محهمهد لهتیف
جگە لەو ھۆکارە زانراوانەی سەبارەت بە دەست خستنە ناو کاروباری سووریا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کە بریتین بە پلەی یەکەم لە دژایەتی کردنی دۆزی کورد و رێگەنەدان بە دروست بوونی کیانێکی تری کوردی وەک ئەوەی باشووری کوردستان، رێگەگرتن لە بەستنەوەی ھەرێمی کوردستانی رۆژئاوا بە رێگای دەریاوە لەوێشەوە بە دونیای دەرەوە ھەرەوەھا رێگریکردن لە پرۆژەی بۆری گازی کوردستانی باشوور بە رۆژئاواو دواتر بازاری دەرەوە کە ھێزێکی ئابووری دەداتە ھەرێمە کوردیەکان لەولاشەوە گرینگی جیۆپۆلۆتیکی تورکیا کەم دەکاتەوە.
ھۆکارێکی زۆر شاراوە ھەیە ئەوەی ئێمە دەمانەوێ جەختی لەسەر بکەینەوە کە ھۆکاری ئەو جەختکردنەوەی دەوڵەتی تورکیا لەسەر کۆنترۆل کردنی ناوچە کوردیەکانی رۆژئاوی کوردستان لە سوریا ڕوون دەکاتەوە کە تاکو ئێستا دەرکی پێ نەکراوە.ئەویش پلانی تورکیایە لە داھاتوویەکی نزیک کە ئاوی شیرین (خواردنەوە) وەک کاڵایەک بفرۆشێتە وڵاتە زۆر موحتاجەکانی وەک سوریاو ئوردن و ئیسرائیل و فەڵەستین و سعودیەو چەند وڵاتێکی تری کەنداو کە بە پرۆژەی The Peace Pipeline ناسراوە واتە پڕۆژەی بۆڕی ئاشتی. لە ڕێگای ڕووبارەکانیەوە بەتایبەتیش ڕووبارەکانی سەیھان و جەیھان. بەپێی ئەم پڕۆژەیە بێت بڕی ٢.٢ ملیار مەتر سێجا ئاو ساڵانە دەگوازێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی سەرەوە لەڕێگای دوو بۆڕی تیرە زۆرگەورەوە. ئاشکرایە ئاو لەسەدەی بیست و یەکدا دەبێتە ھۆکاری ناکۆکی نێوان دەوڵەتەکان ئەوانەی ھاوبەشن لە رووبارێک یاخود زیاتر وەک عێراق و سوریاو تورکیا. بۆیە ھەندیک ئاو بە (زێڕی شین) ناو دەبەن
لەو ناوچانەدا. وەک پشتگیریەک بۆ پڕۆژەی بۆڕی ئاشتی تورکیا لە ڕێگای پرۆژەی گاپەوە GAP کە تێچووەکەی ٣٢ ملیار دۆلاری ئەمریکیە کە بە یەکێک لە پرۆژە ھەرە گەورەکانی جیھان دادەنرێ لە بواری پەرەپێدانی ئاوی رووبارەکانەوە بە دروست کردنی ٢٢ بەنداوی گەورەو بچوکە بۆ مەبەستەکانی گلدانەوەی ئاو بۆ کشتوکاڵی و ئاودێری ھەروەھا بۆ مەبەستی دروستکردنی ووزەی کارەبا و رێکخستنی ئاوی رووبارەکان لە وەرزە جیاجیاکانی ساڵدا و مەبەستەکانی تری بوژانەوەی ئابووری و پێشخستنی بواری گواستنەوەو گەیاندن و ھی تر، توانیویەتی ھەردوو رووباری دیجلەو فوڕات کۆنتڕۆڵ بکات بەھۆی درووست کردنی سێھەمین گەورەترین بەنداو لە جیھاندا ئەویش بەنداوی ئەتاتورکە لەسەر رووباری فورات کە لەساڵی ١٩٩٠ لەکاتی پرکردنیدا توانی بەیەکجاری ئاوی رووبارەکە بگرێتەوە لەسەر سوریاو عێراق بەبێ گوێدانە بنەمای یاسا نێودەوڵەتیەکان لە ئاگادارکردنەوەی ھەریەک لە سوریاو عێراق لە حاڵەتێکی لەوجۆرەدا کە کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی لێدەکەوێتەوە. ھەروەھا لە ڕێگای بەنداوی ئیلیسو وە ئاوی روباری دیجلەشی کۆنتڕۆل کردووە.
