باچاوەکانمان بشۆین و بەجۆرێکی تر بروانین

لەلایەن ستاندار Posted on 270 جار بینراوە

لەشکر قادر

١. ئەم دێرەی ”سهراب سپهری” لە ڕەھەندە ئەدەبیەکەیەوە دەتوانین بیھێنینە ناو جیھانی سیاسی و سۆسیۆلۆجی کۆمەڵگەی کوردی و ھەر لەو ڕەھەندەشەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین. دونیای ئێمە لەھەمووکات زیاتر، ئێستا پێویستی بەم دێرەی سۆھرابە «با چاوەکانمان بشۆین و بەجۆرێکی دیکە بڕوانین». با بەجۆرێکی دیکە بڕوانینە بەرەنگاری و گۆڕانی ڕادیکال(Radical Change) لەنێو ئەم سیستەم و کولتوورە سیاسیەی یەکێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە. بۆ ھێنانەدی ئەم خواستە پێویستە لە جیھانی سیاسەتەوە بگوازینەوە بۆ جیھانی پەروەردە و فیکر و زانست. بگوازینەوە بۆ بەرھەمھێنانی فۆڕمێکی دیکەی ئینسانی کورد کە خاوەنی کاراکتەر و دونیابینی و پەروەردەیەکی تازەو جودابێت لەو فۆڕمەی ئێستا تیایدا دەژی.

٢. بۆئەوەی کولتوور و جیھانبینی سیاسی مرۆڤی ئێمە بگۆڕێت و ھیچیتر بەشێوەیەکی «ئایدۆلۆژی و دۆگمایی» بەشداری سیاسی نەکات، پێویستە لە پەروەردەی سیاسی نوێی دونیای ئێمەدا حیزب ببێت بە ئامراز و ھاوڵاتی ببێت بە سێنتەر و ئامانج. ئەم مۆدێلە نوێیە لەدواجاردا ئاستێکی بەرزی ھوشیاری سیاسی بەرھەمدێنێت و خودی بەشداری سیاسی لە فۆرمە عەقڵانیەکەشیدا بەمجۆرەیە.

٣. ئێمە نابێ بڕوامان وابێ بەتەنھا کارکردن لەبازنەی بەرتەسکی حیزبی(بە ئۆپوزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە) دەتوانین خەبات و بەرەنگاری دژ بەو کولتوورە خێڵگەریە سیاسیەی یەکێتی و پارتی بکەین. ئەم جۆرە لە خەبات تاکو ڕیفۆرمی ھەندێ شتی بچووک دەکات، بەھەزارەھا ڕێگا دەچێتەوە خزمەتی ئەم عەقڵیەت و نەریتە سیاسیەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە بەرھەمیانھێناوە. ئێمە دەبێ زۆر «ڕادیکاڵ»تر بین بەرامبەر ئەم فۆرمە لە سیاسەت و بەم«ڕیفۆڕم»ە شکڵی و سەرپێییە ڕازی نەبین کە خواستی لەپێشینەی ھەموو ھێزە ئۆپۆزسیۆنە پۆپۆلیزمەکانی دونیای ئێمەیە و توانای گۆڕین و دەسکاریکردنی ھیچ شتێکیان نییە.

٤. لە مۆڕاڵ و ھزری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئینسانی کورد دەبێ ئەوە بچەسپێت کەھەڵوێست وەرگرتن و بەرەنگاری لەھەمبەر ھەر کردەیەکی ناعەقڵانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەرکێکی پیرۆزە، واجبێکی ئەخلاقی و ئینسانیشە.

٥. دونیای ئێمە دونیایەکی بە سیاسیکراوە و لەئاستی ڕۆشنبیری و جەماوەریش بەرەنگاری دژ بە سیستەم تەنھا لە فۆڕمە سیاسیەکەیدا دەبینرێ، بەڵام ئێمە دەشێ ئەو بەرەنگاریە لە شوێنێکی دیکەوە دەستپێبکەین.
بۆنموونە: ئەو ھێزەی ”سیستەمی پەروەردە” ھەیەتی لە دروستکردنی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا، ھیچ سیستەمی تر ئەو توانایەی نییە، بۆیە کارکردن بۆ گۆڕینی میتۆدەکانی پەروەردە «پەروەردەی فەرمی و نافەرمی» خواستی ئێمە بەدی دێنێت لەھەمبەر گۆڕانکاریدا. بەجۆرێک گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە تەواوی دونیای ئێمەدا، بەپێچەوانەشەوە وێرانبوونی سیستەمی پەروەردە وێرانبوونی تەواوی دونیای ئێمەیە. لەم ڕوانگەیەوەیە بیرمەند و سۆسیۆلۆگی گەورەی فرەنسی «ئۆگست کۆنت» لەبارەی خوڵقاندنی گۆڕانکاری ڕادیکاڵ لە کۆمەڵگەدا دەڵێت: ”ئێمە پێش ھەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، پێویستیمان بە شۆڕشی فیکری و پەروەردەیی ھەیە”.

٦. بەشێکی گەورەی ئەم سیستەمە سیاسیە ستەمکارە لە کۆمەڵگەی کوردی بەرھەمی ئەم پەروەردەیەیە، سیستەمی پەروەردەی ئێمە ھەمیشە لەسەر بەلاڕێدابەدنی ھوشیاری فێرخواز و تێکشکاندنی کارەکتەری ئینسانی کورد کاردەکات، بەشداری گەورەی ھەبووە لە وێرانکردنی دونیای ئێمەدا.

٧. کۆمەڵگەی ئێمە لەجیاتی نەقڵ و خۆ-کۆپیکرنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پێویستی بە دەنگی عەقڵە. پێویستی بە فیکری ئازاد و دروستکردنی کولتووری تاکگەرایی (Individualism)یە.

٨. لەکۆتایدا، دەکرێ بڵێین: بۆ ھێنانەدی و خوڵقاندنی گۆڕانکاری گەورە پێویستە پەنابەرین بۆ ”ئارگۆمێنتی قووڵ و سیستەمی بەڵگەھێنانەوەی زانستی و ڕەخنەی عەقڵانی” کە توانای تێپەڕاندنی پانتایی سیاسی ھەبێت و بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ سیستەمی کۆمەڵایەتی و کولتووری و پەروەردەیی و…ھتر بگرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.