ھێدی ھەولێری
گۆڕەپانی ئەمڕۆی ڕووداوەکان لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕێکی دیکەی چاوەڕوان کراو بەڕووداو گەلێک تێپەڕ دەبێت و ھەنگاوەکانی بە تاریکیاییەک دەست پێدەکات، کە ڕەنگە زۆربەی وڵاتان و ناوەندە ھزریەکان خۆزگە بەو ڕۆژە نەخوازن، واتا: بەدڵی ھەموولایەک نەخوازراوە. جۆلان….جولانەوەو ھۆشیارییەکی سیاسی بەرەو جیھانی عەرەبی ئاڕاستە کرد بەو مەرجەی عەرەب جارێکی تر بەئاگابێتەوەو لەم پیلانگێڕیەی ڕۆژئاوا ، کە ویستیەتی لەگەڵ قەیرانی سەربازیی دواتر سیاسیی و ئابووری بەدوای خۆیدا پەلکێش بکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئابووریە زەبەللاحەکەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بۆ ساغکردنەوەی شکست و داڕووخانی ئابووری ناوخۆیی خۆیان، بەتایبەتی ئەمریکا نیەتێکی لەو شێوەیەکی ھەیە ، چونکە لەدوای دەستبەکار بوونی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەمریکا بەڕادەیەک دۆخ و گوزەرانی ھاوڵاتیانی ئەمریکی قوڕستر کردو ئەرک و بەرپرسیارێتی لەو وڵاتەدا بەرەو ناسیتەماتیک بردو تاکی ئەوروپیی بێز لەناشیرینیەکانی ڕۆژئاوا دەکاتەوە، نەک لەگەڵ کارە گەمژەییەکانی دۆناڵد تڕەمپ نەک لەئاستی نەیارانی ئەمریکا و ناوخۆی ئەو وڵاتەشی تووشی گێژاوێک کردو ھەندێکی تریشی لە دوژمنان بۆ داھاتووی ئەمریکا زیادتر کرد، بەو مانایەکی نەیتوانی سیاسەتێکی ڕاست و دوور لەدرۆو میکیاڤیلی و کۆمەڵێک ڕاوێژکاری نوێ و قۆناغێک لە قۆناغەکانی تری ژیاری و سەرنجی شارستانیەتی ئەوروپا بۆ لای ئەمریکا ڕابکێشێت، لەبەدیھێنانی دادپەروەری و یەکسانی، بەپێچەوانەوە. بەھەرحاڵ….. ئێستا ئەو پیاوەی ئەمریکیەکان دەنگیان بۆ دا وەک سەرۆکێک گوایە سیاسەت و بەرژەوەندی وڵات بباتە پێشەوە، بەڵام ھەرچی ڕق و توڕەیی خەڵک و وڵاتانی ھاوپەیمانی و دروستکردنی قین و بوغز لەدڵی ئەمریکیەکاندا ڕوواندووەو نوسەرو ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتە شاھێدن لەسەر ئەوەی تا تەواوبوونی خولی سەرۆکایەتی تڕەمپ دۆخی ئەمریکا زۆر جیاواز دەبێت لەچاو سەردەمی بۆش و ئۆباما و ئەوانی تردا. تڕەمپی سەرمایەدار لەگەڵ ھاتنە سەرتەخت و وەرگرتنی کلیکلی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی تەواوی ھەڵسوکەوت و بڕیارەکانی لە قازانجی ڕژێمی جولەکەو سەرمایەدارە جولەکەکانی جیھانەو بەوھۆیەوە جیھانێکی بۆ دروستکردون بۆ حەسانەوەو دووبارە دەستپێکردنەوەی ژیاری ئیسرائیلی و نەوەیەکی تازەی ڕەگەزپەرستانەو دوور لە بنەما مرۆڤایەتیەکان، کە خۆیان ئەوەندە کاوێژی دەکەنەوە. دواین بڕیاری سەربارەت بەڕادەستکردنی بەرزاییەکانی جۆلان و