فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا یەکەم هەنگاوی جیابونەوەیان لە شاسوار عبدالواحید دەستپێکرد

لەلایەن ستاندار Posted on 254 جار بینراوە

ستاندەر

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا بە بلاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکیان یەکەم هەنگاوی جیابونەوەیان لە حزبەکەو شاسوار عبدالواحید دەستپێکرد،دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە په‌رله‌مانی عێراق رایاگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ رایانگه‌یاند، نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە.

راگەیاندنێك بۆ رایگشتی

زیاتر لە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا، لە ناو دڵی شکستی سەرتاپاگیریی ھەمو پرۆسەی سیاسیی کوردستانی عێراق بە ھەمو حزب و بزوتنەوە سیاسیە تەقلیدیەکانیەوە، ئێمە کۆمەڵێك کەسایەتی و گەنج، بە ئومێدی سەرھەڵدانی مۆدێل و ئەزمونێکی نوێی سیاسیی سەرتاپا جیاواز، پێکەوە جوڵانەوە و ئاراستەیەکی سیاسیی تازە و دواتر (نەوەی نوێ) مان دامەزراند.

لە دیدی ئێمەوە، سێ ھۆکار، بنەما و پایە سەرەکیەکانی ھەمو شکستی پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی حزبە تەقلیدیەکانن: نەبونی ئازادی و دیموکراسی لە ژیانی حزبی و رێکخراوەییدا: کردنی حزبەکان لە ئامراز و ئۆرگانی گشتی و ھاوبەشەوە، بۆ موڵکی بنەماڵە و خێزانەکان: تێکەڵکردنی حزب و بزنس، بە جۆرێك حیزبەکان وەك لقێکی کۆمپانیا گەورەکان بەڕێوەدەبرێن. ئەو سێ فاکتەرە، بۆ دەیان ساڵ، گەلی ئێمەیان لە شکست و  کارەساتێکەوە گواستوەتەوە بۆ شکست و کارەساتێکیتر، تا لە ئێستادا، سیاسەت و ھەستی بەرپرسیارێتی و ئامانجی ھاوبەش لە وڵاتی ئێمە پایەماڵ کراوە و سیاسەت، لەبری بوار و ئامرازێك بۆ باشترین بەڕێوەبردن و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مادی و مەعنەویی ھاوڵاتیان و پاراستن و جێخستنی بنەماکانی دادپەروەریی، کراوەتە بوارێك بۆ بزنس و دابینکردنی بەرژەوەندیی تایبەتی و خێزانی.

ئێمە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ھەمو مۆدێل و ئەزمونی سیاسی تەقلیدی و زاڵ و باو دەستمان برد بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ. بەو ئومێدەوە ھاتین، کە نەوەی نوێ بکەین بە ئامرازی ھەستانەوەی گەلەکەمان لە شکست: کە ئەزمونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشکەشی گەلەکەمان بکەین، ببێتە جێگەی شانازیی و نمونەی چاولێکردن. بەڵام، ئێمە نیگەرانین، کە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و  بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەکە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵ کراوە، ئیتر جیاکردنەوەیان سەخت بێت.

بۆیە، لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەکیە ھەڵبژێردراوەکانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رایگشتی و گەلەکەمان رایدەگەیەنین کە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ کردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند. ئیتر رێگە نادەین نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بکرێتە بازنەیەکیتری شکستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و  بەرژەوەندی تایبەتی. بۆ راستکردنەوەی سیاسەت لە زۆنگاوی ئێستا و میللەتەکەمان لە شکست، بۆ کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و حوکمی بنەماڵە کە لە ٢٨ ساڵی رابردودا بونەتە مایەی شکست و کارەسات بۆ گەلەکەمان، وەك ھەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین.

ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٢١ ی نیسانی ٢٠١٩

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.