پانۆڕامای ( تەزویر ، مراوەغە ، مفاوەزە ، مزایەدە ، مساوەمە )

لەلایەن ستاندار Posted on 209 جار بینراوە

حەمەئازاد بەرزنجی

لەدوای قۆناغی شۆڕش و سەرکەوتنی ، کاری پەرلەمانتاری و ھەڵبژاردن و ھەنگاونان بەرەو قۆناغەکانی دیموکراسی دەستپێدەکات . ئەمە لای ئەو وڵات و نەتەوانەی کە دەیانەوێ لە ڕێگەی ڕێبازو ھۆکارە دیموکراسیەکانەوە ، وڵات بەڕێوەبەرن و خزمەت بەبەرژەندییە باڵاکانی گەل بکەن .
لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانیشدا ، ھەمو پارت و لایەنەکان ، کاندید و بەربژێرەکانی خۆیان دیاری دەکەن و ئەوی لە توانایاندا بێت ، لە چوارجێوەی یاساو ڕێنماییەکانی ھەڵبژاردن بەکاریدەھێنن بۆ سەرکەوتنیان . ئەمە کارو ڕێوشوێنی ئاساییەو ، دوای تەواو بونی کاری ھەڵبژاردنیش ، ئەنجامەکان لەماوەیەکی کورتدا ، ڕادەگەیەنرێت و حکومەت پێکدەھێنرێت .
مەخابن لای ئێمە ئاڕاستەی قۆناغەکانی ھەڵبژاردن و پێکھینانی پەڕلەمان و حکومەت و ئەنجامەکانی ، بەئاستێکی ئاسۆییدا ناڕوات و چەندان ھەڵدێرو قۆرت و ھەڵبەز و دابەزی وای بۆ دروستدەکەن،کەچەندەھا مانگ بخایەنێت و چەندەھا دەرھاویشتەی نەخوازراوی لابەلای وای لێبکەوێتەوە ، کە ئەمانەش خۆیان لەناوخۆیدا ببنە سەرچاوە ، بۆ چەندان کێشەی دی .
ھەرلەیەکەم بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستدەکرێ، بەھێنانەپێشی ھەرچی مەلەفە، چ لەکۆن و چ لەنوێ، ھەڵدانەوەی قەتماغەی برینە بەسوێکان و کولانەوەیان و گەیاندیاننە تاسەر ئێسقان. نەک ئازاری دەرونی، بەلکو ھەندێ جار گەر ئارەزومەند بن لەوانەیە ئازاری جەستەیی یەکدیش بدەن و ھەڕەشەی نابەجێش لە یەکدی بکەن . ئامانجیش بێجگە لە ویستی سەرکەوتنە تاقانەکەی خۆیان ، ڕیسوا کردنی لاکەی بەرامبەریشە بەھەرشێوازێک بێت . لە ھەمویشی ناسۆرتر پەنابردنە بەر ترساندن و تۆقاندن و موچەبڕین و پەنابردنە بەر تەزویرە . تەزویر لە دەنگدان ، لە زیادکردن و پڕکردنەوەی کارتی دەنگدان و بەکارھێنانی ھەمو ئەو تەکنۆلوژیایەی کەلەبەردەستیانایە و بەرنامە داڕێژی چڕوپڕ بۆ کاری تەزویرکردنەکە .
لەھەرھەموی قورستر تەزویرە لەدەرھێنانی پێناسەی باری شارستانی و پێناسەی کەسیی تاکی ھەڵبژێر ، بەناو و وێنەی کەسانی دیکەی خۆیانەوە . ئەمە دەتوانرێ پێی بوترێ دەستبردن بۆ ناموسی تاکی کوردی و دەستدرێژیکردنە بۆ ناو بەھاو کایە کۆمەڵایەتیەکان . چونکە کە تۆ تەزویری پێناسەی کەسێکی دیت کرد واتە بەو پێناسە نوێیە دەتوانی ببی بە ئەو ، وە دەتوانی بەو پێناسە دەستبگریت بەسەر ھەمو موڵک و ماڵ و وە دەتوانی ئاڵووێریان پێوە بکەیت و بیشیانفرۆشی . بە کورتی و کوردییەکەی دەتوانی ببی خاوەنی ھەمو موڵکێکی مادی و مەعنەوی بە منداڵ و خێزانەکەیشییەوە ، ببی بە باوکی منداڵەکانی ، ببی بە مێردی خێزانەکەشی . ئائەمەیە ترسناکی تەزویر کاتێ بە دورییەکی قوڵ بۆی بڕوانی . بەڵام بە داخەوە ھەندێ بەلایانەوە ئاساییەو ھەر دەڵێی نە بایان دیوە نە بۆران .