ئەو جۆرەی مامەڵەکردن بە ئاوی شیرنی رووبارەکانەوە لەلایەن تورکیاوە بێ پێشینە نیە. رێککەوتنێکی ٢٠ ساڵە ھەیە لە نێوان تورکیاو ئیسائیل بۆ کرینی ئاوو گواستنەوەی لە رێگای تانکەری ئامادەکراوەوە بۆ ئەو مەبەستە بە جۆرێک بڕی ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو سالانە بگوازێتەوە ئیسرائیل. رێککەوتنامەکە لە ئێستادا ھەڵپەسێردراوە. ھەرچەندە ماوەی دووساڵی جێبەجێ کرا لە رێگای کەشتی بارھەڵگرەوە ئاوی شیرینی بۆ ئەو وڵاتە گواستەوە.
ھۆکاری ئەوەی تاکو ئێستا پڕۆژەی فرۆشتنی ئاو جێ بەجێ نەکراوە زیاتر ھەبوونی باڵادەستی کوردەکانی ڕۆژئاوایە لەسەر سنوورەکانی تورکیا لە شوێنانەی تورکیا بە نیازە بۆڕیە ئاوەکانی پێدا رەوانەی وڵاتانی سەرەوە بکات کە ناومان بردن. ھەبوونی ھەژموونی پەکەکە چ لەرابردووو چە لە ئێستادا ھۆکاری سەرەکی ئەو بابەتە بووە وەک مەترسیەک بۆ پرۆژەکەی تورکیا ھەم ترسی ئەو ولاتانەش لە سەر ئاسایشی ئاویان نەبادا ھاولاتیانیان تۆشی کارەساتی مرۆیی نەخوازراو ببنەوە.
لە ئێستادا تورکیا زۆر بە پەرۆشە بۆ کۆنترۆلکردنی ئەو سنورانە بۆ ئەوەی دواتر ئەوەی دەمێنێتەوە لەگەڵ سووریا رێکەوتنی لەسەر بکەن ھەروەک ئەم پرۆژەیە لە رابردودا تاووتوێ کراوە و سووریا رەزامەندی لەسەر نیشانداوە بەڵام ھۆکارو زروفی سیاسی و شەڕ ئەو بوارەی نەداوە بۆیە ئێستا ھەم لە رووی پێداویستیەوە وڵاتەکانی باسمان کردن زیاتر ئاوی خواردنەوەیان پێویستە بەھۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانیان و کۆچ کردنی گوندنشینەکان بۆ شارە مۆدێرنەکان پێداویستیەکانی تر کە بەئاوی شیرین پردەکرێتەوە ھەرەوھا لەبواری پیشەسازیش ئاو زۆر بەکاردەھێنرێت.
بۆیە ئەگەری زۆرە تورکیا لە دوای کۆتایی ھاتنی داعش لەگەڵ حکومەتی سوریا رێک بکەوێت و ئاوی رووبارەکانی فورات و دیجلە وەک چەکیک بەکاربھێنێت دژی سوریا لەبەرامبەر لەناوبردنی ھێزە کوردیەکان ھەرەک لە ڕابردوودا بەکاری ھێنا لەدژی پەکەکە و سەرکردەکەیان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و وەدەرنانی لە خاکی سوریا مەرجی توکیا بوو بۆ بەردانەوەی ئاوی فورات بۆ سوریا. دواتر جێبەجێ کردنی پرۆژە ئابووریەکانی خۆی لە ڕۆژ ھەڵاتی ناوەراست. پرسیاری جەوھەری ئەوەیە ئایا تورکیای ئێستای ھاوپەیمانی ڕووسیا دەتوانێت پرۆژە سیاسی و ئابووریەکانی جێبەجێ بکات بە ئامادەبوونی ئەمریکا کە پاڵپشتێکی بەھێزی لۆجیستی و مەعنەوی جەنگاوەرە کوردەکانی ڕۆژئاوایە؟ ئایا ئەمریکا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەسلیم بە تورکیاو ئێران و رووسیا دەکات یان پێگەی خۆی بەھیزتر دەکات لە ناوچەکەدا؟