕەخنە لەخۆگرتن” و ڕەخنە لەو حیزب و ئایدۆلۆژیایەی تاک بڕوای پێیەتی زۆر لاوازە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕەخنە نابێ بچێتە ناو ھیچ بازنەیەکی ئایدۆلۆژی و پێویستی بە ئامادەیەکی گەوەری عەقڵی زانستی و مەعریفە و لۆجیک و پڕۆسەیەکی دوورودێژی خوێندنەوە ھەیە. ڕەخنە، پێویستی بە خیتاب و بەلاغەتی عاتیفی و سادەکردنەوە نیە، وەکچۆن زۆرێک لە ئایدۆلۆژیستە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانی دونیای ئێمە ئەم کارە دەکەن. ڕەخنەی زانستی و عەقڵانی، پێویستی بە بڵاوکردنەوەی ھوشیاری ساختە و بەلارێدابردنی سایکۆلۆژیەتی جەماوەر نیە. بەقەد ئەوەی پێویستی بەخوێندنەوەیەکی لە ڕادەبەدەر وورد و دەقیق و بابەتی ھەیە.
ئەم ئیشکالەی ڕەخنە و غیابی ئامادەیی ڕەخنەی قوڵی عەقڵانی و زانستی، دونیای ڕۆشنبیری و ئەکادیمیشی گرتۆتەوە، تیایدا ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست ناتوانێ بەپێی تیۆر و لێھاتوویی، بەپێی ھوشیاریەکی باڵاتر لەواقیع و دوور لە ئایدۆلۆژیا ڕەخنە و بۆچونەکانی بخاتەڕوو. بەجۆرێک کەمترین کات ئارگۆمێنتی عەقڵانی و تیۆریی و زانستی لەوبارەیەوە دەخرێتەڕوو. ھەروەھا لەناو فەزای سۆشیاڵ میدیاو دەزگاکانی ڕاگەیاندن دا دروست لەپاڵ کولتووری بەرخۆری لەکۆمەڵگەی کوردیدا ” کولتووری ڕەخنە” ش مانای خۆی لەدەست داوە.
لە دونیابینی مندا، ئەم کەلتورە ڕەخنەییە ھیچ شتێک بەرھەم ناھێنێ و کۆتایی ھاتووە، ھیچ مەعریفە و بیرکردنەوەی نوێمان پێ نادات، نەک ھەر ئەمە بەڵکو پێم وایە ئەوەی لێرەو لەو ئێستایەدا دەگوزەرێ ھیچ ڕەبتێکی بەڕەخنەوە نیە و دووبارە دەبێتەوە خزمەتکاری سیستم.
کۆمەڵگەی کوردی ھیچ کاتێک وەکو ئیستا پێویستی بە سەرڕێگاخستنی ئاگایەکی سیاسی بڵند و بە ویقار نەبووە، بە ئامانجی چاکەی گشتی و گۆڕان لە کەلەپووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری ڕەخنەدا، بۆ ئاستێکی باڵا، کەتیایدا کۆمەڵێک ئارگۆمێنت و پرەنسیپی گەردوونی و ئەخلاقی بخرێتەڕوو بۆ داکۆکیکردن لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی سەرڕێگاخستی ئازادی و کۆمەڵێک بەھای باڵا. بۆ بەرھەمھێنانی مۆدێلێکی نوێ و بەعەقڵانیکردنی ڕەخنە و لەدواجاردا ئەم سەقافەیە بەشداری بکات لە خوڵقاندنی گۆڕانی ڕادیکاڵی لە سیستەم دا بەگشتی، و بەتایبەتی لەئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و پەروەردەیی دا…