پاڵەوانەکانی مەکینەی پۆپۆلیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 205 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

بێگومان ھەموو ھێزە سیاسییەکان لەسەرەتای درووست بوونیانەوە دەکەونە ژێر چاودێری کۆمەڵگە، زۆرینەی ھێزە سیاسییەکانیش بەشێک لەگوتاری پۆپۆلیزمییان ھەیە. ھیچ حیزبێک نییە گوتاری پۆپۆلیزمی نەبێت، بەڵام ھەیە تەواوی گوتارەکانی لەشێوەی مەکینەی گەورەدایە و بەپێی خواستی عەوام دەجووڵێت. لەسەرەتادا دەکرێت ھێزە پۆپۆلیزمییەکان ھەستێکی گشتیی ڕابکێشن بۆ گوتارەکانییان، بەڵام دوایی چەند چالاکییەکی سیاسیی و خوێندنەوەی پشتەوەی ڕووداوەکان ئەنجامەکە دەگۆڕێت.
گوتاری پۆپۆلیزمی گوتارێکی ترسناک و بێ بەرنامەیە، گوتارێکی عەقڵانیی نییە و بۆ خەڵەتاندنە. پۆپۆلیزمەکان بەدڵی عەوام سەما دەکەن و خاوەنی بەرنامەی دیاریکراو نین. کەسی پۆپۆلیزم وەک چێشتی مجێورە و ھەموو تامێک ھەڵ دەگرێت، خاوەنی ئایدیای دیاریکراوی خۆی نییە و زوو بڕیار دەدات و زوو پەشیمان دەبێتەوە، گرنگ دڵی گشتیی ڕازی بکات و بەرژەوەندی خۆی بێتەدی. چونکە ئامانجەکەی دەسەڵاتە نەک گۆڕانکاریی و بەرنامەی ستراتیژیی.

پۆپۆلیزمەکان پشت بەتاکتیکە خێراکان دەبەستن نەک پلانە ستراتیژەکان. بۆیە زوو زوو چالاکی دەکەن، واز لەچالاکییە درێژخایەنەکان دێنن. پۆپۆلیزمەکان درووشمی حەماسی گەورە ھەڵ دەگرن و ئاڕاستەی دەسەڵاتی دەکەن، لەڕێگەی درووشمەکانەوە خۆیان دەکەنە پاڵەوان و ھەستی خەڵک ڕا دەکێشن. لەکاتێکدا ئەو درووشمانە ھەرگیز لە ئێستادا بە خێرایی جێبەجێ نابن.

حیزبەکان بەگشتیی گوتاری پۆپۆلیزمییان ھەبووە و کاری لەسەر دەکەن.
گوتاری ناسیۆنالیزمی بەردەوام لای حیزبە دەسەڵاتدارەکان وەک مەکینەیەکی پۆپۆلیزمی خراوەتە گەڕ بۆ ڕازییکردنی ھەستی عەوام، یەکێتیی و پارتیی تا ئێستاش لەسەر ئەم گوتارە کاردەکەن. لەکاتێکدا چەندین خیانەتیان کردووە دژی ئەم گوتارە ناسیۆنالیزمییە. ناسیۆنالیزم مەکینەیەک بووە بۆ بە پاڵەوانبوونی سەرکردەکان، ماسکێکە بۆ شاردنەوەی ڕەشاییەکانی خیانەت. گوتاری ناسیۆنالیزمی بەردەوام دەبێتە ئازار شکێن بۆ عەوام و عەوام ڕازی دەکات.
لە ڕابوردووشدا ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان گوتاری پۆپۆلیزمییان ھەبووە. ئۆپۆزسیۆن دەیەویست بە چوار ساڵ دەسەڵات بڕوخێنێت و بەھەشت دروست بکات. لەکاتێکدا دەکرێت ئۆپۆزسیۆن بەشێکی دەسەڵات بگۆڕێت نەک ھەموو دەسەڵات. بۆ نموونە ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەکرێت بڵێ لە چوار ساڵی داھاتوو کار لەسەر گۆڕینی سیستەمی پەروەردە دەکەم، نەک بڵێت ئێمە دەسەڵات دەڕوخێنین و بەرپرسان لە سێدارە دەدەن. ئەمە گوتار پۆپۆلیزمیی و ناواقیعییە و بێ پلانییە. بەھەشتێک بە گوتاری پۆپۆلیزمی دروست بکرێت زوو دەبێتە دۆزەخ.

