ستاندەر
بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت، پارتی چاوەڕێی وەڵامی كۆمەڵی ئیسلامییە، كۆمەڵی ئیسلامیش چاوەڕێی ئەو حیزبەیە سەردانی بكات و گفتوگۆی راستەقینەیان لەگەڵدا ئەنجام بدات.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی رایگەیاند: “سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیمان كردووە، ئەوانیش سەردانی پارتییان كردووە، بابەتی بەشداریكردنیان لە حكومەت بە كراوەیی باسكردووەو ئەوەمان نیشاندا بەشداربن لە كابینەی حكومەت، بەڵام تائێستا وەڵامی پارتییان نەداوەتەوە”.
رێبوار حەمەد، وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی بە ڕۆژنامەی زەمەنی ڕاگەیاند: “تائێستا بڕیاری بەشداریكردنی حكومەتمان نەداوە، پێویستمان بەوە بووە بەرچاوڕوونبین لە بەرنامەی حكومەتو پێكهێنەرەكانی، راستە پێشتر دوو كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتیدا هەبووە، بەڵام گفتوگۆی جدی لەسەر پێكهێنانی حكومەت نەكراوە، هەركاتێك گفتوگۆی جدی كراو تێگەیشتین، ئەوكاتە بڕیاری خۆمان بە بەشداریكردن یان نەكردن دەدەین”.
وتیشی: “ئەو دوو كۆبوونەوەیەی كراوە گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەت كراوە، بەڵام بابەتی سەرەكی هەردوو كۆبوونەوەكە پەیوەندییەكانی هەردوولا بووە، لەبەرئەوەی گفتوگۆی جدیی بۆ بەشداریكردنمان نەبووە، قسەمان لەسەر پۆست و بەركەوتەكانمان نە لە كۆبوونەوەكان نەلای خۆیشمان نەكردووە، ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە ئەم حكومەتە تاچەند ئیرادەی چاكسازییو گۆڕانكاری هەیە لەو ڕوانگەیەشەوە بڕیار دەدەین”.