مێژووێکی ترو گەڕێکی دیکەی ململانێ سەربازی و ئابووریی و جوگرافی و سیاسی لەنێوان وڵاتان دەستپێکردەوە. ئەگەرچی لەزۆر ڕووەوە کێشە بۆ تەواوی ناوچەکەو بەشێکی وڵاتانی ھەرێمی و جیھان دروست دەکات لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ھاوکێشانە یەکلایی دەکاتەوە لەنێوان زلھێزان و ئالقە لەگوێیەکانی ئەمریکا بەتایبەت کاردانەوەکانی ئەم بڕیارەی ناساندنی جۆلان وەک ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی جولەکە ئەژمار کرد، لەکاتێکدا ھێشتا ئەو ڕژێمە خاوەنی دەوڵەت نیە، تا پانتاییەکی لەمشێوەی بەڕووبەری ١٨٠٠ کیلۆمەتر، ١٢٠٠ کیلۆمەتری لەسەر ڕژێم تاپۆ بکات. لەڕووی مێژووییەوە: لەگەڵ کۆتایی ھاتنی جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧، لەڕووبەری نێوان ناوچە کۆنترۆکراوەکانی جۆلان لەلایەن ڕژێمی جولەکە، کە سنوری بەرزاییەکانی جۆلان ئەژمار دەکرا، دەروازەییەکی کاتی دروستکرا بەمەبەستی ئاگربەست، ئەو ناوچەیە لەنێوان سوریاو ئیسرائیل تائێستاش ھەرماوە و لەڕۆژی دوای دەست بەسەرداگرتنی جۆلان، قەوارەی زایۆنی یەکە بچووکەکانی نیشتەجێبوونی دەستپێکردو ٦ ساڵیش دوای شکستی جەنگی شەش ڕۆژە، سوریا لەجەنگی عەرەب – ئیسرئیل ساڵی ١٩٧٣ھەوڵیدا ناوچەی جۆلان دەستی جولەکەکان بەدەستبێنێتەوە، بەڵام ھێزەکانی ڕژێمی ئیسرائیل توانیان پارێزگاری لەناوچەکە بکەن ھەرچەند زیانی زۆریان پێگەیشت و ھێرشەکەش لەناوکاو بوو، ڕۆژی پشووی بۆنەیەکی تایبەتی جولەکەکان بوو, ھەروەھا دوای تێپەڕبوونی ٧ ساڵ و لەساڵی ١٩٨١ڕژێمی جولەکە بەبڕیارێکی تاکلایەنە ھەم دیمەشقی پایتەخت و ھەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستخەڕۆکرد، ھەر لەمساڵدا سەرانی جولەکە ڕایانگەیاند: بەشێوەیەکی فەرمی بەرزاییەکانی جۆلان بەشێکە لەخاکی ئیسرائیل! ئەم بڕیارە چ لەلایەن سوریا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەفەرمی نەناسێنرا و لەدیدیUN دا، ئەو ناوچەیە وەک بەشێکە لەخاکی سوریا دەمێنێتەوە, کە لەلایەن سوپای جولەکە داگیرکراوەو دەبێت ڕۆژێک بۆ سوریا بگەڕێندرێتەوە. لەڕووی جوگرافی: بەرزاییەکانی جۆلان، ناوچەیەکی شاخاوییە، دەکەوێتە نێوان باشوری وڵاتی سوریا و باکوری ئیسرائیل، کە بەپێی بەرپرسانی باڵای سوریا، ئیسرائیل لەجەنگی ساڵی ١٩٦٧ دا داگیریکردووە, کە لەبنەڕەتدا سەر بەوڵاتی داگیرکراوی فەڵەستین بوو، کە ئەو بابەتە مێژوویە درێژە دەکێشێت و زیاتر لەوە باس ناکەم، کە بەرزاییەکانی جۆلان %١٠خاکی سوریا پێکدەھێنێت و بیست ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی جووەکانی تێدا دروستکراوە ١٤٥ھەزار سوری تێدا ژیاوە تا پێش