لەیادی ڕاپەڕیندا: مێژوو وەک کابوس

لەلایەن ستاندار Posted on 174 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع 

نووسەری ئێرلەندی جێمس جۆیس لە شوێنکدا دەڵێت ”ھەندێک مرۆڤ ھەن مێژوو وەک زنجیرەیەک لە کابوس دەبینن و ئەزموون دەکەن“، دەشێت ئەم ڕوانینەی جۆیس بۆ ئاستی میلەتانیش بەرزبکەینەوە و بڵێین ھەندێک میلەت ھەن مێژوو وەک زنجیرێک لە کابوس وێنادەکەن. میلەتی ئێمە یەکێکە لەو میلەتانە و مێژووی دونیای دوای ڕاپەڕینیشی مێژووی بەکابوسبونی واقیعێکە، وابڕیاربوو خەونێکی گەورەی ئازادیی و خەیاڵێکی بەرپرسیاری دادپەروەریی و پرۆژەی ڕێزگرتن لە مرۆڤ، ئاراستەیبکات. سپێەدەی یەکەمی ڕاپەڕین یەکێکە لە ساتەوەختە ھەرە گرنگ و ھەرە جوان و ھەرە شیعرییەکانی ناو مێژووی ھاوچەرخی ئێمە. لەو بەیانییەدا میلەتێک کە بۆنی گازی کیمیاویی و بۆنی جەنگە گەورەکان و بۆنی ڕوخانی ھەزارەھا گوند و شارۆچکە، بۆنی ترس و بیمێکی کەموێنە، لە ساڵە قورسەکانی دەھات، لە ساتەوەختێکی ئەفسانەیی دەگمەندا، ھەستایەوە سەرپێکانی و بەگژ یەکێک لە ئەزموونە ھەرە ناشیرینەکانی دەسەڵات لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا تەقیەوە. بە زمانی ھانا ئارێنت بدوێم دەکرێت بڵێم سپێدەی ڕاپەڕین دەکرا ”سەرەتایەکی تازە“بێت بۆ دروستکردنی جیھان و مێژوویەکی جیاواز، دەرکا ببێتە ”سەرەتایەکی تازە“ بۆ خۆشویستنی جیھان و ڕێزگرتنی مرۆڤ، ببێت بە مێژوویەک بۆ ”مافی ھەبوونی ماف“، بۆ ”گەڕاندنەوەی متمانە بە یەکتریی“، بۆ دروستکردنی نیشتیمانێک بۆ ھەمووان کە دەستەبەرکردنی مافەکان چوارچێوە سەرەکییەکەی بێت و ”ژیانێکی گشتیی“ تێدابێت کە ھەمووان بە ژیانی خۆیانی بزانن.
ئێستا ٢٨ ساڵ دواتر، ٢٨ ساڵ دوای تێپەڕینی ئەو سپێدەی یەکە، ئەم ”ئەگەری سەرەتا تازە“یە و ئەو ھێزە بۆ خۆشویستنی جیھان، گۆڕاوە بۆ چەندان کابوسی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی کە مێژووی ئێمەی توشی ئیفلیجیەکی گەورە کردوە. ئەمڕۆ ھەرشتێک زیندووبێت ئەو سپێدەی یەکەمەی ڕاپەڕین زیندوونییە، بە کابوسبوونی دونیای ئێمە نەوەیەکی دروستکردوە ھەم گۆمانێکی گەورە و بەرفروانی لە شۆڕش و یاخیبوون ھەیە، ھەم لە ھەموو ئەو دروشمانەش کە بیانەوێت ھێما بۆ پرۆژەیەکی بەرپرسانەی گۆڕانکاریی بکەن. سپێدەی پڕ ڕەنگ و پڕ ئەگەری ڕاپەڕین گۆڕاوە بۆ واقیعێکی خۆڵەمێشیی و قەترانیی، لە شوێنی خەونە زیندوکانی ئەو سپێدەیە جۆرێک لە بەدەعەجانبوونی کافکایی دروستبووە کە دەسکارییەکی ڕادیکاڵی جیھانی ئێمەی کردوە. بەر لە ھەموو شتێک بڕێکی زۆر لە پێشمەرگەکانی جاران گۆڕاون بۆ جەردە و پیاوە نابەرپرسیار و گەندەڵ و بەڵتەجییەکانی ئەمڕۆکە. شۆڕشگێڕانی شاخ گۆڕاون بۆ بزنسمانە نیولیبرالە پڕ تەماحەکانی ئەمڕۆ کە بازرگانی بەھەموو شتێک