ستاندەر
رۆژی هەینی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڕێوەچوو، تێیدا دەربارەی دواین داواكارییەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت گفتوگۆیان كردو پاكێجێكی داواكارییەكانیشیان ئاراستەی پارتی دیموكرات كرد.
بەپێی ئەو زانیارییەکان، لەدوای ئاراستەكردنی داواكارییەكان لەلایەن یەكێتییەوە، پارتی رەتكردووەتەوە، هەموو ئەو داواكارییانە جێبەجێبكات، بەڵام گفتوگۆو كۆبوونەوەو پەیوەندییەكانیان لەو بارەوە بەردەوامە بۆ گەیشتنە رێككەوتن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی بەبیانووی ئەوەی داواكارییەكانی یەكێتی زۆرە، ناتوانن سەرجەمیان جێبەجێبكەن، بەڵام دەتوانن گفتوگۆ بكەن لەسەر داواكارییەكانو بەشێكیان جێبەجێبكەن.
ئەو پۆستانەی یەكێتی داوایكردووە بریتین لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جێگری سەرۆكی حكومەت، جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم بۆ ئاسایش و پێشمەرگە و شەش وەزارەت و سێ دەستە، هەروەها چوار بریكاری وەزیر بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە.
هاوكات یەكێتی جەخت دەكاتەوە لەدابەشكردنی فەرمانگەكان یان بەڕێوبەرایەتییەكان پەنجا بە پەنجاو چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك و بەغدا بەپێی رێككەوتنی پێشووی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و مەسعود سەرۆكی پارتی.