رێکخراوی ١٧ی شوبات راپۆرتێک لەبارەی پێشێلکاریەکانی دژ بە مافی مرۆڤ لە سێ مانگی رابردوو بڵاودەکاتەوه

لەلایەن ستاندار Posted on 298 جار بینراوە

ستاندەر
رێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا سەرجەم ئەو پێشێلکاریانە بڵاودەکاتەوە کە لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠١٩ لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراون.
لە راپۆرتەکە ھاتووە (٢٣٥ ) ڕووداوی پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان، چالاکوانان، خۆپێشاندەران، مامۆستایانی خۆپێشاندەر، پێشمەرگە، مامۆستایانی ئاینی و خەڵکی سڤیل وەک تیرۆرکردن، زیندانی کردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، ھەڕەشە و ترس و تۆقاندن لەھەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای مانگی یەک تا کۆتایی مانگی سێ لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون.

دەقی راپۆرتەکە بخوێنەوە:

راپۆرتی سێ مانگی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە

١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەناوەوەو دەرەوەی وڵات خۆبەخش و بێلایەن و پیشەییانە کاردەکات لەسەر تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەھەرێمی کوردستان و بەدواداچون دەکات لەسەر تەواوی پێشێلکارییەکان و ناوەندە جیھانیەکانی لێ ئاگاداردەکاتەوە بەتایبەت تیرۆرە سیاسیەکان کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدەدرێت و ھەوڵدەدات (کەس و لایەنی سیاسی) ئەنجامدەر ئاشکرابکات بۆ ڕای گشتی.
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەواوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەھەرێمی کوردستان پۆڵێن دەکات بۆ دووجۆر: راستەوخۆ و ناراستەوخۆ. جۆری یەکەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ دەسەڵات لێی بەرپرسەو ئەنجامی دەدات نمونەی تیرۆری سیاسی و تەقەکردن لەخۆپێشاندەران…ھتد. جۆری دووەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ناراستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت وەکو خۆکوشتن بەھۆی ھەژاری و کوشتنی ژنان و گیان لەدەستدانی ھاونیشتیمانیان لەڕێگەی ھەندەران…ھتد.
لەم راپۆرتەدا، ١٧ی شوبات تەنھا جۆری یەکەمی تۆمار کردووە کە بریتین لە (٢٣٥ ) ڕووداوی پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان، چالاکوانان، خۆپێشاندەران، مامۆستایانی خۆپێشاندەر، پێشمەرگە، مامۆستایانی ئاینی و خەڵکی سڤیل وەک تیرۆرکردن، زیندانی کردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، ھەڕەشە و ترس و تۆقاندن لەھەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای مانگی یەک تا کۆتایی مانگی سێ لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون .

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، وڵاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەناویدا ، لە لیستی ڕەشدایە بۆ ساڵی ٢٠١٨ بەگوێرەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوری نێودەوڵەتی. و ڕیزبەندی ١٦٠مین ولاتی گرتووە لەکۆی ١٨٠ ولاتی جیھان لە خراپی رەوشی کاری رۆژنامەگەریی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. ھەروەھا، بەپێی ڕیزبەندی فریدەم ھاوس ئازادی نیە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.
لەکۆتاییدا، ئێمە وەک ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنین:
ھەردوو حزبی دەسەڵات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەکییان دەزانین لەم تیرۆرو ترس و تۆقاندن و پێشێلکارییانەی کە ئەنجامدەدرێن دژ بە ھاونیشتیمانیان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەتایبەتی. ھاوکات، ئامارو داتا تۆمارکراوەکانی ڕێکخراو و ناوەندەجیھانیەکان دەریدەخەن، ئازادی رادەربڕینی تاک و کاری رۆژنامەنوسی لەھەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی ترسناکدایە.
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ
٢ی نیسانی ٢٠١٩

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.