ئایا پارتی ئەتوانێت مۆرکی خۆی لە کوردستان بدات ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 227 جار بینراوە

کمال محمد

سەرجەم نیشانەکان ئاماژە بەوە ئەکەن کە پارتی کار بۆ ئەوە ئەکات کۆی سیستەمی سیاسی و ئابوری و دەسەڵاتە رەھاکان و تەنانەت پەیوەندییە دیبلۆماسی و بریارە چارەنوس سازەکانی ھەرێم بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە ،ئامانج لەمەش ھێشتنەوەی دەسەڵاتە بنەماڵەییەکەیەتی بۆ مەودایەکی درێژ ،ھەربۆیە جیاواز لە ھێزە سیاسییەکانی دیکە کەش و زەمینە بۆ خۆی دەرەخسێنێت بۆ بون بەھێزی سەرەکی ھەرێم ئەگەر لەرێگەی ساختەی ھەڵبژاردنەوە بێت یان رێکەوتنەوە لەگەڵ ھەر ھێزکی دیکە ،ئەمەیە جیاوازی پارتی لەگەڵ ھێزەکانی دیکە ،کاتێک چەمک و تێڕوانینی ھەڵەی ھێزەکان سەبارەت بە پارتی خۆی لەو بۆچونەدا ئەبینێتەوە کە ھەمیشە وایان داناوە ھاوبەشی برا گەورە بن کە پارتییەو ھەربۆیە بون بە ھێزیکی ئەلتەرناتیڤیان بەرامبەر بە پارتی بۆ خۆیان بە نمونە دانانێن ،لەگەڵ ئەوەی یەکێتی و پارتە سیاسییەکانی دیکەی وەک گۆڕان لەبنەرەتدا ئەرکیان پێشخستنی مۆدێرنێتەی سیاسی و ھێزێکی رکابەری ئەڵتەرناتیڤە بەرامبەر بە پارتی ،بەڵام نەیانتوانیوە ڕۆڵی سەرەکی بۆ ئەو مەبەستە بەدەست بھێنن ،

تەکتیک و پلانە سیاسییەکانی پارتی ئەوە دەخاتە روو کە ئەم ھێزە پرەنسیبەکانی بەرنامەکانی بە کامە ھێز و ئامراز و ئاراستەی ستراتیژییەوە جێبەجێ دەکرێن بۆ ئەوەی ھێزی ئایدۆلۆژی و سیاسی و رێکخستنەکانی لەو ئاستەدا بێت کە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە لە دەستی خۆیدا بێت ،ئەگەر لە خولەکانی پێشوی پەرلەماندا وێڕای ئەوەی پارتی بڕوایەکی جدی و راستگۆیانەی سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی و چەندین پرسی گرنگی دیکە نەبوە ،ئەوا لە ئێستادا بۆچونی گۆڕاوەولە ھەمو کات زیاتر بڕوای بەم دامەزراوە ھەیە ،ئەمە بەھۆی ئەوەوە نییە کە پارتی تەسلیمی سیستەمی پەرلەمانی بوبێت کە بزوتنەوەی گۆڕان وەک دەستکەوتێک بانگەشەی بۆ ئەکات ،بەڵکو بەھۆی کۆی کورسییەکانێتی کەلەگەڵ کورسییە کۆتاکان ئەتوانێت تەواوی ئەو یاسایانە تێ پەرێنێت کە ویستی پارتی لەسەر بێت یان بە پێچەوانەاوە ،

یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکان کە پارتی بەدەستی ھێنابێت ھەمیشە ناکۆکی نێوان ھێزەکانی سلێمانی بوە کاتێک ئەم ھێزانە نەیانتوانیوە ھێزی خۆیان لەدەست بەسەرداگرتنی کۆی سەرۆکایەتییەکان و جومگە ھەستیارەکان لەلایەن پارتییەوە کە نەخشەرێژ کراوە بەرەو بنەماڵەیی بکەن بە رێگرییەک ،بە وتەیەکی دیکە ئەوەی دەسەڵاتی پارتی بەھێز کرد لەرابردودا یەکێتی بو کاتێک لەرێگەی ئەم ھێزەوە پارتی دەستی بەسەرسەرۆکایەتی و ئابوری ھەرێمدا گرت ،بەبێ ئەوەی خودی یەکێتی ببێتەھێزێکی بەشداربوی راستەقینە لە حکومەت و پلاندانانی سیاسەتی ھەرێمدا ،