و ھەموو بەھایەکەوە دەکەن، لەگەڵخۆشیاندا لەشکرێک لە پاسەوان دڵڕەق و بێویژدانییان دروستکردوە کە کاری سەرەکییان پاراستنی دەسکەوتە ناشەرعیی و جەردەییەکانی ئەوانە. کۆمەڵگایەکی پڕ ئومێد و چاوەڕوانیی پۆزەتیڤی گۆڕیوە بۆ کۆمەڵگایەکی نائومێد و وەڕس لە خۆی و بێزار لەو مێژووەی کە ھەم خۆی بۆ خۆی دروستیدەکات و ھەم ئەوانیتر بۆی دروستدەکەن. ئەوەی ئەمڕۆکە بڕێکی زۆر لە خەڵک دەیبینێت و ئەزموونی دەکات، وشکبوون و وەرین و ڕوخانی سپێدەی یەکەمی ڕاپەڕینە، کە تەپوتۆزەکەشی خەریکە وەک یاداوەریی لەیاددەچێتەوە. لە دوای ڕاپەڕینەوە بڕ و ڕادەی خودنەفرەتی، قەبارەی ڕقبوونەوە لە خود خۆی، بە ڕادەیەکی ترسناک گەشەیکردوە. دەتوانم بڵێم لە کەم میلەت ھەیە لە ئێستادا بەقەد ئێمە ڕقی لەخۆی بێت، کەم میلەتیش ھەیە ھێندەی ئێمە خوێندەوار و نووسەری ھەبێت کە ئەم خودنەفرەتییە تێمای ژمارە یەکی نووسینەکانیان بێت، بەبێ ئەوەی ئەم ڕقبوونەوەیە لە خود توانیبێتی ئاستە سایکۆلۆژییە سەتحیی و وێرانکەرەکەی تێپەڕندبێت و بووبێت بەھێزێکی دروستکەر.
لە ئێستادا و دوای تێپەڕینی ٢٨ ساڵ بەسەر سپێدەی یەکەمی ڕاپەڕیندا، ھەم بڕێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئێمە بەرەو ئەوە دەڕوات نەفرەت لەو سبەینێی یاخیبوونە بکاتە بەشێک لەو ڕقە مێژووییە کە لە خۆی ھەیەتی و لەو حوکمڕانە کابوسییانەش کە لە ھەناویدا دروستبوون. ھەم نەوەیەک لە دەسەڵاتدارانیش دروستبوون، کە بەھا و نرخ و ئامانج و ئیرادەی ئەو ڕۆژی یەکەمەی ڕاپەڕینیان لێبووە بە کابوس و وەک ھەڕەشە و وزەیەکەی نادیار بۆ گۆڕانکاریی دەیبینن کە دەشێت لە ساتێکدا بەڕوویاندا بتەقێتەوە. کۆمەڵگا گیری بەدەستی ئەو بکەر و دروستکەرانەی دونیای دوای ڕاپەڕینەوە خواردوە کە لە فۆرمی لەشکرێک لە کابوسدا ئامادەن و دەستیش بۆ ھەرشتێک ببەن دەیکەن بە کابوس، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارن گیریان بەدەستی ئەو ڕۆحیەت و خەون و بەھا و ئیرادەیەوە خواردەوە کە سبەینێی یەکەمی ڕاپەڕین خوێنێکی تازەی بە مێژووی ئێمە دەبەخشیی و خەڵکی بەگژ یەکێک لە سیستمە ھەرە ترسناکەکانی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەمدا، کردەوە. بەم مانایە گۆڕانی مێژوو بۆ کابوس لە دونیای ئێمەدا گۆڕانێکی دوو جەسەرەیە. لەسەرێکەوە کۆمەڵگا گیری بەدەستی کابوسە سیاسییەکانی ناو ھەناوی خۆیەوە خواردوە، لەسەرێکی دیکەوە ئەو کابوسە سیاسییانە گیریان بەدەستی بەھاکانی ڕاپەڕینەوە وەک کابوسێک خواردوە. ئەم کابوسە دووجەمسەرەیە ناتوانێت تاسەر بەیەکەوە و لەناو یەک جەستەی کۆمەڵایەتیدا، بژی. بەریەککەوتنی ئەم دوو کابوسە تەنھا مەسەلەی کاتە، کات وەک یەکێک لە فێڵە ھەرە گەورەکانی مێژوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.