یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و سیستمی پەرلەمانی

لەلایەن ستاندار Posted on 415 جار بینراوە

جمال حمەرشید- ماستەر لە یاسای گشتی

ھەرێمی کوردستان دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و دروست کردنی دەسەڵاتێکی خۆیی وەک یەکەم ئەزمونی حوکمڕانی کوردی ھاوچەرخ ، سیستمێکی فەرمانڕەوایی بنیاتنا، ھەرچەندە لە واقعی نەبونی دەستوردا سیماکانی ئەو سیستمی فەرمانڕەوایی یە تەواو ڕون و ئاشکرا نەبوە کە ئایا سیستمێکی تەواو پەرلەمانی یە یان سەرۆکایەتی یە یان نیمچە سەرۆکایەتی یە.

لە ڕوانگەی فقھی دەستوریەوە چەند جۆرێک لە سیستمی حکومڕانی ھەیە، ئەگەر سیستمی حوکمڕانی بەند بێت لەسەر ھاوسەنگی و ھەماھەنگی نێوان ھەردوو دەسەڵاتی یاسا دانان و جێبەجێ کردن، ئەوا ئێمە لەبەردەم سیستمێکی پەرلەمانیداین (نمونە دەوڵەتی بەریتانیا).

بەڵام ئەگەر سیتمەکە وەستا بێتە سەر جیاکاری تەواو لە نێوان ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن لەگەڵ گرنگی زیاتری ئەمەی دواییان، ئەوا ئێمە لەبەردەم سیستمێکی سەرۆکایەتیداین (نمونەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا یان ڕوسیا).

لە کاتێکدا سیستمی حکومەتی جەمعیە ( سیستمی دوو ئەنجومەنی) زیاتر تیایدا دەسەڵات چڕ بوەتەوە لە ئەنجومەنی یاساداناندا و بە شێوەیەک دەسەڵاتی جێبەجێ کردن زیاتر وەک پاشکۆی دەسەڵاتی یاسادانان دەردەکەوێت (نمونە وەک دەوڵەتی سویسرا).

دواھەمین جۆری سیستمی حوکم بریتی یە لە (سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی) یان (سیستمی تێکەڵاو) کە بەشێک لە تایبەتمەندی ھەردوو سیستمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە خۆ گرتوە (نمونەی وڵاتی فەڕەنسا).

سەبارەت بە سیستمی پەرلەمانی کە لەسەر چەند بنەمایەک بەندە، گرنگترینیان بونی سەرۆکێکی نا بەرپرسە کە (ئایا مەلیک بێت یان سەرۆک)، بە واتای ئەوەی کە پێگەکەی زیاتر پرۆتۆکۆلیەو دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە.

ھەروەھا لە سیستمی پەرلەمانیدا ھاوسەنگی و ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر ھەیە لە نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ کردندا، واتە بونی ئەنجومەنێکی وەزیرانی بەرپرس لە ڕوی سیاسی یەوە لەبەردەم پەرلەماندا، وە پەرلەمان دەتوانێت متمانە بکێشێتەوە لە حکومەت لە بەرامبەر ئەوەی کە حکومەت مافی ئەوەی ھەبێت و بتوانێت پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە.

بەڵام سیستمی سەرۆکایەتی پایە سەرەکیەکەی بریتی یە لە جیاکاری ڕەھا لە نێوان ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن لەگەڵ بونی سەرۆکێکی ھەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە. لەم سیستمەدا دەسەڵاتی جێبەجێ کردن بەرپرس نیە لە بەرامبەر پەرلەمان، ھەروەھا پەرلەمان ناتوانێت متمانە لە حکومەت وەربگرێتەوە. وەزیرەکان لەم سیستمەدا تەنھا وەک فەرمانبەری جێبەجێکارن بە دوای سەرۆکەوە، وە سەرۆک خۆی خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوەیە وەک بەرزترین بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن لە وڵاتدا.

