راپۆرتی شیکاری: سەلمان کۆچەری
ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رۆژ دوای رۆژ قوڵتر و لە یەکتر نزیک دەبنەوە، ئەگەر ھەردوو وڵات بەدرێژایی دروستبوونی ململانێکانیان کە چەندین دەیەی تیپەڕ کردووە لە جەنگێکی ئیعلامیی و ئابوریدا بووبن، لە ئیستادا ئەو دوو وڵاتە خەریکە لە قۆناغی شەڕی بە وەکالەش تێپەڕ دەکەن، مەترسی گەورەی ئەو دوو ھێزە لەسەر خاکێکە کە خاوەنداریەتی بۆ ھیچیان ناگەڕیتەوە و لە داھاتووشدا ئەگەری بەریەککەوتنی ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان، نزیکتر دەبێتەوە.
ئیستا زۆر تووندتر لە جاران پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و روو لەئاڵۆزیە، ئەوەی ئێران بەردەوام کاری لەسەر دەکات زیاتر کردنی نەیارانی ئەمریکا و پاڵپشتیکردنی ئەو ھێز و گروپانەیە کەلەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا نایەنەوە، نەک لەناو خاکی عێراق بەڵکو سنووری ئەو شەڕە لە عێراقەوە بۆ سوریا و وڵاتانی خەلیچ و یەمەن و لوبنان درێژ دەبێتەوە و ھەیمەنەی ئێران لەو وڵاتانەدا زیاتر کاریگەرتر بووە بەسەر ئەمریکاوە، لەدوایین رەخنەکانی سەر ئیدارەی ئەمریکاش لە کۆشکی سپی تەشکیلاتی حکومەتی عێراق بوو، کە ئەمریکیەکان پێیان وایە ئێران بەڕۆڵتر و کاریگەرتر بووە، ھەروەک جەنەڕاڵێکی باڵای ئەمریکی Ray Odierno رەی ئۆدیرنۆ دەڵێت:
ئێران براوەی یەکەمی جەنگی عێڕاقە، بەجۆرێک شەڕی ئەمریکا بە لەناوبردنی رژێمەکەی سەددام حسێن شەڕێک بووە دەسکەوتی گەورە بۆ دەسەڵاتی ئێرانی بووە، ئیدی عێراق ھەرگیز مەترسی نییە بۆ ئێران و حکومەتی عێراق خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات، ئەو وڵاتە حکومەتی عێراقی بەجۆریک لە بەرژەوەندی خۆی داڕشتووە، مەترسی ئێران ھە لە عێراق نیە، بەڵکو بۆ لوبنان، یەمەن, بەحرەیین و سوریا درێژبۆتەوە، لەوەشدا ئێران سوودی لە دروستکردنی ململانێی نێوان سوننە و شیعە وەرگرتووە”…
لە ئێستادا بەرامبەر ئەو جموجۆڵە کاریگەریانەی ئێران لە خۆرھەڵاتی ناوەراست بەتایبەت سوریا و عێراق وای لە ئەمریکا کردووە جیاواز لە بنەماکانی سیاسەتگێرەکانی ئەمریکا، لە منرۆەو تا دەگاتە نیکسۆن و بۆش و دواتر ئۆباما کە بەنەخشەیەکی جیاواز و ئاشتیانەتر لەگەڵ ئێراندا سیاسەتی دەکرد. ئێستا بنەمای ترامپیزم Trumpism جیاواز لە ھەڵسوکەوتەکانی پێشوو کار دەکات ئەویش (ئابوری، پشتگیری بەرامبەر بە سوود و قازانج) مامەڵە دەکات و تووندکردنی سزا ئابوریەکان بەسەر ئێران و تورکیا ھەنگاوێکی مەترسیداری ئەمریکا بوو بەرامبەر ئەو دوو وڵاتە، بۆیە ترامپ ئەو دەستەواژەیە زۆر دووبارە دەکاتەوە و دەڵێ ” ئەمریکا دووبارە گەورە دەکەینەوە” یان دەڵێت ” ئەگەر پارەمان پێنەدەن بەرگریتان لێناکەین” زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە جوڵەکانی ترامپ ئەوەندەی ئابورین و ئەوەندە ستراتیجی نین لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارەکانی زۆر خێران و سڵ ناکاتەوە، بەڵام ئەو فشارە ئابوریانە بۆسەر ئێران رەنگە نەگاتە قۆناغی کۆتا.
