ستاندەر
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند: ئەگەرێكی بەهێز هەیە وەزارەتەكەیان لەمانگی چواردا بتوانێت دوو موچە بەفەرمانبەرانی هەرێم بدات.
ئەو سەرچاوەیە سەبارەت بە چۆنیەتی پێدانی دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ “زەمەن”ی روونكردەوە :”لە مانگی رابردوو، دوای ئەوەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشكرا، نزیكەی (300) ملیار دینار لە خەزێنەی وەزارەتی دارایی زیادی كرد، بەبێ ئەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكرێت”.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەت سەبارەت بە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ڕۆژنامەی زەمەن وتی: “بەپێی یاسای بودجەی عێراق، دەبێت حكومەتی ناوەندی مانگانە بڕی (68) ملیار دینار بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابین بكات، بەڵام حكومەتی ناوەندی تائێستا بڕی (68) ملیار دیناری پێشمەرگەی بۆ هەرێم نەناردووەو ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بەستراوەتەوە بە رەزامەندی وەزارەتی بەرگری عێراق. بۆیە ئێمە وەك وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پێشمەرگەمان ئاگاداركردووەتەوە بەدەم ئەو داوایەی حكومەتی ناوەندییەوە بچن بۆئەوەی ئەو بڕە پارەیە بگات بە وەزارەتی دارایی. ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگە بتوانێت نوسراوێكی رەزامەندی لە وەزارەتی بەرگری حكومەتی عێراق بەدەست بێنێت ئەوا بڕی (204) ملیار دیناری وەزارەتی پێشمەرگە كە ماوەی سێ مانگە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نەنێردراوە، دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم”.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەی ئاشكرا كرد، كە وەزارەتەكەیان بە گەیشتنی بڕە پارەی پێشمەرگە دەتوانن مووچەیەكی زیادە بدەن بە فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم.
ئەو سەرچاوەیە زانیاری زیاتری ئاشكرا كردو وتی: “لەو بڕە پارەیەی پێشمەرگە كە وەك قەرز لەئێستادا لای حكومەتی ناوەندییە لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی لە خەزێنەی وەزارەتی دارایی هەیە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ئەوا وەزارەتی دارایی دەتوانێت لەمانگی نیساندا مووچەیەكی زیادە بدات بە فەرمانبەران”.