دوای کاری ھەڵبژاردنەکان و ھەرچۆنێ بێت ئەنجامەکە جێگیردەبێ و ڕەوشەکە خاودەبێتەوە ، ئەوسا دەستدەکەن بە (( مراوەغە )) و دەستی دەستی و خۆدزینەوە و دواخستن ودرێژەپێدانی کات . چونکە ئەمان لەلایەک دەیانەوێ ھەڵسوکەوتە ناشرینەکانیان لەکاتی ھەڵبژاردن و کارە تەزویریەکانیان لە بیر خەڵک بەرنەوە ولەلایەکی دی لەبەرئەوەی سوڵتەیان بەدەستەوەیە ، ھەرچۆنێ بێت درێژەپێدانی کاری حکومەتی پێشوتر لە قازانجیانەو دەیانەوی چەندان مانگی دیکەش ھەر درێژە بدەن بەکارە نایاسایی و تەمومژاوییەکانیان کە بۆتە سەرچاوەی دارایی نادیار بۆیان و تا دواسات بەردەوامی پێبدەن . سەرەرای ئەمانە دەیانەوێ کێشە ناوخۆییەکانی ناو حزبەکانیانی پێبەرنە دەرەوە و ، ھەناردەو تێکەڵی ناو کێشەو داخوازیەکانی جەماوەری بکەن . بەم جۆرە دەیئاخزیننە ناو دانوستاننەکان و ناو دانیشتنەکانیانەوە . وە دەیانەوێ چاکترین ، باڵاترین و شیاوترین پلەوپۆستی ناو دەسەڵات بۆ قوتبەکان و قوتبزادەکانی ناو حزبەکانیان فەراھەم بکەن و سەرچاوەیەکی دارایی وایان بۆ بدۆزنەوە کە بتوانن ، خۆیان و دەستەودایرەو ئەو حەمکە حەشاماتەی کەلەچواردەوریانە ، بەموچەی باشی حکومییەوە چەندساڵێ بەڕێبکەن و بەڕێوەیبەرن ، بشبێتە سەرچاوە و داھات بۆ دواڕۆژێکی دورتریان و ، بۆ ڕۆژی تەنگانەیان ،بۆ ھەرکاتێ کە دەستیان لەوپلەوپایانە بەردەبێ .
بەم شێوەیەو بە ھەمان ھەناسەوە دەچنە ناو کۆبونەوەو دانوستان و ڕێکەوتنەکان دەسپێدەکەنەوە، لە پێشەوە لە ڕێگەی لیژنەی ئاسایی ئامادەکارو چەند مانگێکی دی بەسەردەبەن و دەمی یەکدی تاقیدەکەنەوەو ھەرجارەی کێشەی پۆستێ بۆ یەکدی قوتدەکەنەوە ، کە دەزانن لای بەرامبەر پێی قاڵسە و درێژە بەدانیشتنەکان دەدەنەوەو ، دەمێ ئەم بۆلای ئەو دەمێ ئەو بۆ لای ئەم . لەکۆتادا دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە لیژنەکانیان زۆر بەھێز نین و خاوەن بڕیارو ئەندامی بنەماڵە و قوتب و قوتبزادەی ھیچ لایەکی تیانییەو دەگەنەوە مریشکە ڕەشە و سەرلەنوێ لە سەری ساڵانەوە دەستپێدەکەنەوە . لەم کایەو نێوەندە نوێیەدا جارێکی دی بە کۆمەڵێ وشەی بریق و باق ختوکەی ھەستی لایەنگران و ھەندێ لە بێلایەنان دەدەن و دەیکەنە مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامەو سایت و کەناڵ و تیڤییەکانیان . بەمەشیان دەتوانرێ بوترێ بانگەشەی دەستی دوی دوای ھەڵبژاردنەکان دەستی پێکردۆتەوە . ھەندێ ئاڵووێر و گۆڕانکاری دەکەن لە ھەندێ پلە و پۆست و دەستکاریکردنی ھەندێ لە وشەو دەستەواژەکان لەناو بەندەکانی ڕێکەوتن و یان ناو ھەندێ لە پێڕۆ و دەستەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم یان لەھەر کون و قوژبنێکی دیکەدا بێت . سەر لە نوێ خەڵک بێھیواو بێزار دەکەن وکەشێکی بێورەیی وادەخوڵقێنن کە خەڵک دەگەیەننە ترۆپکی بێزاری کە پێیان بڵێن بابە بەس ڕێکبکەون ئێمە ھیچمان لە ئێوە ناوێ . بەم جۆرە کارە گزیکارەکانیان کەلە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا کردویانە لە بیر خەڵکی دەبەنەوە . بژێوی ژیانی خەڵکی و ئاڕاستەی بەردەوامی ئاستی ئابوری وڵات دەبەستنەوە بە دەرەنجامی ڕێکەوتنەکانیان و بەم جۆرە ھەمو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵ بێزارییەکی گشتگیردایاندەگرێ و دەیانەوێ سەقامگیری و ئارامییەکی وا بێتەکایەوە کەھەر چینە بچێت بەلای کارو کاسبی خۆیەوە.
