ستاندەر
بڕیارە ئەمرۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی سەردانی شاری سلێمانی بكات بەمەبەستی كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەری پەیسەرپرێسی راگەیاندووە بۆ دواجار لەدەرگای یەكێتی دەدەن و داوایان لێدەكەن بەشداری كۆبونەوەكانی پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكەن.
دەشڵێ: ئەگەر یەكێتی رازی نەبوو ئەوە سبەینێ مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە بڕیاری كۆتایی دەربارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت و هەمواری یاسای سەرۆكایەتی دەدات.
كۆبونەوەكەی یەكێتی و پارتی لەكاتێكدایە هەردوولا لیژنەی دانوستانكاریان گۆڕیوە بەجۆرێك لە یەكێتی رەفعەت عەبدوڵا و عیماد ئەحمەد و لاهور شێخ جەنگی و عەدنانی حەمەی مینا و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەكەن لەپارتیش كەمال كەركوكی و كاكەمین نەجار و دڵشاد شەهاب و عەلی حوسێن و فرسەت سۆفی و هێمن هەورامی بەشدار دەبن.
سەبارەت بەگۆڕینی لیژنەی دانوستانكاریش سەرچاوەكەی پارتی دەڵێت، یەكێتی و پارتی بە بنبەست گەیشتوون و ترس هەبووە رێككەوتنەكەی 4ی ئازار هەڵوەشێتەوە بۆیە لیژنەی دانوستانكاری نوێیان دروست كردووە بۆ ئەوەی بتوانن دەرچەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانیان بدۆزنەوە.