ستاندەر
لە ئێستا بەهۆی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان كێشە بۆ دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەت پێکهاتووە،
ئەو پۆستەی كە ئێستا پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی پەکخستووە، لەڕووی داراییەوە هەندێك ئیمتیازی هەیە.
یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەیو بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
• موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە.
• دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن و 500 هەزار) دینار.
• كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە.
• جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار.
بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات.
بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەو كاتەوە تائێستا تەنها مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووەو كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستاو دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆنو 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر ماوەیەك سەرۆكی حكومەتیش بووە.