سەرکەوتنی هەدەپە بۆ هەموانە

لەلایەن ستاندار Posted on 269 جار بینراوە

ئارام هادی

هیواخوازین کوردانی باکور ئەوەی بەدەست ئەردۆغان چەشتویانە ڕۆژی یەک شەممە باش لەبیریان بێت و بەدەنگەکانیان تۆڵەی لێ بکەنەوە، ئەردۆغان لە مانگی شەشی 2015بە دواوە، مێزی گفتوگۆی ئاشتی گۆڕی بۆ شەڕ و چەندین خەڵکی سڤیلی کوشت، زیندانەکانی پڕکرد لە سیاسی و ڕۆژنامەنوس و پەرلەمانتار، ئازادی ڕادەربڕینی نەهێشت، چەندین شاری کوردی وێران کرد.

چەندین سەرۆک شارەوانی کوردی لە باکور خستە زیندان یا لەسەرکار لایبردن و خەڵکی خۆی دانا لەشوێنەکانیان، هاوکارییەکانی بۆ گروپە تیرۆرستیەکان زیاترکرد بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان، دواتر عەفرینی داگیرکرد و هاوکات لە باشوری کوردستانیش بنکەی زیاتری سەربازی دانا، هاوکارێکی باشیش بو بۆ هەڵخەڵەتاندنی بەشێک لە سەرکردایەتی سیاسی هەرێم و ڕیفراندۆمێکی بێ بنەمای پێ ئەنجام دان و دواتر ڕۆڵێکی باڵای گێڕا لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر.

سەرکەوتنی هەدەپە تەنها پەیوەست نیە بە خۆیانەوە و ئێمەش لە باشور و پارچەکانیتر لەپەنای ئەو سەرکەوتنەدا پشویەک دەدەین، سەرکەوتنی هەدەپە ئەردۆغان جڵەو گیردەکات و وەک ڕابردوو ناتوانێت هەنگاوەکانی بەدژی کوردان بنێت، دەبێت کوردانی باکور و ئازادیخوازانی تورکیا زۆر بە گرنگیەوە لەم هەڵبژاردنە بڕوانن و بەدژی ئەردۆغان سندوقەکانی دەنگدان بەدەنگەکانیان پڕبکەن بە قازانجی هەدەپە، کەس نەڵێ ئەمە هەڵبژاردنێکی ناوخۆیی تورکیایە و کاریگەری بۆ سیاسەتی دەوڵەت نابێت، بێگومان دەیبێت لەکاتێکدا ئەوەی لە خەونی ئەردۆغانە نەیەتە دی.

خۆم بەو حوکمەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوی 2014ی شارەوانیەکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە یەکی نۆڤەمبەری2015 بەخت یاوەرم بو وەک چاودێرێک لە باکوربوم، ئەوەی من تێبینیمکرد ئەوەبو کە ئەو گەلە جگە لە سەرکەوتن هیچیتر ناناسێت و ماندوو نابێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیاش هیچ دەرفەتێکی ئازادی لەبەردەم گەلدا نەهێشتۆتەوە و هەرچی وشەیەک بەدژی دەسەڵات بڵێ یەکسەر بۆ زیندان پەلکێشی دەکەن.

نمونەیەکی زۆر باش کەخۆم لە هەڵبژاردنی یەکی نۆڤەمبەری 2015بینیم، ڕۆژی دەنگدانەکە بنکەکانی دەنگدان لە سەربازگە دەچون هەموو بنکەکان هێزێکی تایبەتی جەندرمە و سوپای لێ بو بە ناقیلەی ئەشخاسەوە، ئەمە جگەلەوەی لەبەردەم بنکەکانی دەنگدان بە سەلییە فیشەکیان دەنا بە ئاسمانەوە بۆ ئەوەی خەڵک چاوترسێن بکەن، هەرکەسێک دەچوە دەرەوە بۆ دەنگدان بەتەمای ئەوەنەبو بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە خۆی دانابو بکوژرێت یا بچێتە زیندان.

هیواخوازین ئەمجار ڕەوشەکە بەوجۆرەی ڕابردوو نەبێت و کوردانی باکور و ئازادیخوازانی تورکیا لەکەشێکی ئارامدا دەنگەکانیان بۆ هەدەپەییەکان بێت، خاڵێکیتری گرنگ ئەوەیە، کە بەشێکی کورد لەبەر هۆکاری ترس بێت، یا پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و کەڵەکەبونی سەرمایەکانیان لە ڕابردوو هەمیشە دەنگەکانیان دژی کوردان بوە و قازانجەکەی چۆتە گیرفانی ئەردۆغانەوە، ئەم جۆرە لە کوردان دەکرێ مێژووی ڕەشی خۆیان پاک بکەنەوە و ئەمجار دەنگەکانیان بۆ هەدەپە بێت نەک ئەردۆغان.

دواجار سەرکەوتنی کورد مسەوگەرە و زیادە ڕۆیی نیە گەر لەئێستاوە پیرۆزبایی خۆمانیان لێبکەین، بەمەرجێک ڕێگە لەو تەزویرەبگیرێت کە هەمیشەلەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام ئەدرێت، حەقیشە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێریەکی توند بخەنە سەر هەڵبژاردنەکە و دەرفەتی گزی و زەبر و زەنگ نەدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.