پارتی مەرجی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەیە

لەلایەن ستاندار Posted on 746 جار بینراوە

ستاندەر

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەرجی حیزبەكەی بۆ بەشداریكردنیان لەھەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك ئاشكراكردو رایگەیاند، مەترسی زۆر لەسەر‌ دەوروبەری كەركوك هەیە.
وا بڕیارە لە 9ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكرێت، كە تێیدا هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركووكیش بەڕێوە دەچێت.
دیاری حوسێن جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەكەركوك لەو بارەوە رایگەیاند، ئەو ڕەوشەی ئێستا لە كەركوك ھەیە ھەمان ئەو ڕەوشەیە، كە لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی پار ھەبوو، دۆخی خراپی شارەكە لەبری چارەسەربوون زیادیكردووە، ئەمەش هۆكاری بەشدارینەكردنمان بوو لەهەڵبژاردنی ڕابردوو لە پارێزگاكە، “ئێمە لەگەڵ ھەڵبژاردنین، پێشتریش كە بەشداریمان نەكرد لەبەر ئەوەی ئازادی لە شارەكە نەبوو، بەو شێوەیەی ئێستا دەنگدەر ناتوانێت بە ئازادی بەشداریی دەنگدان بكات بۆیە ھیچ بڕیارێكمان نییە بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی كەركووك بە چەند مەرجێك نەبێت.”
ناوبراو بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، “پارتی بەشداریی لەھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە كەركوكیشەوە دەكات، بەو مەرجانەی بارودۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە و هێزەكانی تر لەو ناوچانه ‌بكشێنەوە و، هێزی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بەڕێوە ببەن، بە هەمان شێوە بارەگاكانی پارتی لە شارەكە بگەڕێنەوە دەست حزب و ئەو زوڵم و ستەمەی ھەیە لەوێ نەمێنێت و دۆخێكی ئازاد بهێنرێتە كایەوە، هەروەها ئەنجومەنی پارێزگاكەش بگەڕێتەوە شارەكە.”
جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك هەروەها رایگەیاند، پارتی ھەمیشە لەگەڵ ھەڵبژاردندا بووە، چونكە حیزبێكە ھێزی یەكەمی عێراق و ھەرێمی كوردستانە، بەبێ بوونی پارتییش ھیچ پڕۆسەیەك سەر ناگرێت، بۆیە هەمیشە پێمان باشە گەل بڕیار بدات و لە ڕێگەی سندووقەكانی دەنگدانەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، بەو پێیەش ئێستا مەترسیی داعش ھەیە و  بە زۆری ئەو مەترسییەش لە دەوروبەری كەركووك ھەیە، ڕەوشەكە پێویستی بە‌ زووتر ئاساییكردنەوە هەیە‌.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.