دوێنێ و ئەمڕۆ: دژیەکیی هەڵوێستی حیزبەکان لە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم

لەلایەن ستاندار Posted on 211 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

– کە سەرۆکایەتیی هەرێم دامەزرا و مەسعود بارزانی بو بە سەرۆکی هەرێم، یەکێک لە کێشەکانی پارتیی و یەکێتیی ئەوە بو پارتیی داوایدەکرد نابێت سەرۆک هیچ جێگرێکی هەبێت. وابزانم بەرپرسێکی حیزبی شیوعیی بو گوتبوی: “بیستومە تەنها خوا جێگری نییە.”
– ئێستا پارتیی و یەکێتیی پێکەوە داوادەکەن سەرۆک نەک هەر جێگرێکی هەبێت، بەڵکو دو جێگری هەبن. ئەمە لە کاتێکدا دەرکەوت نەبونی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم هیچ كێشەیەک دروستناکات لە هەرێمی کوردستاندا، چ پێویست دەکات جێگرێکی دیکەی بۆ زیاد بکرێت.
– گۆڕان دەیگوت هەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم و سنوردارکردنی دەستەڵاتەکانی سەرۆک، کەچی ئێستا دەیانەوێت سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی دەستەڵاتەکانیان سنوردار نەبن چونکە خۆیان جێگرێکی سەرۆکی هەرێمیان هەیە.
– ئەندام پارلەمانێکی یەکگرتو داوادەکات دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم هەر نەمێنێت، کەچی یەکگرتوی بادینان ئەو حیزبە بو قبوڵی نەبو قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم هەمواربکرێتەوە.
– سەرۆکایەتیی هەرێم لە دامەزراندنیەوە دامەزراوەیەک بوە بۆ رازییکردن و مامەڵەکردنی سیاسیی و پۆست. جەلال تاڵەبانی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت، دەبوایە لە بەرانبەردا پۆستێکیش هەبوایە بۆ مەسعود بارزانیی. ئەو میراتی دابەشکاریی و مامەڵەکارییە بەو دامەزراوەیەوە هەر ماوە و هەریش دەمێنێت، هەرگیزیش نابێتە دامەزراوەیەکی نیشتیمانیی چونکە ئامانج لێی پێشخستنی حوکمڕانیی و حوکمی قانون و پێشخستنی دیموکراسیی نییە، بەڵکو ئامانج لەو دامەزراوەیە ئەو مامەڵەکارییەیە کە باسمکرد. ئەگەر ململانێی نێچیرڤان بارزانیی و مەسڕوڕ بارزانیی نەبوایە، پارتیی زۆر لای ئاسایی بو ئەو دامەزراوەیە هەر نەمێنێت دوای مەسعود بارزانیی، بەڵام دەبوایە پۆستێک هەبێت بۆ نێچیرڤان بارزانیی.
– سەرۆکی ئەمریکا یەک جێگری هەیە، تێناگەم سەرۆکی هەرێم بۆ دو جێگری هەبن؟
– گۆڕان و یەکێتیی پێیان وایە ئەگەر جێگری سەرۆکی هەرێم ببن دەستەڵاتیان دەبێت، ئەوانە خەون دەبینن، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانییە. لە سەروی سەرۆکی هەرێمیش پارتی دامەزراوەی “بارەگای بارزانیی” قیت کردۆتەوە و دەیانەوێت نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بکەن، کەچی گۆڕان و یەکێتیی شەڕیانە لەسەر پۆستێک کە وەرگرتن و وەرنەگرتنی شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕیت.
– لە ماوەی داهاتو، لای کەم من وای دەبینم، پارتیی داوای کۆمیتەیەکی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات و مەسعود بارزانیی دەبێتە سەرۆکی ئەو کۆمیتەیە. نێچیرڤان بارزانییش ناتوانێت ئەو کۆمیتەیە سنوردار بکات. ئەوە هەنگاوی یەکەمی مەسڕوڕ بارزانییش دەبێت بۆ ئەوەی دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کەمبکاتەوە و پەراوێزی بخات چونکە مەسڕوڕ بارزانیی لە پەیوەندییە فراوانەکانی نێچیرڤان بارزانیی دەترسێت. ئەوکات رونتر دەبێت یەکێتیی و گۆڕان خەریکی چ گەمەیەکی بێتامن لە کاتێکدا پارتیی زۆر عاقڵانە بۆ خۆی یارییەکانی دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.