نمونەی سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی یان (تێکەڵاو) کە لە فەڕەنسا کاری پێ دەکرێت (دەستوری فەڕەنسا ساڵی ١٩٥٨) دوو جۆر دامەزراوەی لێ پەیدا بوو کە دامەزراوەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن کە پێکھاتوە لە (سەرۆکی دەوڵەت ) و (سەرۆک وەزیران)، وە دامەزراوەی یاسادانان (پەرلەمان).

بەڵام دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن لە سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی جیاوازە لە دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن لە سیستمی پەرلەمانی، کاتێک سەرۆک کۆمار ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێت (ھەمواری دەستوری فەڕەنسا ساڵی ١٩٦٢)، بە بێ ئەوەی ئەمە ببێتە ھۆی نەھێشتنی سیماکانی تری سیستمی پەرلەمانی، واتە لە ڕوی دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردنەوە لە سیستمی پەرلەمانی دەچێت کاتێک سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیران ھەیە و ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسە لە ڕوی سیاسی یەوە لە بەردەم پەرلەماندا، واتە پەرلەمان دەتوانێت حکومەت لە کار بخات لە کاتی کشانەوەی متمانە لە کۆی ئەنجومەنی وەزیران، ھەروەھا دەسەڵاتی جێبەجێ کردنیش دەتوانێت پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە لە کاتی بونی جیاوازی گەورە لە نێوانیاندا.

لە لایەکی ترەوە ئەم جۆرە سیستمە نزیک دەبێتەوە لە سیستمی سەرۆکایەتی لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە، کە ئەمەش وا دەکات سەرۆک کۆمار خاوەنی دەسەڵاتێکی یاسایی فراوان بێت کە دەستور بۆی فەراھەم کردوە. بەڵام ڕۆڵی سەرۆک وەزیران تەواوکەری ڕۆڵی سەرۆک کۆمارە بە پێی پێگەی ئیداری کە دەستور ڕۆڵی پێداوە لە نەخشی سیاسەتی کەرتە حکومیە جیاوازەکاندا، ھەرچەندە ھێندەی دەسەڵاتە دەستوریەکانی سەرۆک کۆمار نیە.

ئێستا لەبەر ڕۆشنایی ئەم کورتە باسەی سەرەوە سەبارەت بە جۆرەکانی سیستمی حوکم لە جیھاندا، کاتێک سەیری سیستمی حوکم دەکەین لە ھەرێمی کوردستان ناتوانین بە تەواوی یەکلا بکرێتەوە کە ئایا سەر بەکام جۆر لەم سیستمانەی سەرەوەیە کە باس کرا، بەڵام بە پێی داخوازی زۆرێک لە لایەنە کوردستانیەکان بێت زۆرینە خوازیاری بونی سیستمێکی پەرلەمانین کە لە ڕەشنوسی پرۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان لە ماددەی یەکەمدا جێگیر کراوە کە دەڵێت (سیستمی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان پەرلەمانی کۆماری دیموکراتیە..) ، بەڵام کاتێک سەیری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠٠٥ دەکەیت، دەبینیت کە سەرۆکی ھەرێم خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی فراوانە کە بە ھیچ شێوەیەک ناگونجێت لەگەڵ سیستمی پەرلەمانیدا.

بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو سیستمێکی پەرلەمانی گونجاو بڕۆین، تا ئەو کاتەی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی دەستوری خۆی، پێویستە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھەموار بکرێتەوەو تەواو بگونجێنرێت لەگەڵ سیستمێکی پەرلەمانی دروستدا، بۆ ئەمەش دەبێت زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم کەم بکرێتەوەو گۆڕانکاری تێدا بکرێت بەم شێوەی لە خوارەوە باسی دەکەین:

– مادەی دوو لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم باس لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەکات بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن ھاوڵاتیانەوە، دەبێت ئەم مادەیە ھەموار بکرێت بە شێوەیەک کە سەرۆکی ھەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت.

– بڕگەی شەشەم لە مادەی دەیەمی یاساکە کە باس لە بونی دەسەڵاتی لێبوردنی تایبەت لە بەند کراوان دەکات لە لایەن سەرۆکی ھەرێمەوە، ئەم دەسەڵاتە جگە لەوەی دەستخستنە ناو دەسەڵاتی دادوەریە و ناگونجێت لەگەڵ بنەمای لەیەک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، ھاوکات ناگونجێت لەگەڵ سیستمێکی پەرلەمانی دروستدا. ھەر بۆیە ناکرێت سەرۆکی ھەرێم خاوەنی ئەو دەسەڵاتە بێت.

