پەرلەمان و گەمەی پارتی و زمانی تەخوین

لەلایەن ستاندار Posted on 220 جار بینراوە

دانا مه‌نمی

پەرلەمانتارانی ھەموو دونیا لەسەر بەرژەوەندی خەڵک، موناقەشەیەکی جدی دەکەن ئەگەر پێویست بکات داوای دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرو سەرۆکوەزیران ھەتا سەرۆکی وڵاتەکەش دەکەن، وەلێ لە کوردستان لەسەر بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵەو خێڵ و ئیمتیازاتی شەخسی شینی حەسەن و حوسێن دەکەن! پەرلەمانتار ئەرکێکی ئەخڵاقی و میژووییە ،خەڵک چاوەڕێییە ئەزمونێکی باشی حوکمڕانی و بەشکۆوە دیمەنەکانی پەرلەمان ببینێت،لانیکەم بڕیارەکانی ڕێزلێگیراو بن نەک کۆمیدیاو گاڵتەپێکراو !

وەک ئاشکرایە پارتی بە ‌بڕیارێکی نا دیموکراسی لە دوای ڕووداوەکانی ۱۲ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۵ دەرگای پەرلەمانی کوردستان بۆماوەی ۲ساڵ دادەخات ،دوای ۲ ساڵ لەداخستنی دەرگای پەرلەمان لەگەڵ یەکێتی پێکەوە ئەم پەرلەمانە کارتۆنییە بۆ شەرعییەت دان بە بریاری ناشەرعی کارادەکەنەوە ، ئەمە لەکاتێکدایە ‌لەم پەرلەمانە کارتۆنیەدا بڕیاری چارەکە مووچە ، زیاد کردنی باج ، زیادکرنی سزای ھاتوچۆ ، بریاری پێنەدانی نەوتی سپی ، ناشەفافی لە داھاتی نەوتدا دەیان بریاری تری کە بە ناشرعی دەرچووە لە لایەن ئەم پەرلەمانەوە ،بە ئێستاشەوە لەم پەرلەمانەدا ھەرچی یاسا و ڕێسایە مەرەکەبی سەرکاغەزن و لە ژێر پێی بەرپرسەکاندایە .

پارتی ھەرجارەو کراسێکی جیاواز دەپۆشێ ، جارێک بە کەڵەگایی پەرلەمان دادەخات و جارێکیش بەیاسایی قەرەقوش ڕیفراندۆم ئەنجام ئەدات ، جارێک شینی عومەر دەکات و جارێکیش شینی عەلی ، جارێک لەبەرەی شیعەیە و جارێکیش لەبەرەی سووننە ، جارێک ھەواداری ئیمام حوسێنە و جارێکیش ھەواداری عومەرو عوسمان ،جارێک مالیکی یە و جارێکیش سەدری ، جارێک عەبادییەو جارێکیش حەکیمی ، جارێک عامری یەو جارێکیش قاسمی جارێک دیموکراتخوازە بە ناوی زۆرینەوە جارێکیش کەمینەیەکی دەرەبەگە ،جارێک بزوتنەوەی گۆرانی پێ قبوڵەو رێکەوتن ئەنجام ئەدات دژ بە یەکێتی ، جارێکیش یەکێتی یەو شەریکایەتی شاخ و شار دژ بە گۆران زیندوو دەکاتەوە ،پارتی بەم گەمانە یاری بە مەشاعیرو چارەنووسی لایەنەکان و خەلکی کوردستان دەکات ، لە کوێدا پێویست بێت خۆی بگۆڕێت دەگۆڕێت و غار دەدات !

دواجار پارتی دژی ڕێکەوتنەکەی گۆران لە سەرۆکایەتی ھەرێم پۆستێک بە ناوی یاریدەدەری سەرۆکی ھەرێم دەدرێتە یەکێتی ، پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان ھۆشداری دابوو بە پارتی لە زیادکردنی ھەر پۆستێک بە ناوی ( جێگریان یاریدەدەربۆ کاروباری سەربازی) ،پارتی بۆ دڵدانەوەی گۆران دەڵێت : ئەو پۆستەی لەسەرۆکایەتی ھەرێم دەدرێتە یەکێتی لەخوار سەرۆکی ھەرێم و جێگرەکەی دەبێت و دەسەڵاتیشی تەنھا بۆ رێکخستنی پەیوەندی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی حەفتا و ھەشتایە .

بزوتنەوەی گۆرانیش بۆ داپۆشینی بەڵێنەکانی پارتی دەڵێت : یاریدەدەری سەرۆکی ھەرێم تەنھا پەیوەندیە سەربازیەکان بۆ سەرۆکی ھەرێم رێکدەخات و داواکاریەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی ۷۰ و ۸۰ ش بۆ سەرۆکی ھەرێم و جێگرەکەی بەرزدەکاتەوە “.ھەرچی یەکێتی یە لەراگەیاندنەکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە جێگری سەرۆکی ھەرێمی بۆ کاروباری سەربازی وەرگرتووە وسبەینێش لەپەرلەمانی کوردستان دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم دەدرێت “.

ھاوکات وتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شێخ جەعفەرئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ھێزەکانی یەکەی حەفتای یەکێتی لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ بزوتنەوەی گۆران گوتبووی ” ئەگەر جێگری سەرۆکی ھەرێم لە پشکی گۆڕان، ببێتە بەرپرسیاری ھێزە چەکدارەکان، بەھیچ جۆرێ وەک ھێزی حەفتا، گوێی لێناگرم”. وتەکانی بەرپرسی یەکەی حەفتای یەکێتی نیشانەیەکی ڕوونە کە کە دوو زۆن ھەیە و پارتی و یەکێتی خاوەنداریەتی دەکەن و باوەڕیان بە تەداولی سوڵتە نییەو نایانەوێت یاسا سەروەر بێت و یەکەی حەفتاو ھەشتای یەکێتی و پارتی یەکبخرێتەوەو دامەزراوەکان بە دامەزراوەی بکرێن.

پارتی لەپاڵ خەونی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و پێکھێنانی حکومەتی نوێ ، خەونی زیندوو کردنەوەی جەنگێکی میدیایشی ھەیە لە نێوان یەکێتی و گۆران ، چونکە پارتی بەبێ ناکۆکی لایەنەکان ناتونێت ھەناسە بدات ، ناکۆکییەکانی گۆران و یەکێتی خزمەتێکی باشی بە پرۆژەکەی پارتی کردووە و پارتیش ئاگرخۆشکەری ئەو ناکۆکییانە بووە و جارێک ختوکەی یەکێتی داوە دژ بە گۆران و جارێکیش ختوکەی گۆرانی داوە دژ بە یەکێتی ،پارتی خاوەنداریەتی میدیایەکی تەخوین و زەبەلاح دەکات ھەروەک چۆن لە ڕوداوەکانی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر پەلاماری یەکێتی داو کراسێکی خیانەتی بە باڵای یەکیتی دوری و بەزۆر کردییە ھێزێکی ناپاک و جاش ، یانیش چەند ساڵێک لەمەوبەر بەر لە وەفاتی ڕەوانشاد ( نەوشیروان مستەفا ) گردەکەیان کردە تیرۆریست و تۆمەتباریان کردن بە تەقاندنەوەی باڵویزخانەی وڵاتان ، پارتی میحوەری سەرەکییە و بەردەوام لایەنێکەو لایەنەکانی تر تەخوین دەکات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.