سەركردەیەكی كۆمەڵ داوا دەكات هێرشەكان بۆ سەر گۆڕان رابگرن

لەلایەن ستاندار Posted on 185 جار بینراوە

ستاندەر

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی‌و  سەرۆكی فراكسیۆن ئەو حیزبە لەپەرلەمانی كوردستان، داوا لەلایەنگرانیان دەكات، هێرش‌و رەخنەكان بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان رابگرن.
عەبدولستار مەجید لەمیانی نووسینێك دەڵێت: هەر هێزێكی سیاسی، ئازادە لە شێوازی حیزبایەتی و ئاراستەی سیاسەتكردن‌و مامەڵە و ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ ئەوانی دیكە، ئێمە بۆیە چەند هێزێكی جیاوازین لە قەوارەی سیاسییدا، دیارە جیاوازیشین لەدید و دونیابینی و ئایدیا و .. هتد.
هەروەها دەشڵێت: بۆیە زۆر ئاساییە، كە هەریەكەشمان سیاسەتی جیاواز و بڕیاری جیاوازمان هەبێ گرنگ ئەوەیە هەر بڕیارێك بدەین، بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ئەو مەبادیئە ئینسانییانە لەبیر نەكەین، كە بۆی دروستبووین و كارمان بۆ كردووە.
باسی لەوەش كردووە، نە ئێمەمانان وەك هێزی سیاسی، نە خەڵكی كوردستانیش، كەسمان تاقەت و حەوسەڵەی ناكۆكی‌و دژایەتی‌و شەڕە قسەمان نییە، ئەگەر دەرفەت هەبێت بۆ ڕەخنە لە ئەدای خراپی ٢٨ ساڵی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان كە دوو حزب لێی بەرپرسن، چی مەعقولە هێزەكانی تر لەسەر ئەوەی لە هەنگاوێكدا لەوانی تر جیاوازترە، بكەونە شەڕە قسە و لەولاشەوە ئیعلامی دابەستە و سێبەری ئەملاولا خەریكی خۆشكردنی فیتنە و ناكۆكیی و شەڕە قسەی نێوانیان بێت”.

هەروەها ئەوەش دەڵێت: ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، لە بزوتنەوەی گۆڕان، لە یەكگرتووی ئیسلامیی، لەوانی تریش جیاوازن ئەوانیش لە ئێمە جیاوازن، بەڵام هونەر لە مامەڵەكردن و هاوڕێیەتی و پێكەوەییدایە بەو جیوازییانەوە .
جەختی لەوەش كردووەتەوە، جا ئەمە ئەكرێ هەركاممان جیاوازبووین، یان بڕیارێكی جیماندا ئیتر ئەوانی تر بكەونە گیانی و لە پشتی دەیان پەیجی ساختەوە كەسایەتیی سیاسیی و مەعنەوی بشكێنن ؟!
عەبدولستار رەخنەی گرتووە و دەڵێت: لە ڕاستیدا ئەمە ڕەفتارێكی قێزەونە و ئێمەمانان نابێ چاولێكەری ئەتوار و ڕەفتاری لەوجۆرە بین، لەبری ئەوە هەمووان پشتی یەكتر بگرین لەپێناو ئەو ئامانجانەی ساڵانێكە دەستی یەكتریمان لە پێناویدا ناوەتە دەستی یەك،  “ڕونتر بڵێم; گۆڕان هێزێكی سیاسیی سەربەخۆیە خۆیان بەرپرسن لەو بڕیار و قەناعەتە سیاسییانەی هەیانە، تەمەننا دەكەین ڕێكەوتن و چوونە حكومەتیان بەخێر و خۆشیی بۆ خەڵك تەواو بێت و ئەوانیش و پارتیش عیبرەتیان لە ناكۆكیی و هەڵەكانی ڕابردوویان وەرگرتبێ مەگەر خەڵكیش هەر ئەمەی ناوێ ؟!”.
لە كۆتاییدا باسی ئەوەشی كردوووە “ئێمە لانیكەم وەك كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، خاوەنی دید و دونیابینی و ئەخلاق و مەبدەئی سیاسیی و ئبسلامیانەی خۆمانین، هەروەك خەریكی كار و پرۆژە سیاسیی و ئیسلامییانەی خۆشمانین، نە دەبینە بەشێك لە ناكۆكی و شكاندنی بەرامبەرەكانمان، نە جیاوازبوونیش بە تاوان و هەڵە دەزانین، لەو چەندین ساڵەشی كاری هاوبەشمان كردووە، بایی ئەوەندە لەیەك تێگەیشتووین كە ڕێزی یەك بگرین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.