مۆنۆپۆڵکردنی پەڕلەمان

لەلایەن ستاندار Posted on 190 جار بینراوە 0 سەرنج
Dler Hussen

دلێر حسێن پیرۆمەری

لەدونیای مۆدێرن و حوكمڕانی دیموكڕاسیدا پەرلەمان باڵاترین دەستەڵاتی بڕیاردانە چونكە گشت دەستەڵاتەكان بەپێی یاسا ڕێك دەخات، بنەما بۆ ھەموو بڕیارە سادەو سیادیەكان دادەڕێژێت، وەلێ لەوڵاتە حوكم داسەپاو و شمولیەکان پەرلەمان كراوە بەماکیاژێکی جوان بۆسەرکردەی دیکتاتۆرو دەست و پێوەندەکانیان کە هەمیشە لەژێر شەرعیەتی درۆینەی پەرلەمانەکەیان خۆیان مەڵاس داوە، کارو سیاسەتی ناشەرعی خۆیانی پێ دەشەرعێنن.
لەهەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمان ساڵێک دوای ڕاپەڕین ئەنجامدرا، ئەگەر دیراسیەکی وردی هەڵبژاردنی خولەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كەهەڵبژاردنەکان نەبونەتە جێ ئومێدی هاوڵاتیان و نوخبەی سەقافی و چاودێر، تەنانەت جێی خۆشحاڵی دۆستە دەرەكیەكانی كوردیش نەبووە، بەڵکو زیاتر ڕەهەندی قەڵغانی پاراستنی عەیبەی حكومەتی حیزب و بنەماڵەی وەرگرتووە، وەک لەوەی ڕەهەندی مەرجەعیەت و یاسادانان وچاودێری و بڕیاردان.
هەمیشە حیزب و دەسەڵاتدارەکانی حیزب هەوڵیان داوە هەژمونی حیزب زاڵ بکەن بەسەر پەڕلەمان، کۆپی هەیکەلەی حیزبی بكەن کەبنەماڵەیەکی موعەییەن حوكم دەگێڕێ تێیدا لەپەرلەمانیش دووبارەی بکەنەوە، لەڕووی یاساییەوە ئەنجامی هەڵبژاردن تەحەکوم بەپەڕلەمان دەکات بەڵام بەئاراستەی بەرژەوەندی گشتی بێت بەسود وەرگرتن لەبەرنامەی سیاسی ئەحزاب لەپێناو ئیصلاح لە یاساکان و چاودێری ڕەشید بەسەر دامەزراوەکان، نەک پەڕلەمان بخرێتە بەرژەوەندی حیزب و اشخاص و ببێتە ماڕکێتێکی گەورە بۆپەیداكردنی پارەو لۆبی بازرگانی.
لەهەڵبژاردنی خولەکانی ڕابردوو پەرلەمانی كوردستان بەتەواوی بەمۆنۆپۆڵی حیزبی ڕەنگی گرتووە، بەتایبەت لجانی ئەساسی و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان كە لەسێ كەس پێكدێت، پاییەی ئەساسی پەڕلەمانە چونکە کارنامەی کۆبونەوەکان ئامادە دەکات و بەرنامەو کاتی کۆبونەوەکان لەدەسەڵاتی ئەودایە، بەڕەزامەندی دوو لەسێ کەسەکە.
جگە لەخولی چوارەم لەتەواوی خولەكانی تردا دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان مۆنۆپۆڵکرابوو لەبەرژەوەندی دەسەڵاتداران و هیچ کاتێک نەبۆتە جێگەی دڵخۆشی و ئومێدی خەڵک.
دوای ئەوەی لەهەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستان گۆڕانکاری گەورە لەڕیزبەندی حیزبەکان ڕوودەدات، حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداری کردن لەحکومەت و پەڕلەمان دەدات ئیدی ئاهێک بەبەر پەرلەمان و دیموکراسیەتدا دێتەوە دەبێتە هەنگاوێکی گرنک بۆ ڕزگارکردنی دەستەی سەرۆکایەتی و لجانە ئەساسەكان لەمۆنۆپۆڵی حیزب، کەئەمەش نەک ڕەزامەندی دەسەڵات نەبوو بەڵکو کاردانەوەکان بە داخستنی پەڕلەمان کۆتایی پێ هات و بێ ئومێدی كۆمەڵگەی دروستکرد، ئیدی بەشێوەیەكی گشتی تاك متمانەی بەهەڵبژاردن و خودی دامەزراوەی پەرلەمان نەما.

ئەوەی لەئێستادا گرنگە، ئەبێ خەڵک و دامەزراوەکان ئاشت بکرێنەوە چونکە بێ بەشداری خەڵک لەهەڵبژاڕدنەکان و موماڕەسەکردنی مافی شەرعی خۆیان کە چوار ساڵ جارێکە بە دەنگدان، ئەستەمە بتوانرێ دەستاو دەستی ئاشتیانەی دەسەڵات بکرێ و پەڕلەمان لەمۆنۆپۆڵی حیزبی و شەخصی نەجاتی بێت.
بۆیه زەروورە لەو خولەی ئێستای پەڕلەماندا خەڵک ئاشت بکرێتەوە شکۆ و هەیبەت بۆ دامەزراوەکە بگێڕدرێتەوە، بەبێ ئەمە مەحاڵە سەرکەوتوبن، ئەگەر وانەكرێت خەڵک زیاتر بێ ئومێد دەبێت لەهەڵبژاردنەکان، ھەڵبژاردن زیاتر بەرەو ڕواڵەتی دەچێت، بەرەو ڕێژەی بەشداری درۆینەو پڕساختەکاری دەڕۆن و کەمترین خەڵک بەشدار دەبێ لەو پڕۆسەیە كە بۆ ئایندەی دیموكڕاسی گرنگە، ئەوكات زەروورەتێک نامێنی بۆ بوونی دامەزراوەی پەڕلەمان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *