ئەرکی حکومەت دوای ھەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە

لەلایەن ستاندار Posted on 236 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ئاشکرایە کە سیستەمی پاشکەوتی مووچە بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەتی ھەرێمدا بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی ژمارە ٦٤ لە ٣/٢/٢٠١٦دا سەپێنرا بەسەر مووچەخۆراندا و ماوەی زیاد لە ٣ ساڵی خایاند.کە بەھەق ٣ ساڵی زۆر وشک و برنگ و نەبوونی و برسێتی و قەیرانێکی دارایی توند بوو بۆ سەر ھەمووان.کە بەناھەق بەرۆکی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە،لەئەنجامی سیاسەتی ھەڵەی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەناوی ئابوری سەربەخۆوە(( کە خۆیان بە خراپترین بڕیاری حکومەتی ناوزەند دەکەن لە ژیانی سیاسیاندا)) کە بەداخەوە ھیچمان لێدەستنەکەوت تەنھا برسێتی و نەبوونی و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم نەبێت،کە لەئێستادا تەواوی دەسەڵاتەکانی ھەرێم کە پێش ساڵی ٢٠١٦ ھەیبوو ھەموانی گەڕاندەوە بۆ بەغدادی پایتەختی عێراقی فیدڕاڵ.ھەر لە کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوریەکان و فەرمانگەکانی ڕەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی و نشینگە و بەنداوەکان و پۆلیسی سنور و گومرک و…ھتد.
• لە ماوەی ئەم ٣ ساڵەی قەیرانی داراییەدا ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنیەوە گەلێک زیانی گەورەی پێکەوت و دەسەڵاتە سیاسیەکانی ھەرێم بچوکبونەوە و جوگرافیا پانۆپۆڕەکەی بەرتەسککرانەوە و ئابوریەکەی و ژێرخانەکەی لە داڕمانی تەواو نزیکبونەوە و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرەو لاوازی و لێکھەڵوەشان ھەنگاوی نا و باری ئەمنی کوردستانیش کەوتە بەر مەترسیەوە،لەگەڵ ئەمانەشدا تاک بەتاک و خێزان بەخێزانی ئەم کۆمەڵگایە کەوتە بەر مەترسی بێکاری و بێ مووچەیی و نانبڕاوکردن و تێکچوون و شڵەژانی باری ئابوری و وەستانی بازاڕ و جوڵەی بازرگانی و ئەنجامیش سەرھەڵدانی دەیان دیاردەی دزێو و ناشیرینی ناو کۆمەڵگا لە ھەژاری و بێکاری و نەخوێندەواری و ھەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و زیادبوونی تاوانەکان و …ھتد. لەپاڵ ئەمانەشدا توێژی مووچەخۆران بەگشتی زیانێکی گەورەیان بەرکەوت. بۆیە ھەق وایە کە حکومەتی ھەرێم بەچاوی ڕێز و تەقدیری زۆرەوە سەیری توێژی مووچەخۆران بکات کە بەوپەڕی لێبووردویەوە خۆیان ڕاگرت لەبەردەم ئەو قەیرانە داراییەدا کە ھەمووانی پەرێشان کردبوو.
• لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە دوای ھەڵگرتنی ئەم سیستەمە سەپێنراوەی پاشەکەوتی مووچە ئەرکی حکومەتی ھەرێم چیە؟ بەتایبەتیش کابینەی نۆھەمی حکومەت،چونکە لێکەوتە و کاریگەریەکانی ئەم بڕیارەی حکومەتی کاربەڕێکەر ڕووبەڕووی سەرۆکی حکومەت و کابینەی نۆھەم دەبێتەوە..
بۆیە ھەق وایە لەمەودوا و لەدوای بڕیاری لابردن و ھەڵگرتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە کۆبونەوەی ژمارە ٥٢ی خۆیدا و بە بڕیاری ژمارە ١٤١ لە ڕێکەوتی ٨/٣/٢٠١٩ دا، گرنگی گەورە بداتەوە بە کەرتی ئاوەدانکردنەوە و جوڵە و بوژاندنەوەی پڕۆژە ئەندازیاریەکان و چاوخشاندنەوە بە ژیان و گوزەرانی سەرجەم چین و توێژەکاندا .
ئاشکراشە لە ماوەی ئەو ٣ ساڵەی قەیرانە داراییەدا، ژێر خانی ئابوری کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەرەو خراپبوونی زۆر چوە ، لەکاتێکدا داھاتی حکومەتی ھەرێم لە ئایندەدا بڕە پارەیەکی زۆرە و بەشی گەلێک کار و پڕۆژە دەکات،کە بەم شێوەیەیە:
– پشکی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم مانگانە لە عێراقەوە ٥٢٢ ملیار دینار
-داھاتی نەوتی ھەرێم بۆ مووچە ٣٧٨ ملیار دینار
-داھاتی ناوخۆ زیاترە لە ١٥٠ ملیار دینار
-کۆی گشتی داھاتەکانی ھەرێم دەبێت ١ تریلیۆن و ٥٠ ملیار دینار
-موچەی تەواوی مانگانەی مووچەخۆران بێ پاشەکەوت بریتیە لە ٨٧٩ ملیار دینار
-کەواتە ١٥٣ ملیار دینار زیادەش دەبێت..
بۆیە پێویست بەوە دەکات کە :-
١. حکومەتی ھەرێم بە پلانی زانستی و واقعی کار بکات بۆ بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان و ھانی وەبەرھێنانیش بدات بۆ ئەوەی دەستبکەنەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە ئەندازیاری و خزمەتگوزاریەکان.
