ئاساییش؛ ئامرازی ئارامیی و داپڵۆسین

لەلایەن ستاندار Posted on 264 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

ئاساییش ئەگەر ئەرکی خۆی جێبەجێبکات دەتوانێت دز بگرێت و ئارامیی شار و سەر و ماڵی وڵاتییان بپارێزێت، وەک نمونەی دەستگیرکردنی دزەکانی موچەی فەرمانبەرانی تەندروستیی سلێمانیی. تەواوی خەڵکیش دڵخۆش دەبن و ھەستدەکەن ھێزێک ھەیە لە دەستدرێژیی ئەوانیتر دەیانپارێزێت.
خۆ ئەگەر ئەرکی ئاساییش ببێتە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی حیزب و بنەماڵەکان، ئەوا دز و چەتە و مافیاکان دەپارێزێت کە لە لوتکەی دەستەڵات دان. دیموکراتخوازان و ئازادیخوازان راپێچی زیندان دەکات و دەزگاکانی راگەیاندن و رێکخراو و حیزبەکان دادەخات. چەند بنەماڵەیەکی بچوکی دەستەڵاتدار و سەرمایەدار دەپارێزێت و خۆیشی دەبێتە کۆنترۆڵ بەسەر کۆمەڵگاوە. ھەڵدەکوتێتە سەر خۆپیشاندان و گردبونەوەکان. تانکەری نەوتی دزراو دەپارێزێت. دەبێتە ناشیرینترین ئامرازی داپڵۆسینی دەستەڵات.

بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستاندا ئاساییشێکمان نییە ئەرکی یەکەم جێبەجێبکات -ھەندێک جار نەبێت-، بەڵکو ئاساییش فەرمانی حیزب و بنەماڵەکان جێبەجێدەکات، بۆیە ئاساییشی یەکێتیی و پارتیی ھێندەی وەک ئامرازی داپڵۆسین و دڵڕەقیی دەبینرێن، ھێندە وەک ئامرازی ئارامیی و سەلامەتیی نابینرێن. بەنیشتیمانیکردنی ھێزەکانی ئاساییش و پێشمەرگە، گێڕانەوەی کەڕامەتە بۆ ئەو دو ھێزە. ھێزی حیزب و بنەماڵەکان خاوەنی کەڕامەتی نیشتیمانیی نییە، نیشتیمانییانیش بە ھێزی خۆیان نازانن. ھەمیشە دیموکراسیی و حوکمی قانون و ریفۆرم لەژێر مەترسیی دان تاوەکو میلیشیا حوکمبکات. لەژێر حوکمڕانیی میلیشیاکاندا، دیموکراسیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی بەدەستنایەت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.