چەند سەرنجێک لە بارەی “پێشنیازی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان- عێراق”

لەلایەن ستاندار Posted on 228 جار بینراوە

د.خامۆش عمر
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند پێشنیازی یاسایەک، لە بارەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کران، دواتر دەستەی سەرۆکایەتی و لێژنەی یاسایی، تەنها ئەو پێشنیازەیان خستە بەرنامەی کار کە لە (28/3/2019) بە ئیمزای (68) ئەندام پەرلەمان پێشکەش کرابوو، لە کاتێکدا پێشنیازەکانی تر لە (26/3/2019) پێشکەش کرابوون، نەخرانە بەرنامەی کار!
ئەگەر خۆێندنەوەیەکی سەرەتایی بۆ ئەو پڕۆژەیە بکەین، ئەوا دەکرێت ئەم سەرنجانەی خوارەوەی لەسەر بدەین:
1-ئەو یاسایە لەسەر دوو ئاڕاستەی سەرەکی کاردەکات، ئاڕاستەیەکیان چۆنیەتی کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی ژمارە (1)ی ساڵی 2005ە، ئەمیش بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای “هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم”ی ژمارە (10)ی ساڵی 2018، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (2)ی ساڵی 2017، ئەوەش لە پێناو کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم، ئاڕاستەی دووەمی پێشنیازەکە گۆڕینی میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکە لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بۆ هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ.
2-کڕۆکی یاساکە بریتیە لە گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک، ئەگەر سەرنج بدەینە پێشنیازەکە، ئەوا دەتوانین ئەم تێبینیانەی خوارەوەی لەبارەیەوە تۆمار بکەین:
ڕ-کاراکردنەوەی دامەزراوەکە کاتیە، تاوەکو پەسندکردنی دەستوری کوردستان- عێراق، واتە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک و دەسەڵاتەکانی دەبێت لە دەستور یەکلای بکرێتەوە.
ب-لە خاڵی (5)ی ماددەی چوارەمی پێشنیازەکە هاتووە “سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێکی ئاشکراو و بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان ……هەڵدەبژێردرێت”.
1-بەگوێرەی ئەو دەقە بێت سەرۆکی هەرێم بە “دەنگدانی ئاشکرا” هەڵدەبژێردرێت، ئەمەش پێچەوانەی بنەما سەرەکیەکانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەردە، کە جەخت لەسەر دەنگدانی نهێنی دەکاتەوە، پێچەوانەی ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەکانە کە جەخت لەسەر نهێنی دەنگدان دەکاتەوە، عێراقیش لەو وڵاتانەیە کە ئەو ڕێککەوتنامەی پەسندکردووە، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستانیش پێوەیەوە پابەند بێت.
2-سەبارەت بە ڕێژەی پێویستی دەنگدان، ئەوا لە دەقەکەدا هاتووە: “زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان…..هەڵدەبژێردرێت”، بەهۆی پێگەی سەرۆکی هەرێم لە سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان بەو پێیەی سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، پێویست بوو ڕێژەیەکی دەنگی زیاتر دیاری بکرایە لە پێشنیازەکە، بۆ نمونە ڕێژەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامان، ئەگەر لە خولی یەکەم هیچ کاندیدێک نەیتوانی ئەو ڕێژەیە بە دەست بهێنێ ئەوا لە خولی دووەم پەنا بۆ زۆرینەی ڕەها ببردرێت بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو پۆستە.
جگە لەوەش لە خاڵی (3)ی ماددە شازدەهەمی یاسای سەرۆکایەتی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆکی هەرێم هاتووە “بەلای کەمەوە (3/4)ی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان- عێراق، لە دەنگدانێکی نهێنیدا، لە متمانەی بخەن”، باشە چۆن دەکرێت متمانە بە زۆرینەی ئەندامان وەربگرێت، کەچی وەرگرتنەوەی متمانە بە ڕێژەی (3/4) بێت، ئەوە ناکۆکە لەگەڵ بنەمای شێوە هاوتاکانی یاسایی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.