پارتی سوارو یەکێتیش پیادە!

لەلایەن ستاندار Posted on 233 جار بینراوە

کەمال رەئوف

پارتی و یەکێتی پێکەوە، “بەباش و خراپەوە” خوڵقێنەری ئەم دۆخەی ئێستان، گرنگ نییە کامیان زۆر ترو کامیان کەمتر چاکەو خراپەی ھەبووە، یان کامیان سودمەند بووەو پێگەی خۆی قایمتر کردوە، ئەوەی گرنگە ئەوان بەبێ یەکتری، نەیان ئەتوانی بگەنە ئەم دۆخەی ئێستا و بەردەوام کۆڵەکەی راگری یەکتر بوون. لە ئێستادا پارتی حزبێکی تۆکمەتر و دامەزراوە ترە، ھەروەھا بەحوکی ئەوەی زۆرترین جومگەی دەسەڵات و ئابوری لەبەردەستدا بووە، لەناوچە نفوزی خۆی خزمەتگوزاری زیاتری پێشکەش کردوە، یەکێتیش بەحوکمی ئەوەی خۆی حزبێکی لیبراڵتر بووەو ناوچە نفوزی کراوەتر بووە، لەناوچەکانی بن دەسەڵاتی کرانەوەو ئازادیەکی زیاتر بۆ خەڵک فەراھەم بووە.
لەدۆخی ئێستادا کە غیابی ئۆپۆزیسۆنێکی بەھێز ھەیە، پارتی و یەکێتی دەستکراوە ترن لەوەی دۆخەکە بەرەو کوێ ئاراستە ئەکەن، مادام نێوماڵی حزبیش بەرژەوەندی و سفرە و گیرفانی جیاوازی تێدا دروست بووە، ئیتر مەرج نییە حیزبیش یەک ئاراستەو یەک ھەڵوێست بێت، ئەم قسەیە کە جاران بۆ یەکێتی راست تر بوو ئێستا بۆ دۆخی ناو پارتیش راستە، بۆیە ئەوەی لەرابردودا لەپارتی بینراوە مەرج نییە بۆ ئایندەش وابێت، ئەم قسەیە بۆ یەکێتیش راستە، چونکە پارتی گەیشتە لوتکەی یەکدەستی و دەسەڵات، یەکێتیش گەیشتە لوتکەی پەرتەوازی و پاشکۆیەتی، بۆیە ئەوەی لەخولی ئەم گفتوگۆیانەی نێوانیان بەدی ئەکرێت، سەربەرو خوار بونەوەیە لەلوتکە، نەک ھەڵکشانی زیاتر، چونکە ئێستا بۆ یەکێتی دەرکەوت، بەبێ پارتی گورگ نایخوات، ئەوەشی مەترسیە لەسەری بونی ئۆپۆزیسۆن نییە، بەڵکو نەیارە تەلیدیەکەیەتی. بۆ پارتیش دوای بەدەستھێنانی پەنجا زائید یەک، ئەوە ئاشکرا بوو، پێویستی بە پارتنەرێکی بەھێزی ھاوشێوەی خۆیەتی، بۆیە تەنھا داوای پارتی بۆ یەکێتی لەیەک خاڵدا کۆدەبێتەوە، ئەویش رازیبوونیەتی بەوەی لە لەساڵانی پێشودا پێدراوە، ئەوەی لەدوا خاڵیشدا یەکێتی شوێنی کەوتوە، نەگەرانەوەیەتی بۆ دۆخی پێشوو.
دەرباز بوونی یەکێتی لە دۆخی ئێستا بەیەک قۆناغ ئاسان نییە، چونکە یەکێتی بەچەند قۆناغێک گەیشتە ئەو ئاستەی ئێستای، بەڵام گرنگە بۆ یەکێتی سەرەتای قۆناغی نوێ بەنایەرەکەی بسەلمێنێت، سەلماندنی ئەو خاڵەش لەو شوێنەوەوە دەستپێدەکات کە پێشتر خۆی پێ کەلەبچەکرد. بۆ یەکێتی قورسە دوای ئەو ھەموو ھەڵەو شکستەی بەسەری ھات یەکسەر داوای ھاوتا بوون لەگەڵ پارتی بکات، ھاوتا بوون بەندە بەھاوسەنگی ھێز و بەرنامەوە، ئەوەش بەداواکردن لەبەرامبەر بەدەست نایەت، کاتێک تۆ داوا دەخەیتە بەردەم لایەنێک ئەوەیەکسەر خۆی مانای سەلماندنی ھاوتا نەبوونە، بۆیە بۆ یەکێتی گونجاوترە، بەپلیکانەکانی شکستەکەیدا سەرکەوێتەوە، چونکە ھاوتا بوون و ھاوسەنگی ھێز بەدبلۆماسیەت بەدەست نایەت.
لەکابینەی نوێ غیابی ئۆپۆزیسۆنێکی بەھێز، چەند بۆ حوکمرانی پارتی گرنگە، دوو ئەوەندەش بۆ دۆخی ئێستای یەکێتی نیعمەتە، یەکێتی گەر تواناو ئیرادەی رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی ھەبێت، دەتوانێت بەنەفەسی ئۆپۆزیسۆنێکی نەرمی ناو دەسەڵات، بۆ چواساڵی ئایندە ئومێدێک بۆ گۆرانکاری دروست بکات، خۆ گەر بریارو ئیرادەی گۆرانکاری ھەبێت، خەڵک لەو شوێنەوە نایبینێت لەم ئاڵوگۆرەدا یەکێتی چەند پۆستی دەست ئەکەوێت، بەڵکو لەو شوێنەوە ئەیبینێت کە ئەم ھێزە چەند توانای گۆرینی ھێلکە پیسەکانی ناو خۆی ھەیە و چ بەرنامەیەکی بۆ دۆخی تازە پێیە.
گەر بریار بێت چارەنووسی ئەم وڵاتە بۆ چەند ساڵێکی تر ھەر لەبن دەستی پارتی و یەکێتی بمێنێتەوە، ئەوا بۆ یەکێتی گونجاو ترە، لەباتی ئەوەی ھەموو توانای خۆی بۆ ھاوتابوون و شەراکەتی پارتی خەرج بکات، بەشێک لەتواناکەی بۆ توخکردنەوەی ئەو جیاوازیانە بەکاربھێنێت، کە لەوی جیادەکاتەوە، دەنا بەپێچەوانەوە ھەتا یەکێتی شەری شەراکەتی ئیمتیاز لەگەڵ پارتی بکات، پارتی سوار و یەکێتیش ھەر پیادە ئەمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.