– بڕگەی حەوتەم لە مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس لە پەسەند کردنی حوکمی لە سێدارەدان یان سووک کردنی دەکات بۆ بەند کردنی ھەتا ھەتایی، ئەم دەسەڵاتەش لەبەر ھەمان ھۆکاری بڕگەی پێشتر کە لە سەرەوە باس کرا ناکرێت سەرۆکی ھەرێم خاوەنی بێت.

– بڕگەی دەیەم و یانزەیەمی مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس لە ھاتنە ناوەوەی ھێزەکانی فیدراڵ دەکات بۆ ناوەوەی ھەرێم بە ڕەزامەندی پەرلەمان. وە ناردنە دەرەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بە ڕەزامەندی پەرلەمان. لە ڕاستیدا لە سیستمی پەرلەمانیدا ئەم دەسەڵاتە پێویستە لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت بە ھاوبەشی پەرلەمان.

– بڕگەی سیازدە لە مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس دەرکردنی فەرمانی دەست لە کار کێشانەوە دەکات بۆ وەزیر یان ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن سەرۆکی ھەرێمەوە لە دوای کێشانەوەی متمانە لە پەرلەمانەوە لێیان. ئەم دەسەڵاتەش وەک زیادە وایە، پێویستە دوای کێشانەوەی متمانە لە وەزیر یان ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن پەرلەمانەوە، ڕاستەوخۆ بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و پێویست بە دەرکردنی فەرمان نەکات لە لایەن سەرۆکی ھەرێمەوە چونکە ئەم دەسەڵاتە وەک کۆت و پێوەندێک وایە بۆ دەسەڵاتی پەرلەمان لە لایەن سەرۆکی ھەرێمەوە.

– بڕگەی پازدە لە مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس لە دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەکان دەکات ، پێویستە ئەم دەسەڵاتە لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت.

– بڕگەی شازدە کە باس لە دامەزراندنی دادوەران و سەرۆک و ئەندامانی داواکاری گشتی دەکات ، خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە پێویستە ئەنجومەنی دادوەری بێت نەک سەرۆکی ھەرێم. ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەروەری یاسا و بنەمای لەیەک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.

– بڕگەی حەڤدە لە مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس لە بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی ھێزە چەکدارەکان دەکات، پێویستە ئەم دەسەڵاتەش لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت چونکە لە سیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆک وەزیران فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانەو خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینەیە.

– مادەی سیازدە، بڕگەی یەکەمی یاساکە، کە باس لەوە دەکات سەرۆکی ھەرێم فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانە، دەبێت سەرۆکی ھەرێم خاوەنی ئەو دەسەڵاتە نەبێت لەبەر ئەو ھۆکارەی لەسەرەوە باس کرا.

– مادەی شازدە لە بڕگەی سێھەم کە باس لە کێشانەوەی متمانە دەکات لە سەرۆکی ھەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە. پێویستە ئەم بڕگەیە لە یاساکە لا ببرێت لە سەر ئەو بنەمایەی کە دەڵێت (کاتێک دەسەڵات نەبو نابێت بەرپرسیارێتیش ھەبێت)، لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆک دەسەڵاتی کاریگەری نیە بەو پێیەش نابێت بەرپرسیاریەتی ھەبێت، لێسەندنەوەی متمانەش لە لایەن پەرلەمانەوە واتە بەرپرسیارێتی سیاسی کە ئەمەش لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆکی ھەرێم یان وڵات نیەتی.

لە سیستمی پەرلەمانیدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵات زیاتر پرۆتۆکۆلین و سەرۆک وەک سیمبولی پاراستنی دەستوور سەیر دەکرێت، سەرۆک زیاتر وەک ناوبژیوانێکە لە نێوان دامەزراوە دەوڵەتیەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.