محمد حکیم کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی پێیوایە ھەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران ھەژموون و کاریگەریان لەسەر عیراق ھەیە، بەڵام ھەریەکەیان بە رێکار و سیاسەتی جیا و دەڵێت ” عێراق خاکی تەراتێنی وڵاتانە و ئەمریکا و ئێرانیش ھەژموونیان ھەیە، بەڵام ئەمریکا زیاتر ھەژموونێکی سەربازی و ئامادەگی ھەیە، ئەمە لە کاتێکدا ئێران ھیچ بنکەیەکی عەسکەری لە عێراقدا نییە، بەڵام کاریگەری بەسەر ئەو وڵاتەوە زیاترە و لە ٢٠١٩ شدا ھەژموونی ئێران لە عێراق زیاتر پەرەدەسێنێت”.
ھەرچەندە ئێران ھیچ بنکەیەکی ئاشکرای سەربازی لە عێراقدا نییە بەڵام ھەندێک ھێزی چەکداری کاریگەر لەو وڵاتەدا وەک حەشدی شەعبی و چەندین گروپی تر، لەژێر کاریگەری مەزھەبی ئاوابوون و ئێران بە ناراستەوخۆ عیلاقات و پەیوەندی لەگەڵیاندا ھەیە و زۆر جاریش ھەر ئەو ھێزانە ھەڕەشە لە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دەکەن.
محمد حکیم کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی پێیوایە ئێران ھیچ بنکەیەکی ئاشکرای لە عێڕاقدا نییە و رەنگە پێویستیشی نەبێت، ئەوەش بەھۆی بوونی ھێزی تری چەکداری لە عێڕاق، کە زیاتر بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا دێتەوە، فاکتەرێکی کاریگەری لایەنی مەزھەبیە کە ئێران و عێراق بە یەکتریەوە گریدەدات، لاشی وایە کاریگەری ئەمریکا و ئێران بەسەر دامەزراوەکانی عێراقدا ھەیەو ئەو دوو وڵاتەش ھەرچەند دوو رکابەری بەھێزی ناوچەکەن، بەڵام لەسەر ھەندێک بابەتی پەیوەست بەعێراق رێککەوتوون و بەھاوسەنگبوونی ھەژموونەکانیان لە عێراق دۆخەکە ھێورتر دەبێت.
لێکۆڵەرەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەوەندەی سیاسی و فیکری و ئابوورین، ئەوەندە ناکۆکی جوگرافی نین و بەڵکو ململانێکان لە ئاستێکی فراوانتر دان، کە رەنگە کۆتاییەکەی دروستبوونی جەنگی جیھانی سێیەم بێت، لەو ناوەندەشدا چ بە ئەرێنی یان نەرێنی کورد بێ مەحەل و رۆڵ نامێنێت، روداوەکانی ریفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەر نەبوونە فاکتەرێک کە ئەمریکا خۆی لەسەر کورد یەکلایی بکاتەوە، ھەرچەندە بە بڕوای بەشێکی زۆری شرۆڤەکارانی سیاسی، بەرژوەندییەکانی ئەمریکا بەبێ دۆستبوونی کورد ئەستەم دەبێت.