ئەم ھەڵبەزو دابەزە لە دانیشتن و دانوستانەکاندا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ، کە ئەویش قۆناغی مزایەدەی نیشتمانی و حزبی و بازرگانی کردن بە ھەڵوێست و جێگۆڕکێکی وشەکانە . ئەو دەڵێ ئیتر بۆ ڕەخنەمان لێدەگرن و قسەمان پێدەڵێن ، ئەوا ڕازیبوین ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بالە ناو پەڕلەمانەوە بێت . ئەم دەڵێ ھەڵبژاردنەکە گەر لەنێو کۆمەڵ و خەڵکیشەوە بێت ئێمە ھیچ کێشەیەکمان نییە و بەربژێرەکە متمانەی زیاتر دەبێت . ئەو دەڵێ پێکھێنانی حکومەت زۆر دواکەوتوەو ، ئیتر لەوەزیاتر ئامادەنین بۆ یەک چرکەیش دوای بخەین و ھیچ بیانویەک قبوڵ ناکەین . ئەمیش دەڵێ وەک پێشینان و بەرھەڵستکارانی قەدیم فەرمویانە : ئەو پۆست و یاسا و کارانەی ڕەھەندی نیشتیمانییان ھەیە ، دەبێ کۆدەنگی لەسەر بێت و نابێ بە تەنھا بە دو حزب تێپەڕێندرێت . وەکو پێشتر کۆ دەنگی ھەبوبێ بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و تەزویرو بردن و دابەشکردنی بەرھەمی نەوت و ھەمو موڵک و سامانی وڵات و داھاتی حکومەت . ئیتر لەم مزایەدەیەدا ئەم خۆی بەرزدەکاتەو ئەو کەبس دەکات و پێچەوانەکەشی ھەر ڕاستە . خۆشیان دەکەنە کەڕەی شەربەت لەو ھەڵە گەورانەی کە بەسەر ئەم میللەتەیاندا ھێناویانە لە مێژوی حوکمڕانییاندا ، ھەر لە ڕیفراندۆمی ناوەخت و چۆڵکردن و بە دەستەوەدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و موچە برین و موچە پاشەکەوتکردن و خۆ دەولەمەنکردن و دەستبەسەراگرتنی ھەمو کون و قوژبنێکی سێکتەرەکانی ئابوری ئەم وڵاتە .
عاقیبەت ھەر ڕێککەوتنە ، ھەروەک خۆشیان باش دەزانن . کەسیان بەبێ ڕێککەوتن لە گەڵ ئەوی دی ناتوانێ یەک ھەنگاو بنێ . لێرەوە قۆناغی مساوەمە دەست پێدەکات و دەستدەکرێ بەدابەشکردنی پۆستەکان . لە پێناوی پۆستێ یان چەند پۆستێکی بەھادار بۆ کوڕو کوڕەزا و برازای ئەم ، دەبێ ئەوی بەرامبەریش چەندین پۆستی سیادی بۆ تەرخان بکرێ بۆ کوڕو کچ و کچەزاو میمک زادەکانیان . ئەوجا ڕۆل و گوشاری وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە ، دەست پیدەکات و ئەوی دوێنێ لەسەری ناکۆک بون و وڕکیان بۆ دەگرت بە مۆڕەو چاولێسورکردنەوەیەکی قەواڵێ یان ئاغایەک ، ھەر ھەمویان لەیەک سەفدا ڕیزپێدەبەستن و ئەوجا حکومەت پێکدەھێنرێت .
بەڕاستی ھەر ئەم میللەتەی ئێمەشە بەرگەو تەحەمولی ، ئەم ھەمو شانۆگەریانە دەگرێت و تیاشماندایە خۆی لە پێناویاندا بەختدەکات و ھەمو شانۆکارەکانمان لێبۆتە پاڵەوانی ڕاستەقینەو گوێش نادەینە ، ئەو ھەمو تەزویر و مراوەغەو مفاوەزەو مزایەدەو مساوەمانەی کە بەئاشکراو بەبەر چاومانەوە دەیکەن و لە گەڵیشیاندا ڕاھاتوین و چەند ساڵە ڕامان کێشاوەو ھەر دەیشێگوزەرێنین . وە ئەمانە لەگەڵ ئێمەدا نەبن لە ھەر وڵاتێکی دیکەدا بن ناتوانن بۆ تەنھا مانگێکیش ئەو وڵاتە بەڕێوە بەرن . میللەتی وا نەرم و بێدەنگیان لە ھێچ شوێنێ دەستناکەوێ . ئیتر نازانم ئەوان شایانی ئێمە نین ، یان پێجەوانەکی و خودا ئەوانی بەباڵای ئێمە بڕیوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.