لەتیف فاتیح فەرەج
لە ئەڵمانیا سەرەڕای ئەوەی کە براوەکانی شەڕ بەرلینیان وێرانکرد، سەرەڕای ئەو ھەموو نەھامەتیەی لەو شەڕەدا بەسەر ئەڵمانەکان ھات، بەڵام لەبەرئەوەی زیندوون، ھەستانەوە، ھەستانەوەو ھیتلەرو نازیشیان بەر نەفرەتی مێژوو خست، لەوێ شانازی کردن بە ھیتلەرو نازیزمەوە کوفرو تاوانە، ئەوە بۆیە لە دوای شەڕی جیھانی دووەمەوە ناخی نازییانە لە ئەڵمانیا بەرە بەرە پاشەکشەی کردووە، لەوێ نازیزمەکان و راسیزمەکان ئەگەر ھەشبن ناتوانن بە ئاشکرا خۆیان نیشانبدەن، راستە تائێستا رقبوون لە سەر ڕەش و رۆژھەڵاتی بوونی ھەیە، بەڵام کەس بە ئاشکرا ناتوانێ رەش بە نەفرەت کات، لێ ھەموو رۆژ نازیەکان بە نەفرەت دەکرێن.
سەدام و بەعس ھیتلەرو نازی عێراق بوون، سەرەڕای ریشەکێش کردنی بەعس لە سەردەمی بریمەردا، لێ ھێشتا بیرکردنەوەی بەعسیانە، ناخی بەعسیانە، خۆسەپێنی بەعسیانە لە عێراق و کوردستانیش بوونی ھەیە، ھەندێک جار ئەوانەی بەگژ سیاسەتی بەعسدا دەچنەوە، بەگژ بیروباوەڕی بەعسدا دەچنەوە، نەفرەت لە بەعسیەکان دەکەن، لە خۆسەپێنی و بوارنەدان بەوی تردا لاساییکەرەوەی بەعسین، لە راستیدا بەعس نەماوە، بەڵام زۆرجار بە نێوی رەوایدانەوە بە ڕووحی خۆپەسەندی ھەندێک خەڵکی سیاسی، رۆشنبیر، تەنانەت پیاوانی ئاینی لاساییکەرەوەی ھەمان ناخن .
بەعسیەکان خۆیان لە ھەموو ئەوانی تر پێ باشتر بوو، لایان وابوو کاتێ ئەوان قسە دەکەن، دەبێت ھەموو ئەوانی تر گوێبگرن، پێیان وابوو ھەقیقەت ھەر لای ئەوانە، ئەوان ھەموو خەڵکیان دەبەعسان، حزبی بەعس خۆیشی حزبێکی عەرەبی بوو، ئەوان خۆیان بە ئاقڵتر لە خەڵکی تر دەزانی، پەروەردەی بەعس بەو جۆرە بوو کە ئەو حزبە باشترینە لە دنیای عەرەبدا، ھەموو ئەمانە لە دەرەوەی کوشت و بڕو لەناودانی بە کۆمەڵ و ئەنفالدا نمایش دەکران، یانی بەشی زەبرو زەنگە خوێناویەکە نەبوون، لێ بەرتاقای ئەوە خراپ و مەترسیدار بوون .
بەعس وەک حزب، وەک ھێزی چەکدار ھەڵوەشایەوە، بەڵام وەک بیرکردنەوە، وەک ناخی بەعسیانە تا ئێستا درێژەی ھەیە، گەوجیە مرۆڤ خۆی پێ فریشتە بێت و ئەوانی تر شەیتان، خۆی پێ ھەقیقەتی رەھا بێت و ئەوانی تر تۆزو با، قسەی خۆی ئایەتی قورئان بێت و قسەی ئەوانی تر کاڵفامی، ئەمە ھەمان بەعس رەوتاریە، ھەمان بیرکردنەوەی بەعسیانەیە،خۆ بە سپی زانین و ئەوانی تر بە ڕەش زانین بە مانا نەرێنیەکەی ئەو پەڕی گێلیە، جگە لەوەی ناکۆتا لەو نێوانەدا ڕەنگ ھەیە، رەش و سپیش رەنگن، دەبێت بەراوردەکە شتێکی تر بێت .
لە یادی راپەڕیندا، ئەو راپەڕینەی وەک شۆڕشی فەڕەنسا بەشێکی زۆر لە جوانیەکانی خۆی لە شەڕی ناوخۆدا ھاڕی، کاتی ئەوەیە بەگژ ئەو ناخپیسیەدا بچینەوە، کاتی ئەوەیە بەو جۆرە کەسانە بوترێت ھێواش ئێوە بە عس دووبارە دەکەنەوە. دووبارەکردنەوەی بەعس ئەوەیە، کە بەناوی نیشاندانی ئەوانی ترەوە بە بەعسی خۆت لاساییکەرەوە بیت .
ئەگەر کاتی خۆی ئەو قۆناغەمان بە جۆرێکی دادگەریانە دادگایی کردباو چوار موستەشارمان بدایەتە دادگا، ئێستا دۆخەکە بەو جۆرە نەدەبوو.