گرێ ی نازانم

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

ئەگەر زانین سەرەتایەکی ھەبێ، نازانمە، ئەوە نازانم و نەزانینە، کە دواتر ئەبن بە زانین و زانیاری. ئەگەر جەھلیش کۆتاییەکەی ھەبێت، گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەرەتایەی زانین، یەعنی بۆ نازانم!

عەیبەیی نازانم، ئەزانمێک بەرھەم دێنێ، کە ئەونەی ئەزانمی لابردنی عەیبەکەیە، ئەونە ئەزانمی زانین نیە! ئەونەی وەڵامدانەوەی کۆمەڵگاو ڕازیکردنی ئەوە، ئەونە وەڵامدانەوەی مەعریفەو ڕازیکردنی عەقڵ نیە! لێرەشەوە ئیتر زانین لە خودی خۆیدا مەوزوع نیە، لە ڕازیبوونی ئەودا مەوزوعە! لێرەشەوە ئیتر جەھل دەستپێئەکا، چونکە جەھالەت ھەر ئەوەیە کە زانین جگە لە عەقڵ، لەسەر شتێکی تر وەستابێت!

ئیتر تۆش ھەر بەوە ئیکتفا ناکەیت، کە درۆ لەگەڵ خۆت بکەیت و نازانمێکی ڕاستەقینە، بە ئەزانمێکی موزەییەف پینە بکەیت.. بەڵکو ئیتر وەھمی زانینت لادروستئەبێ و ھەر بەجدیی وائەزانی ئەزانیت! چونکە کە لە باوی کۆمەڵگادا “نازانم” ھەڵەبوو، ئیتر تۆ بزانی و نەزانی، ھەر وەڵامە ڕاستەکە ھەڵبژێریت کە ئەزانمە.

کۆمەڵگای دواکەوتوو، نازانم تێیدا عەیبەو ھەمووان ھەموو شتێک ئەزانن، چونکە کەسایەتی تاک شکاوەو شکاویی خۆی بە شتی تر پڕئەکاتەوە، مەسەلەن بە ئەزانمی بەردەوام و نەزیفی قسە!
کۆمەڵگای پێشکەوتوو، تاکەکانی ئازادن و نەشکێنراون و نەچەپێنراون.. ئیتر “کەسایەتی” خۆی پڕەو پڕکردنەوەی ناوێ.
ئیتر نازانمیش ئاساییەوە بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە ئەوترێ، ئەم نازانمانەش پاشەکشێیەکی باش بە زمان و قسە ئەکەن لەبەرژەوەندی عەقڵ و بیرکردنەوە، لەم بیرکردنەوەیەشەوە ئیتر ئەوان دواناکەون و بەردەوام پێشکەوتنی خۆیان بەرھەم ئەھێننەوە، وەکچۆن ئێمە لە قسەوە، ھەر دواکەوتنی خۆمان بەرھەمئەھێنینەوە!

چارەسەر دەسکاریکردنی کۆمەڵگایە لەرێگەی تاکەوە، دەسکاریکردنی تاکە لەڕێگەی عەقڵەوە، دەسکاریکردنی عەقڵە لەڕێگەی زانینەوە، دەسکاریکردنی زانینە لەڕێگەی نازانمەوە.

ھەر کۆمەڵگایەک، کۆمەڵێک گرێ بۆ تاکەکانی دروستئەکاو گرێکان لەپاڵ شتەکانی تردا بەشێکن لە ھاوبەشییەکانی ئێمە! کاری ڕۆشنبیریش ناسین و کردنەوەی ئەم گڕێ جەماعییانەیە. بەمەشبێت ئێمە ڕۆشنبیرمان نیە، چونکە ڕۆشنبیری ئێمە ھەمان گرێکانی عەوامیان ھەیەو لە گرێدا ھەموومان سەرمان لە دۆڵێکایە.
سەیرکە عەوامی ئێمە لە وەھمی زانیندایەو وائەزانێ ئەزانێ، ڕۆشنبیری ئێمەش تا ئێستا نەیتوانیوە بڵێ نازانم! ئەرێ قەت ڕۆشنبیرێکت بینیوە بڵێ نازانم؟؟

ڕۆشنبیری ئێمە، کاتێ دە پرسیاری لێئەکرێ، واباشە ھەمووی جواب نەداتەوەو لە وەڵامی دانەیەکیانا، گرنگە بڵێ نازانم! ئاخر لەئێستادا ئێمە، ئەونەی پێویستمان بەو نازانمەیە، ئەونە پێویستمان بە وەڵامە دراوەکانی ئەو نیە!
– بۆئەوەی بەر نازانم بکەوین و بەخۆمان بڵێین، نازانمێک بۆ فڵانی عیملاق عەیب نەبێ بۆچی بۆ ئێمە عەیبە؟
– بۆئەوەی بەخۆمان بڵێین، فڵانی عەلامە ڕێ بەخۆی نادا لەسەر ھەموو شتێک بڵێ، ئێمە بۆ لەسەر ھەموو شت بڕێسین؟
– بۆئەوەی ھانمان بدا بیربکەینەوە لە وەڵامە نەزانراوەکە، چونکە ئێمە تەنەکەی خۆڵ نین ھەر تێمان بئاخنن، ئەبێ بواریشمان بدەن بیربکەینەوەو ئەبێ بەشداربین لە پرۆسەی بیرسازی!
– بۆ متمانەبەخۆبوون و بیناکردنەوەی کەسایەتی، ئاخر تۆ کە وەڵامێک بۆ من بەجێدێڵی، وەک ئەوەیە پێمبڵێت، تۆش ھەیت! ڕۆشنبیریش ئەوەیە کە کۆتایی بە کەھانەت و بیرکردنەوە لەبەری ئەوانیتر ئەھێنێت و ئەیەوێ ھەمووان پێکەوە بیربکەینەوە. ئەوەی لەبری ئێمە بیرئەکاتەوە ڕۆشنبیر نیە، کاھینی ڕۆشنبیرییە.
– ھەروەھا بۆئەوەی بتی سەقافیمان لادروست نەبێ و کابرا جارجار لە ڕێگەی نازانمێکەوە، ئەو پەیامەمان بداتێ کە ئەو کامڵ نیەو نابێ بیپەرستین.

لە بابی گرنگیپێدانەوەو بۆ دروستکردنی کەسایەتی، گرنگە دایک و باوک و مامۆستا وەڵامی زۆرترین پرسیاری مناڵ بدەنەوەو بێزارنەبن لە پرسیارە زۆرەکانی.. بەڵام ھەر بۆ ھەمان مەبەست، گرنگە جارجار نازانمێکیشی پێ ی بڵێن! بۆئەوەی مناڵ فێربێت کە ئەو تەنیا لە وەڵامەکانی ئەوانیترەوە زانیاری بەدەست ناھێنێ، بەڵکو بیرکردنەوەی خۆشی ڕێگایە.
پێدانی زانیاری ھەموو کات خزمەت ناکات، ھەنێجار پێنەدان زیاتر خزمەت ئەکات، چونکە دواجار ھەردوکیان بۆ جوڵەی عەقڵەو پێدانی بەردەوامیش عەقڵ ئەوەستێنێ.

لەم وڵاتە ئەوەی زۆر سەرنجم ڕائەکێشێ ئەوەیە کە، جاری وایە لە پاسێکدا ژنێک و مناڵێک لە تەنیشتمەوەن، تا دائەبەزن قسە ئەکەن، شێوازی قسەکانیشیان زۆر جیاوازە لەو قسانەی دایکی ئێمە لەگەڵ مناڵ ئەیکات، شێوازەکە سین و جیم و وەعزو قسەی نێوان گەورەو بچوک نیە کە عادەتەن کورتبڕەو کەمی پێئەچێ، بەڵکو “حیواری نێوان دوو ئینسانە” بۆیە درێژەئەکیشێ و بەردەوام ئەبێت!
یان ھاوڕێیەکم مناڵێکی ھەیە، کە ئەیدوێنم زۆرجار لە قسەکانا ئەڵێ (بەڕای من..) منیش بە باوکی ئەڵێم، بێگومان ئەوە لە مەکتەب فێربووە نەک لە ئێوە، چونکە دایکوباوکی ئێمە سەر بە پەروەردەی وەعزو تەڵقینن و ناتوانن حیوار لەگەڵ مناڵ بکەن و وایلێبکەن کە ڕای ھەبێت! ئەویش ئەڵێ بەخوا ڕاستئەکەی خۆشمان سەیرمان لێدێ کە وائەڵێت.

بۆیە باسی دایک و باوک و مامۆستاو ڕۆشنبیرم کردو باسی مەلام نەکرد، چونکە پێگەی کەھانەت، لەسەر ئەزانمی بەردەوام و فرۆشتنەوەی وەڵامی ئامادە بیناکراوە! کابرا بڵێ نازانم، ئیتر قەداسەت و مەکانەتی ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوەو تۆش ئەچیت وەڵامەکە لە کاھینێکی تر ئەکڕیت.

لە شوێنێکیشدا ھەموومان مەلاین، چونکە کۆمەڵگای دواکەتوو پەیوەندییەکانی ستونییەو ھێشتا ھەر پەیوەندی نێوان گەورەو بچوکەو نەپەڕیوەتەوە بۆ پەیوەندی ئاسۆیی نێوان دوو تاکی بەرابەر! ھێشتا ھەر وەعزەو نەپەڕیوەتەوە بۆ حیوار! ھێشتا ھەر تەڵقین و کۆپیکردنەوەو لێکچوونە، نەک بەرھەمھێنانی بیرکردنەوەو جیاوازی!

ئیتر ڕۆشنبیرو مامۆستاش ھەر وەکو مەلا، ئەیانەوێ وەڵامێکی کامڵی پێرفێکتمان بدەنێ، نەک مانایەک کە “ئێمەو ئەو” پێکەوە تەواوی بکەین و بەرھەمی بھێنین!
ئێمە وەکچۆن لە مەشروعی مەلادا بەشدارینین و تەنیا وەرگرین، لە مەشروعی ڕۆشنبیرو پەروەردەشدا ھەر نابەشدارو وەرگرین و ئەم سیانە ھەرسێکیان پێکەوە بەربەستن لەبەردەم پێگەیشتنی کەسایەتی و عەقڵی ئێمە، چونکە ھەرسێکیان ھەر بچوکیی و وەرگریی ئێمە تۆخئەکەنەوەو نایەنە پەیوەندییەکی ئاسۆییەوە لەگەڵماندا.

وەڵامەکانی ڕۆشنبیرو مامۆستا، ئەشێ پرسیارو گومانم لادروستبکاو عەقڵم بجوڵێنێ.. بەڵام ئەشێ فاستفودو کەرەستەی حازربەدەستیشبێ و ھەروەکو وەڵامەکانی مەلا بیکەمە بەدیلی بیرکردنەوە.
پرسیارێک ئەشێ چەن وەڵامێکی ھەبێت، گرنگترینی ئەو وەڵامانە نازانمە، چونکە نازانمی تۆ، تۆپی بیرکردنەوە ھەڵئەداتەوە ساحەی من.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.