کورسی

لەلایەن ستاندار Posted on 223 جار بینراوە

نەبەز جەلال

سیاسەتی چاڵ ھەڵکەندن و دووبارە خستنەوە سەر ڕێ و گرتنەوەبەری ھەڵە تێپەڕیوەکانی سیاسییە سەپاوەکانی ڕابووردوو، لە پێناو لەیەکچوون و نەھێشتنی جیاوازییەکانی یەکتر و ناشرینکردنی بەرامبەر، جگە لەگەمەی خۆکوژی و دورخستنەوەو کۆتایھێنان، ھیچ دەرئەنجامێکی تری ئەرێنی نوێ ناخاتە سەر ڕێژەی بەرزبونەوەی تێکۆشان و سەروەری ھێزێک کە شکست لە دروستکردنەوەی قۆناغێکی تری شکستدا خەرج بکا بۆ بەرامبەر وەک نەیارێکی سیاسی.

ململانێی سەختی خۆپەرستی و خۆفرۆشی ” جاش ” بوونی ڕابووردوو، چەندبارە بوونەوەیان لە مێژووی سیاسی کورددا، بە ھۆکار و شێوازی جیاواز، بەڵگەی ئەو نەھامەتییە قورسەیە کە قاچی کورتی حیزب و ئاوەزی خێڵگەرایی کورد نەیتوانیوە لە داوی ببێتەوەو ڕۆژە ڕەشەکانی خۆی بە ڕۆژێکی گەشتر بسپێرێ.!

سەرانی خۆپەرستی سیاسی ، ھەمیشە پرۆسەی بەخێوکردنی حیزب و ئەندامانی خۆیان کردۆتە ئامانج، چەمکی پەروەردەکردن و فێرکردنی نیشتیمانییان کووشتوە و شان و شەکەتی ئەو ماندوببون و بەخێوکردنەیان لەو پەندە کوردییەوە ئاڵاندوە کە دەڵێ دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە، بۆیە ئاوەزی گەشەکردن و پەروەردەکردنیان بۆ فێربوون نەھێشتووەو، تێرکردنی سکە برسییەکەیان کردووە بە ئاسودەیی و سەرکەوتنی ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵکەکە.!

بێگومان دوای تێپەڕاندنی ئەو ھەموو خول و پێچانەی تێپەڕین ،بە ھەمان میتۆدی کۆنەوە، دەستبردنەوەی دووبارەی پرۆسە سیاسییەکە و گوڕی بەسیستماتیککردنی سیستمی سیاسی لە ئێستادا، جەگە لە خۆ دووبارە جیڕکردنەوەی سیاسی و ناچاربوونە بۆ خۆ دەربازکردن و خۆدزینەوە لە ئەرکە ڕاستەقینەکەی چارەسەر بە بوێری باسەکە، کە بە دڵنیاییەوە ھیچ جۆرە چەکەرەیەکی ئومێدمان بەو داری بەرییەدا بۆ ھەڵناپێچی وەک دەرئەنجامێکی بەرجەستەی بە بەرھەم.!

لەئێستادا بە شێوەیەکی زەقتر پەتای شەڕی دەستەو یەخەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی کورسییەکانی دەسەڵات بۆ بژێوی دەردەکەون، ئەم ھەمە سەراپای کار و کاریزما کارتۆنەکانی حیزبیشی گرتۆتەوە، لەو کورسییەوە ھەموو پێوەرەکان کەسی و ڕەوشتی و فیزیکیشان دەگۆڕدرێ، ئاسودەییان لەژێر شنە بای ئەو کورسییە گەرمەوە دەگات ھەموو جێیەک بۆ خۆشبەختی.!

بە ھەمووان خەریکی لابردنی کورسییەکەی سەرۆکی بە ناو ھەرێمی کوردستان بووین، گەرچی بێتامیشی کردبوو، بەڵام کەسیشمان نەدی لەسەر کورسییەکەی خۆی بجمێ و نیەت خۆش بێ و بێ مەڵامەت و سەلامەت جێگەکەی چۆڵبکا گەر ھەوڵی کورسییەکی گەرم تر لەوەی خۆی نەدابێ بۆ گیرفان.!؟

تەماح لەبوونی کورسی پۆستەکاندا، بۆتە دوا چانسی مانەوەو بەرگریکردن لە بژێووی سیاسی و دەستکەوتە کەسییەکان ،بۆیە تەواوی پرۆژە کەسییەکان سەری پرۆژە گشتییە سیاسی و نیشتیمانییەکانییان خواردووە، گەر سەری ئەو تەماحە کەسیانە نەخورێ و دانەمرکێتەوە، بەڵاکەشی دوور نەخەینەوە بە ھەموان، ئەوە بەدڵنیایی بێ مەڵامەت نابین و سەری میللەتەکەشمان بە کورسی یەکێک لەو خۆپەرستانەوە دەخورێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.