پاییزی جمھوری و بەھاری مەلەکی و ھیچی خەڵک

لەلایەن ستاندار Posted on 231 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

سەرۆکە دیکتاتۆرەکان ئەڕۆخێن و مەلیکە دیکتاتۆرەکان مێش میوانیان نیە!
ئەمەش تەنیا ھی پشتیوانی دەرەکی نیە، خۆ موبارەکیش پشتیوانی دەرەکی ھەبوو.. تەنیا نەوت و دەوڵەمەندیش نیە، خۆ ئوردون و مەغریب فەقیرن.. تەنیا موئامەرەی دەرەکی و موخابەراتییش نیە، خۆ قەتەریش موئامەرەی لەسەربوو..

ھۆکاری ھەرە سەرەکی کەوتنی سەرۆکەکان و نەکەوتنی پاشاکان، ئەوەیە کە سەرۆکەکان بێ ئەوەی بزانن، زھنی خەڵکیان ئامادەکردوە بۆ ھەڵگەڕانەوە، بەڵام لە وڵاتە مەلەکییەکاندا، زھنی خەڵک بۆ مانەوەو بەردەوامبوونی دۆخەکەیە.

١- سەرۆکەکان بە کودەتای “شۆڕشێنراو” ھاتوون، شۆڕشێکی ڕاستەقینە ڕووی نەداوە، بەڵام ھەر لەڕۆژی یەکەمەوە، بەردەوام خەڵک شەحن ئەکەن بە باس و پیاھەڵدانی شۆڕش، ئیتر خەڵکیش لەلاشعوردا ھەمیشە ئامادەیە بۆ ھەڵگەڕانەوەیەکی لەو بابەتە کە وائەزانێ شۆڕشە!
بەڵام خەڵکی ژێر حوکمی پاشا، پێشتر قاننەدراوە بە باسی شۆڕش و کودەتا، بۆیە دەرونیشی ئامادەنیە بۆ شتێکی وا.

٢- حوکمی عەسکەر لە زھنی خەڵکا قۆناغێکی ئینتیقالییەو خەڵک ھەمیشە چاوەڕێ ی گواستنەوەیە ئەگەرچی دەیان ساڵیشی پێبچێت! بەڵام لە دەسەڵاتی مەلەکیدا خەڵک ئەو چاوەڕوانییەی نیەو ھەستئەکا لە قۆناغێکی جێگیردایە نەک گواستنەوە.

٣- مەلیکەکان ڕاستگۆترن و کەمتر درۆی دیموکراسی لەگەڵ خەڵک ئەکەن، بەڵام سەرۆکەکان لەو ھەڵبژاردنانەت بۆئەکەن کە خۆیان سەرو نەوەتی دەنگەکانی تێدا ئەھێنن!!
لای مەلیکەکان ئەسڵەن ھەڵبژاردن نیە، ھەشبێ بۆ خوارخۆیەتی و پەیوەندییەکی بە عەرشی ئەوەوەنیە، ئیتر خەڵکیش ناکەونە خەیاڵی دەساودەس..
بەڵام ھەڵبژاردنی سەرۆکەکان بەحساب بۆ کورسی ئەوانەو ئەوان بەدرۆشەوەبێ ھەرخۆیان چەنساڵ جارێک خەڵک ئەخەنە سەر خەیاڵی دەساودەسکردن!

٤- شیعاری مەلیکەکان (خوا، مەلیک، وەتەنە) باسێکی گەل لەئارادا نیە، بەڵام سەرۆکەکان ھەموو شتێک بەناوی گەلەوە ئەکەن و سەری زمان و بنی زمانیان گەلە، ئەم درۆ گەورەیەش لەلایەک ڕقی خەڵک ئەستورئەکا، لەلایەکیش ئەم “حوکمی گەلە”، ئەگەر نەشچێتە ھۆشیاری خەڵکەوە، ئەچێتە لاشعوریانەوەو ھەمیشە ئامادەن بە فیکەیەک بۆی بێنە سەرجادە!
بەڵام خەڵکی وڵاتە مەلەکییەکان، لە یادەوەرییاندا حوکمی گەل ئامادەنیە، بۆیە ناشبێتە پاڵنەری جوڵەیان.

٥- سەرۆکەکان عەسکەرو کودەتاچین و مناڵی شەڕعی توندوتیژین بۆیە کەڵبەو نینۆکیان ھەمیشە دیارە.. بەڵام مەلیکەکان چونکە لە عەسکەرو کودەتاوە نەھاتوون، ئیتر توندوتیژی و عەسکەرتاریەت ھەرھەیە، بەڵام سیمانیە.

٦- مەلیکەکان شەرعیەتی تەوریسیان ھەیەو سەرۆکەکان شەرعیەتی شۆڕش، بۆیە تەوریس بۆیەکەمیان حاڵەتێکی زۆرئاساییەو خەڵک ئاھەنگی بۆ ئەگێڕن، بەڵام لە دووەمیاندا تەوریس شتێکی نەخوازراوەو خەڵک بۆیان ھەزمناکرێ و ئەکەونە بیری یاخیبوون.