نەوەی نوێ وەک حیزبێکی تازە دەیەوێت ئەم شانۆگەریی پۆپۆلیزمە گەورەتر بکات. تائێستاش شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی حیزبی نەوەی نوێ سیاسییەکی قبوڵ نەکراوە بەگشتیی و گومان لەسەر دەوڵەمەند بوون و پێدانی ئەم پڕۆژە گەورانەی ھەیە. میدیای نەوەی نوێ NRT ھێرش دەکاتە سەر لایەنەکان و لەپاڵ یەکێتیی و پارتییدا ھەمووان یەکسان دەکات. ئەمەش سەرەتای کۆمیدییا سیاسییەکەی نەوەی نوێ بوو. چونکە ھەمووان دەزانین کە یەکسانکردنی یەکێتیی و پارتیی بەھێزە ئیسلامییەکان و گۆڕان عەقڵانی نییە، بەڵکو مانۆڕێکی پۆپۆلیزمییە و عەوامگەراییە.
سەرۆکی نەوەی نوێ ئەزموونی سیاسیی نەبووە و ڕاستەوخۆ لەبازرگانێکەوە ھاتووەتە یاریگای سیاسەت، ئەمەش توشیی ھەڵەی ستراتیژیی دەکات. زوو بڕیاردان و پاشان پەشیمان بوونەوەی بەڵگەی ئەم بێ ئەزموونیی و شڵەژانە سایکۆلۆجییەن. بۆ نموونە گوتی: «من وازم لە میدیای نالیا ھێناوە» بەڵام ھێشتا خۆی خاوەنی ڕاستەقینەی NRT و دەزگای میدیایی نالیایە. یان گوتی: «ئێمە ناچینە پەرلەمانەوە» بەڵام چوون و شەڕی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانیان کرد.

سەرۆکی نەوی نوێ لەسەرەتادا خۆی وا نیشاندا سیاسییەکی جیاوازە و دەچێتە پەرلەمان، خۆی سەرۆک لیست بوو بۆ پەرلەمان. دەرچوو، بەڵام نەچووە پەرلەمان و کەسێکی تری نارد.
نەوەی نوێ ھەموو ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتیی و پارتیی بەحەرامی سیاسیی داناوە، بەڵام حیزبەکەی بردۆتە ناو ھاوپەیمانی ئیێلاح لەعێراقدا، بەشێکی حیزبەکانی ناو ئەو ھاوپەیمانییە لەڕابوردوو و ئێستادا لە لوتکەی دەسەڵاتدابوون لەعێراق.

بەگشتیی گوتارە پۆپۆلیزمییەکان لەزەمەنێکدا دەکرێت جووڵە درووست بکەن، بەڵام لەکۆتاییدا ڕووە ئیزدیواجییەکەیان دەردەکەوێت و بێ متمانەیی درووست دەکەن.
گوتاری پۆپۆلیزمیی دەکرێت بۆ ماوەیەک یان ھەڵبژاردنێک جێگەی دڵخۆشیی پۆپۆلیزمەکان بێت، بەڵام لەکۆتاییدا بەفری گوتارە پۆپۆلیزمییەکان لە بەردەم ھەتاوی حەقیقەتدا دەتوێنەوە. لەکۆتاییدا پاڵەوانە ساختەکان ئاشکرا دەبن و مەکینە پۆپۆلیزمییەکەیان لە کار دەکەوێت. چونکە کەسی پۆپۆلیزم کەسێکە جێگەی گوومانە و خاوەنی ئایدیا و حەقیقەتێکی جێگیر نییە. بۆ ئەوەی سیاسییەکان دووربن لە گوتاری پۆپۆلیزمی، پێویستە چوارچێوەی کارنامە سیاسییەکەیان دیاری بکەن بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی حکوومەت. ئەگەر حکوومەت نەخۆشەکە بێت، کەسی پۆپۆلیزم دەڵێت بەیەک ڕۆژ چارەسەری دەکەم، بەڵام کاتێک بەیەک ڕۆژ ھەموو عیلاجەکە دەداتە نەخۆش، ئەو کات نەخۆشەکە دەمرێت. پێویستە حیزبەکان لە گوتاری ناعەقڵانیی و ئیزدیواجیی دوور بکەونەوە، چونکە بەھەشتێک بەخێرایی درووست بکرێت زووش دەڕووخێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.