کۆسرەت خدر شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق زیاتر سیاسی و فیکری و ئابورین و فاکتەری جوگرافی و جیۆستراتیژی عێراقیش وایکردووە ئەو دوو وڵاتە رکابەری یەکتر لەسەر خاکەکەی بکەن تا ئاستی شەڕی بە وکالە، کۆسرەت خدر دەڵێت ” ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەر لەوەی لەسەر جوگرافیایەکی سیاسی یان خاکێک بن، ناکۆکی ئایدۆلۆژی-فیکری، سیاسی و ئابورین. ھەروەک جوگرافیاش عێراق تاکە وڵات نیە کە ھەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران ناکۆکی لەسەر دەکەن، بەڵکو جوگرافیایەکی فراوانی چەندین وڵات ھەیە کە ئەو دوو دەوڵەتە کێبرکێ و ململانێ تا شەری بە وکالەشی لەسەر دەکەن، بە حوکمی ھەندێک فاکتەری جوگرافی و جیۆستراتیجیش عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کێبڕکێی تووندی نێوان ئەمریکا و ئێرانی لەسەر کراوە، بەتایبەت لەدوای روخانی رژێمی سەددام ئەمریکا ئامادەبوونی زۆری مەیدانی و سیاسی لە عێراقدا پەیداکرد، ئێرانیش بە پاڵنەری مەزھەبی و جوگرافی و نەمانی نەیارە سەرسەختەکەی کە سەددام حسێن بوو، ئامادەبوونی زۆری لە عێراقدا پەیداکرد، ئەمەش وایکرد ئەمریکا و ئێران ناکۆکی تووندتر و کاریگەرتر لەسەر خاکی عێراق لە نێوانیاندا رووبدات تا ئەوەی شەڕی بە وەکالە روویداوە، لەسەر ئاستی سیاسیش ھێزە سیاسیەکانی عێراق دابەش بوون بەسەر ھەردوو وڵاتی کاریگەر، کە زۆرجار بە ئیعازی ئەمریکا و ئێران داشەکانیان دەجوڵێنن”…
ناکۆکیەکانی ئەمریکا و ئێران دەبنە بەیەکدادان لەسەر خاکی عیراق؟
ئەوەی ئەمریکا لە ئێستادا بەرامبەر رکابەرەکەی پەیڕەوی دەکات لەسەر بنەمای (نێر بلا حرب) بەو مانایە ئەمریکا لە رێگەی فشارە ئابوریەکانی دەیەوێت سەرکەوتنێکی بەبێ جەنگ بھێنێتە ئاراوە، ئەویش بە ناچارکردنی ئێران لە وەستاندنی جوڵەکانی بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا، لە بەرامبەردا ئێران بەردەوامە لە دریژەدان بە فراوانکردنی سنوورەکانی شەڕی بە وکالەت لەبەرامبەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا، یەمەن و لوبنان تا دەگاتە خاکی فەلەستین و نزیک دۆستە ھەمیشەیەکەی ئەمریکا(ئیسرائیل) دەکەوێتەوە،لە لایەکی تریشەوە لەسەر خاکی عێراق ھەردوو وڵات روبەرووی یەکترن و بەردەوام چاودیری جموجۆڵەکانی یەکتر دەکەن.
کۆسرەت خدر شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە لە ئیستادا مانەوەی ئەمریکا لە عێراق و قەرەباڵغکردنی چەندین بنکەی سەربازی بەتایبەت لە کەرکوک و ناوچەکانی نزیک لە سنووری سوریا و ئێران مەبەستی لێیی داعش نیە، بەڵکو ئامانجێکی ستراتیجی ئەمریکایە لەوەی بتوانێت بەر لە جوڵە و فراوانبوونی ھەژموونی ئێران بگرێت، ھەرچەند ئەمریکا لە روانگە ئابوریەکەی زەرەری داوە، بەڵام لە ڕوانگە سیاسیەکەی ئامانجیەتی ئێران نزیک دەوڵەتی خۆی بکاتەوە.
ئەمریکا و ئێران دوو رکابەری بەھێزی یەکترن لە خۆرھەڵاتی ناوەراست و ھەردوو دەوڵەتیش خاوەنی مخابەراتێکی تووند و کاریگەرن لەناوچەکەدا، خاڵی بەھێزی ئەمریکا لایەنی ئابوریەتی وەک تاکە جەمسەری ھێز لە جیھاندا، سەرمایەی جیھان لەدەستی ئەو وڵاتەدا جموجۆڵی پێدەکرێت لە بەرامبەر ئێران یەکێک بووە لەو وڵاتانەی توانیویەتی لەناوخۆی وڵاتەکەیدا بەر لە فراوانخوازی سەرمایەداری ئیمپریالی بھێنێت و، پاڵنەری مەزھەبی شیعی لە عێراق و سوریا و یەمەنیش بۆتە فاکتەرێکی بەھێز بەدەستی ئێرانەوە کە رەنگە دواجار بەریەککەوتنی ھێزەکانی ھەردوو وڵات و دروستبوونی جەنگێکی تازە، جوڵەکانیان بەرامبەر یەکتری بەتایبەت لەگەیشتنیان بە خاکە ئاڵتوونیە رەشەکانی وڵاتانی خەلیجی عەرەبی و میزۆپۆتامیا ،یەکلایی بکاتەوە.