٧- سەرۆکەکان تەنیا شەرعیەتی ھێزیان ھەیە، بەڵام مەلیکەکان شەرعیەتی کولتوریش!
کۆمەڵگای عەرەبی بە تەبیعەت قەبەلییەو شێخی قەبیلە خیلافێکی لەسەرنیەو کەس خۆی موقاڕەنە ناکات پێ ی، کاتێکیش قەبیلە ئەبێ بە دەوڵەت، ئاسایی شێخ ئەبێ بە مەلیک و بەلای خەڵکەوە ھیچ شتێکی نائاسایی ڕووینەداوە!
بەڵام کاتێ ھێز ئەتکا بە سەرۆک، خەڵک تەنیا لەترسی ھێزەکەیە ئەمە قبوڵئەکەن، ئەگین لە ناخەوەو بە عەقڵیەتی قەبەلی، ئەمە قبوڵکراونیەو ئەوان تۆ بەسەرتر لە خۆیان نازانن.
ئەمەیە وایکردوە خەڵکی لیبیا زۆرتر پڕبن لە قەزافی و خەڵکی مەغریب کەمتر پڕبن لە مەلیک، لەکاتێکا لیبییەکان خۆشتریش ئەژیان!

٨- مەلیکەکان دەسکەوتیان ھەبووە، بەڵام سەرۆکەکان لەبری دەسکەوت وەھمی دەسکەوتیان لای گەل دروستکردوە!
مەسەلەن کاتێ ناسرو ئەفسەران لە میسر شۆڕشیانکرد، ئیمارات سەحرایەکی ڕووتبوو، ئێستا ئیمارات پشکنین لە بۆشایی ئاسماندا ئەکاو میسرییەکانیش لەھەمان دۆخی ئەوکاتەدان ئەگەر خراپتریش نەبن، کەچی ھەمیشە لەو وەھمەدان کە خلیجییەکان کەرن و ئەوان عاقڵن!

خولاسە ئەگەرچی ئەمانیش ھەر زبڵ و ستەمکارن و کاتیشیان ھەر دێ، بەڵام مەلیکە دیکتاتۆرەکان کەمتر ڕق و توندوتیژییان بڵاوکردەوەو کەمتر دنیایان ناشرینکرد، بەراورد بە سەرۆکە دیکتاتۆرەکان، چونکە مەلیکەکان وەڵامدەرەوەی واقعی کۆمەڵگای قەبەلی بوون و درۆو دەلەسەو شیعارات و شتی زیادەی موزەییەفیان لە کۆمەلگا بارنەکرد، بۆیە خۆشیان کەمتر بارن بەسەر کۆمەڵگاوە!

کێشەی ئەم ناوچەیەش ئەونەی کە دیموکراسی موزەییەفە، ئەونە دیکتاتۆریەت نیە، ھیچ بەقەت (کۆکردنەوەی دیموکراسی لە ھەڵبژاردندا) ئەم ناوچەیەی سەرگەردان نەکردوە!

کە ئەڵێم نموزەجی عەسکەر، کە ھی نیو سەدە لەمەوپێش و لێکەوتەی دووجەمسەریی و شەڕی ساردە.. فەشەلی ھێناوە، مەبەست ئەوەنیە بگەڕێینەوە بۆ سەدەیەک لەمەوپێش و مەلەکیەتی لێکەوتەی جەنگی جیھانی یەکەم!
بەڵکو ئێمە ئەبێ بەپێی ئێستای خۆمان، نموزەجی خۆمان دروستبکەین(وەک ڕۆژئاوای کوردستان) نەک لاسایکردنەوەیەکی درۆزنانەی ھەڵبژاردن و دیموکراسی غەرب.

ناکرێ چاوەڕێبین کۆمەڵێ حیزبی نادیموکرات، بە ھەڵبژاردن کوردستانمان بۆ بکەن بە وڵاتێکی دیموکرات!
سەیرکە کۆنترین و نوێترین حیزبی تۆ، کە حەفتا ساڵیان بەینە، لەوەدا فەرقیان نیە، کە تۆ تیایاندا ناتوانی ببیت بە کەسی یەکەم! دەی ئەمانە چی بۆ دیموکراسی ئیزافەئەکەن؟

دیموکراسی کارتۆنیی حیزبی شەخست بۆ دروست ئەکا، کە دواتر ئەبێ بە حیزبی خێزان و بنەماڵە، چونکە ھەموو موڵکێکی تایبەت ئەچێ بۆ وەرەسە..
وەک ئەوانەی لوبنان و کوردستان (حیزبی جونبوڵات و جومەییل و جەعجەع و مێشێل عۆن.. حیزبی بارزانی و تاڵەبانی و نەوشیروان و شاسوارو کاکە حەمە..)
ڕۆشنبیریش زۆر دڵی بەم فرەحیزبییە خۆشە، لەکاتێکا ھەریەک لەم حیزبانە قەبیلەیەکی سیاسین و تۆ وەکچۆن لە خێلدا ناتوانی مونافەسەی شێخی قەبیلە بکەیت، لە حیزبیشا ناتوانی مونافەسەی شێخی حیزب بکەیت!

یەک ملیۆن حیزبت ھەبێ، کە ھەمووی ڕابیتەی خوێن بیگێڕێ، فرەیی وا ناچێتە خزمەت دیموکراسیی، دیموکراسی لە تێپەڕاندنی ڕابیتەی خوێنەوە دەستپێئەکا.

ڕابیتەی خوێن، قۆناغی نابیرکردنەوەی ئینسانە، تۆ کە دێیتە کۆمەڵگاوە، بێ ھیچ بیرکردنەوەو عەزێتێک لەسەر ڕابیتەی خوێنیت و ئەو شتانەت بەدەستھێناوە کە خوێن بۆتی ئەھێنێت.
کاری عەقڵ سەرخستنی مرۆڤە بۆ قۆناغی دوای خوێن و بۆ بەدەستھێنانی ئەو شتانەی کە بە خوێن بەدەستنایەن.
کاری ڕۆشبیر ئەوەیە بمانبا بۆ قۆناغی عەقڵ، نەک ئەوەی خۆی مشەخۆری سەر قۆناغی خوێن بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.