هەنێ قسە

لەلایەن ستاندار Posted on 259 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

١- کۆمەڵگا لە دۆخی پەبجی ڕاستیدایە، کەچی پەرلەمان گاڵتینەکەی قەدەغە ئەکات!
لەبری چەك و کوشتن و میلیشیای ڕاستیی، یارییەکەی یاساغئەکات!
ئاخر ئینسان ئازادە لەوەی کە سەیری فیلمی ترسناك بکات، بەڵام ئازادنیە لەوەی کە ئەوانیتر بترسێنێ و مەسەلەن بۆمبێکی دەنگی لەناو بازاڕ بتەقێنێتەوە هەربۆ جەو!
دەی کاری یاساش ئەوەیە کە ئارامی کۆمەڵگا بپارێزێ و ترساندنی خەڵک قەدەغەبکات، نەك ئەوەی فیلمی ترسناک قەدەغەبکاو بچێتە ناو ئازادی تاکەوە.. ئەو یارییەش بەهەمان شێوە.

٢- خەڵکی ئێمە گا بە گونا ئەناسنەوە، بە ڕەسمەکەی دادەیا زانیویانە حیزبەکەی کاکەش هەمان تاسوحەمامە!
ئەزیزم بۆئەوەی بزانیت کە حیزبێك سەربە مۆدێلی خوێن و خێزانە، پێویست ناکا چاوەڕێکەیت تا مناڵی سەرۆکەکەی گەورەئەبێ.. یان بە پلەو پۆستی کەسوکارەکەیدا ئەمە بزانیت.. بەڵکو هەرئەونەی کە حیزبی شەخسبوو، ئیتر موڵکی تایبەتەو موڵکی تایبەتیش ئاسایی لە خاوەنەکانەوە ئەچێ بۆ هاوخوێنەکان.
ئێمە حیزبمان زۆرە، بەڵام دوو مۆدێلی حیزبایەتیمان هەیە، پارتی و خوێن، پەکەکەو فکر.
مۆدێلی فکر دامەزراوەو دیسپلین و سیستەم دروستئەکاو نایەڵێ حیزب ببێ بە هی شەخس، خۆئەگەر وانەبێ ئەوە فکرنیەو تەنیا دروشمە!
مۆدێلی خوێن شەڕی دەسەڵاتخوازییەو کێ کونی پارەکەی کۆنترۆڵکرد، حیزب هی ئەوەو کە هی ئەویشبوو دواتر ئەبێ بە هی وەرەسەکەی.

٣- شتێك نیە بەناوی ڕەخنەی ڕوخێنەر، کە وتت “ڕەخنە” ئیتر شتەکە بە سروشتی خۆی بنیاتنەرە، کە ڕوخێنەربوو یەعنی ڕەخنە نیەو شتێکیترە لەبابەتی جوێن و شکاندن و قین و گرێ..
ڕەخنە لە دوو ڕەگەز پێكدێ، بەشێکیان مەعریفییەو زانست و زانیارییە لەسەر ئەو شتەی کە باسی ئەکەیت. بەشەکەی تر ڕەگەزی یەکترقبوڵکردنە!
ڕەخنە کە کۆدی یەکترقبوڵکردنی تیانەبوو، ئیتر پڕئەبێ لە ڤایرۆسی یەکترسڕینەوە، لێرەشەوە شتەکە لە خەتی ڕەخنەو بنیاتنەری دەرئەچێ و ئەچێتە سەر خەتی شەڕو ڕوخێنەریی.
جا ئێمە بەخەستی لە قەیرانی ڕەخنەداین، چونکە هەم کێشەی ڕەگەزە مەعریفییەکەمان هەیە، هەمیش لە فەهمی ئێمەدا، هشتا یەکترقبوڵکردن نەبووە بە شتێك لەناو ڕەخنەداو بە بەشێك لە پێکهاتەکەی!
ئیتر ڕەخنەشمان حەلەبەی موسارەعەیەو لەبری ئەوەی بارەکەی تیا ڕاستبکەینەوە، یەکتری تیائەخەین.

٤- ئەو بارانەی کە کونەکەی دوکانی پڕکردو خەڵکی کەیفخۆشکرد، هەر ئەوەبوو کە لافاویشی دروستکردو ماڵی خەڵکێکی کاولکرد..
هەمیشە شتەکان دیوی ترو گۆشەی تریان هەیە، کوێرییش ئەوەنیە کە چاوت نەبێ، ئەوەیە کە گۆشەیەکت لێببێ بە هەموو وێنەکە.
جەهلیش ئەوەنیە کە هیچ نەزانیت، ئەوەیە کە زانینەکەی خۆتت لێببێ بە هەموو زانین.
مەعریفەش هەموو زانین نیە، تەنیا زانینی ئەوەیە کە، ئەوەی ئەیبینیت هەموو وێنەکە نیە، هەرئەونەیە کە لەتۆوە دیارە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.