دەست بەسەرداگرتنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە ٢٠ ھەزار ھاوڵاتی سوری تائێستاش لەجۆلان دەژین. لەڕووی سەربازیی: ھەرچەندە کێشە سەربازیەکان و یەکلایی کردنەوەی لەڕێی ھێزی سەربازی لەمڕۆدا بووەتە خواردنی ھێزێکی بچووک لەلایەن ھێزێکی گەورەوە، واتا: ماسیە گەورەکان ماسیە بچووکەکان دەخۆن، ئاڕاستەی ئێستای جیھانیش لێرەوە تێپەڕ دەبێت، ئەوەی باس لەسەروەری خاک و بەرامبەرەکانی دەکات ھیچ ئەساسێکی نیەو ھەمووی لەسەر ئەویتر خۆی گەورەتر دەکات، جۆلان لەچاوەڕوانی ھەر ڕێککەوتنێکدا بێت لەنێوان ئیسرئیل و سوریا بەیەکجاری دەبێتە ھۆی چۆلکردنی شاردێیە جولەکەنیشینەکان، ئەو پرسە گرنگەش بووەھۆی ئەوەی تا ڕایگشتی ناوخۆی ئیسرائیل بەو ئاڕاستەیە ببات، ھەر ڕێککەوتنێک بەمانی بە لەدەستدانی جۆلانە ، بەبڕوای چاودێران لەبەر گرنگی ستراتیژیی بەرزاییەکانی جۆلان ئەوەندە زۆرە، کە ھەرگیز ئیسرائیل نایەوێ ئەو ناوچەیە لەدەست بدات، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەی داگیری کردووەو لەسەر ماڵی حەرام خۆی بونیاد دەنێتەوە ناتوانێت درێژە بە پڕۆژەکانی لەجۆلان بدات. لەڕووی ئابووری و سیاسی: بەو پێیەی ئابووری ھەر وڵاتێک بەندە بەدۆخی سیاسی لەھەڵکشان و داکشاندا بەیەکەوە پەیوەستن، جۆلانیش پێگە ستراتیژیەکەی بۆ (ئاو) دەگەڕێتەوە سەرنجی جولەکەکانی بەدرێژایی مێژوو بۆ لای خۆی ڕاکێشاوەو سیاسەتی کۆمەڵێک وڵاتی دراوسێ و دەوروبەریش بەو دۆخە ئاڵۆزەوە گرێداوە. سوریا بەگشتی و بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەدوای ناساندنی جۆلان وەک بەشێک لەخاکی ئیسرائیلی دروستکراو بەدەستی ئەمریکای باوکی نەخشەی جوگرافیای سیاسی بۆ داڕێژراوە کێشمە کێشمی زۆر لەو بەروارەوە ئێران و تورکیا قسەی خۆیان ھەیەو سوریاش بەو پارچە پارچە بوونەو دەستێوەردانی زۆربەی وڵاتانی زلھێز لەسەر حیسابی ئەم وڵاتە ھاوکێشەکانی خۆیان تێدا پاسادان دەکەن لەکاتێکدا ئێستا سوریا تێکەڵ بە کۆمەڵێک ئایدیا و ئاڕاستەی بۆچوونە دژ بەیەکەکانە چونکە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەنجومەنی ئاسایش نەیتوانیووە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ دۆخی سوریا لەدوای ساڵی ٢٠١١ یەوە بدۆزێتەوە. لەھەمان کاتدا باراک ئۆباما ھەر لەسەرەتای چوونە ناو کۆشکی سپی پێداگر بوو گفتوگۆی ناو ئەو دوو وڵاتە دەست پێ بکاتەوە، ئەو گفتوگۆیەشی وەک ئامانجێک لە سیاسەتی دەرەوەی دەستنیشان کرد، بەڵام لەساڵی٢٠١١ لەماوەیەکی کەمدا دوای بەھاری عەرەبی، سوریا دووچاری شەڕی ناوخۆیی بوو، بەکردەیی ئەنجامدانی ھەر گفتوگۆیەک بەتەواوی لە سوریا و دەوروبەری لەناوچوو.