٢. بەھەمان شێوە ئەرکی حکومەتە کە بودجەی تایبەتی و پێویست بۆ ئەو بوارانە دابین بکات.
٣. ھەروەھا ئەو بڕە داھاتەی کە دێتە گەنجینەی حکومەتەوە بە شێوەیەکی شەفافانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ھەموانی بخرێتە خزمەتی ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان و دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ گەنجان لە کوڕ و کچان.
٤. بەپێی بەرنامەیەکی پێشوەختە و پلان بۆداڕێژراویش دەستبکاتەوە بە دامەزراندنی توانا گەنجەکان لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان .
٥. کاربکات بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٥ تایبەت بەدامەزراندنی ێندوقی داھاتە نەوتیەکان بۆئەوەی سەرجەم داھاتی نەوتی ھەرێم بچێتە ئەو ێندوقەوە نەک وەک ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەستی گرتوە بەسەریدا و وەک خێر مانگانە تەنھا بڕی ٣٧٨ ملیار دینار دەداتە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران.
٦. حکومەت ئەرکێتی کە قەرزی بەڵێندەران و کۆمپانیا ناوخۆییەکان بە بەرنامەیەکی زانستی بداتەوە و بانکەکان و سیستەمی دارایش ببوژێنێتەوە و گەشەی پێبدات.
• ئاشکرایە کە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە گەلێک گرنگ و کاریگەری گەورەشی دەبێت بۆسەر تەواوی سێکتەرەکانی ژیان ،بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە حکومەتی ھەرێم ھەستێت بە :
١.پلانی واقعی ھەبێت بۆ گێڕانەوەی ئەو بڕە پاشەکەوتکراوەی مووچەی مووچەخۆران بەشێوەیەکی لەسەرخۆ و مانگانە. کە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:-
– ((٤ مووچەی تەواوی ساڵی ٢٠١٥ و ١ مووچەی تەواوی مانگی ١٢/٢٠١٦ ))
– (( ١١ مووچەی ساڵی ٢٠١٦ و ١٢ مووچەی ساڵی ٢٠١٧ و ١١ مووچەی ساڵی ٢٠١٨)) بە پاشەکەوتەوە بەڕێژەی جیاواز کە لە نێوان ١٥% و ٣٠% و ٧٥% بوە کە بەنزیکەیی دەگاتە ١٠ تریلیۆن دیناری عێراقی.
٢.ڕٍێگەگرتن لە ھەڵاوسانی دراو و گرانبوونی نرخەکان لە بازاڕدا لەپێناو ڕاگرتنی بەڵانس لەنێوان ئەو بڕە پارەیەی کە دێتە لای فەرمانبەران و نرخی کاڵاو کەلوپەلەکان لەبازاڕدا.
٣. ئاڕاستەکردنی سوپاس پێزانین بە شێوەیەکی ئیداری لەلایەن سەرجەم وەزارەتەکانەوە بۆ فەرمانبەرەکانیان بۆئەوەی ببێتە مایەی ھاندان و پێشکەوتنی ١ مانگ لە سەرەمووچە و بەرزکردنەوەی مووچەکانیان لەبەرامبەر خۆڕاگرتنیان بۆماوەی ئەو ساڵانەی ڕابووردوو.
٤. دووبارە نەکردنەوەی سیاسەتە ھەڵەکانی ڕابوردوو بەتایبەتی لە بواری وزەدا ((نەوت و غازی سروشتی))کوردستاندا لەپێناو ڕێگەگرتن لە دووبارەبونەوەی قەیرانی دارایی و کارکردن بە دەستوری ھەمیشەیی عێراق و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی ھەڵە و سەرکێشیانە کە بەزیان بگەڕێتەوە بۆ ھەرێم و ھاوڵاتیانیش.
• بەم شێوەیە کابینەی نۆھەمی حکومەتی ھەرێم لەبەردەم کارگەلێکی گەورە و سەختیشدایە و دەبێت وەک تیمێکی پێکەوەیی و گونجاو و تەبا کار بکەن بۆ سەرخستنی نەخشە ڕێگاکە و بەرنامەکەی و ھەرچیکردوە دوور و نزیک نەچێتەوە سەر کار و کردەوە ھەڵەکانی کابینەی پێشوو.
ئەوکات دەکرێت قەیرانەکە لەماوەیەکی کەمدا کاریگەریە خراپەکانی سووک بکرێت و ژیان و گوزەران و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتیش لەسەرخۆ بگەڕێنەوە بۆ دۆخی جاران و ھەموانیش بە ژیانێکی پڕ شکۆ و کەرامەتەوە بژین و ھەلی کاری زۆر و خزمەتگوزاری باشتریش بۆ ھەموان بەبێ جیاوازی دابینبکرێت و پڕۆسەیەکی گەورە و سەرتاپاگیری چاکسازی و پاکسازی و دژە گەندەڵیش پیادەبکرێت و ئیدارە و دەسەڵات و حومکڕانیەکی ڕەشید و دادپەروەریش بێتە کایەوە بە پێکھێنانی کابینەی نۆھەمی حکومەتی ھەرێمەوە و مووچەخۆرانیش بەگشتی ھەوڵ و ھیمەتی خۆیان بخەنەوە گەڕ بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر وڵات و کۆمەڵگای کوردەواری کەوتوە و وڵات ئاوەدان و خۆشگوزەران بکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.