بەبڕوای من ھەڵپەساردنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵگرتن و لابردنی بەردێک بولەلایەن گۆڕانەوە کە کەوتبوە سەر رێگای سیاسەت و دەسەڵاتەکانی پارتی ،لێ ھەر ئەو یاساییە کە پارتی بۆ چارەسەری کێشەناوخۆییەکانی خۆی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان کور و برازاکانی بارزانیدا بەکاری ئەھێنێت وبەرزترین یان زۆرترین رادەی دەسەلاتیان بەسەر بنەماڵەکەی خۆیان دابەش ئەکەن ،کەوایە پارتی ھەم سیاسەت لەگەڵ ھێزەکانی دیکەدا ئەکات و ھەمیش ھەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکانی نێو خۆی ئەدات لەرێگای سەپاندنی شکست بەسەر بەرامبەرەکانی ،بە پێچەوانەی ھێزەکانی دیکەوە کە کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان لەچارەسەرییەوە بۆ لێکترازانی زیاتر ئاراستە ئەکەن ،

پارتی باش ئەزانێت کە پێدانی ئەو پۆستانەی بەگۆڕان دراون بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن نییە ،بەلکو لەپێناو بە دەستھێنانی مەشروعیەتێکی زیاترە لەو پەرلەمانەی کە بەدڵی خۆی وێنای کردوە لەدەرەوەی یەکێتی ،لێرەدا دو ئامانجی یەکێکیان لابردنی یەکەم مەترسی ھێزی ئۆپۆزسیۆنی و نەھێشتنی نرخ و پێگەکەیەتی دوەم وەک ئاماژەیەک بەگوێی یەکێتی ئەدات کە دەبێت پابەند بێت بەو بەشەی کە بۆی دانراوەو ئەبێت دان بە کۆی دەسەڵاتەکانی پارتی بنێت بەپێی یەکەم ھێزی براوە بە جیاوازییەکی زۆرەوە ،

سیاسەت و سەرکەوتنەکانی پارتی زۆر جار بوە بە شکست بۆ ئەو ھێزانەی نزیک بون لێیەوە ،واتە پارتی بە یارییە سیاسییەکانی چەندە گرنگی بە دەستکەوت و باڵادەستی خۆی دابێت ھێندەش کاری لەسەر لاوازی بەرامبەرەکەی کردوەو دەنگی ناڕازی زیاتری لەناو لایەنگرانی ئەو ھێزانەدا زیاتر کردوەو کاریگەری نەرێنیشی بەدواھاتوە ،ئێستا جۆر و رەنگی ھێزەکان گۆڕاون دوێنێ یەکێتی و ئەمڕۆ گۆڕان ،بەڵام ھێشتا پارتی بەردەوامە لەسەر جێ پێقایم کردنی خۆی لە سیاسەت و حکومڕانی و ھێشتنەوەی پۆستەباڵاکان لای بنەماڵەی بارزانی ،

گەرانەوەی کۆی پرس و گفتوگۆکانی لایەنەکان بۆلای بارزانی رەنگە ئەو ویستەی بنەماڵەی بارزانی زیاتر بکات کاتێ بارزانی بە مەرجەعی باڵای کورد بناسێنرێت ،پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پارتی دەستی بەسەر کام پۆست و نوێنەرایەتییە نەگرتوە کە پەیوەندی راستەوخۆ و گرنگی بە لایەنی دیبلۆماسی ھەرێم و ئابوری ھەرێم نەبێت ؟یان ئایا ئەرکی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی بەھێزکردن و ئاوەڵاکردنی زیاتری دەستی پارتییە بەلێدانی مۆرکی خۆی ،یان گەرانەوەیە بۆ ھەرێمێکی دیموکرات و ئامادەکردنی رەشنوسی دەستورێک کە دور بێت لەبەسولتانیزمکردنی لەلایەن پارتییەوە کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئێستاو داھاتوی پرسی دیموکراتی و سیاسەتێکی دیموکراتیانە .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.