روشدی وشاسوار دوو ھەرزەکاری سیاسی

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

دە ساڵیک پێش ئێستا لەپڕ ئەکتەرێکی رەزاقو‌ڕس ناشرین ھاتە سەر شانۆی کوردایەتی و، شانۆگەرییەکی بێزەلەتی پێشکەش کردین . ئەم ئەکتەرە رەزاقوڕسە پێشگری دکتۆریشی دایە بەر ناوەکەی و بەتەما بوو بەھەشتێکمان بۆ دروست بکات لەدەوروبەری شاری ھەولێر ..رۆژانە ھەواڵی پرۆژەکانی ئەم زاتە لەشاشەکاندا بڵاو دەکرایەوە وەکو ئەوەی مەھاتیر محمد و لی کوان و محمەد راشدی ئیمارات بێت و خوا بۆ ئێمەی ناردبێ بۆ ئەوەی ئابووری ھەرێمەکەمان بگەیەنێتە ترۆپکی ئاسمانەوە . ئەمەش وایکرد رۆژ لەدوای رۆژ ئەم برادەرە فوو لەخۆی بکاو زلتر خۆی پیشانی خەڵک بدات، ئیدی کەوتە نمایشی رۆڵێکی سیاسی قێزەون و دواتریش خۆی خزاندە ناو کایەی سیاسییەوە لەرێگەی ھەڵبژاردەنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق . لەگێلی ئەو میللەتەش کە بە شانۆگەرییەکە ھەڵخەڵەتێنرابون توانی سێ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بەدەست بێنێ .دوای ئەوەش دیوەخانێکی بۆ خۆی کردەوەو پێشوازی لە خەڵکی عەشایەری ئەکرد.

لەم عانەدا برادەرێک لێی پرسیم ” رات چییە بەرامبەر بەو نمایشەی دکتۆر روشدی سەعید ئەیکات “. پێموت ” تەمەنی کورتە و بە فەزیحەت کۆتایی دێت “. چونکە پێموابو دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکانی ھەرێم قەت رێگە نادەنە کەسایەتیەک لە دەرەوەی بازنەی خۆیان رۆڵی سیاسی ببینێ . ئەوە بو دوای ماوەیەک بە فەزیحەتی قۆڵبڕینی دەیان کەس لەپرۆژەی ” دەشتی بەھەشت ” کۆتایی بە شانۆگەرییەکە ھات ، روشدی سەعیدیش بە ١٨٠ ساڵ حوکمدراو، لەسەر شاشەکەو تەنانەت لەناوچەکەش ئەسەری نەما!! .

ئەم شانۆگەرییە جارێکیتر بەھەمان سیناریۆو چیرۆکە ناشرینەکەیەوە دوبارە بوەو، بەڵام ئەمجارەیان ئەکـتەرێکتر ھاتە سەر شانۆ ،ئەویش”شاسوار عەبدولواحید” بوو، کە ئەویش سەرەتا بەناوی کۆمپانیاو دواتریش لەرێگای کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە ھاتە سەر شانۆی کوردایەتی ، ھەڵەکەی ریفراندۆمیش خزمەتێکی باشی کردو، بە نەخێرەکەی بۆ ریفراندۆم بوو بە پاڵەوانی شانۆگەرییەکی تازە . دیسان لەگێلی ھەندەک دەنگدەران پاڵەوانی شانۆگەرییەکە ھاتە ناو کایەی سیاسی و ھەشت کورسی پەرلەمانی کوردستان وچوار کورسی پەرلەمانی عیراقی بەدەستھێنا . دەنگدەرە ناڕازی وتووڕەکەی شەقامی کوردی وایانزانی ئەمەی ئەمجارەیان ئەتوانێ رۆڵێکی ھەبێ لە گۆڕانکاری سیستەمی سیاسی لەکوردستاندا . ئەو گۆڕانکارییەی خودی سەرکردەی مەزنی میللی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بیجوڵێنێ وبیگەینێتە ئامانج .

کارەساتەکەش لەودایە زۆربەی ئەوانەی دەنگیان بە حیزبەکەی شاسوار دا لەھەردوو ھەڵبژاردندا ، لەئەسڵدا دەنگدەری حیزبەکەی کاک نەوشیروان و خەڵکە ناڕازییەکەی حیزبەکانی دەسەڵات بون . وایان زەنکرد کەوا بەدێلێکی باشتریان لەکاک نەوە دۆزیوەتەوە . ھەر لێرەشدا شاسوار ھەمان نمایشی رو‌شدی سەعیدی دووبارە کردەوە کاتێک باڵەخانەی سەرۆکایەتی حیزبەکەی بەشێوەیەک رازاندەوە وەکو ئەوەی کۆشکی سپی ئەمریکا بێت ، بە شەپقەی کاوبۆو جلو بەرگی سوارچاکانی بەریتانیاو بزەی سەرلێوان وێنەی خۆی لەمیدیاکاندا بڵاوکردەوەو ، تووشی ھەمان غرور بوەوە. تەنانەت غرورەکەی گەیشتە سەر ئەوەی ھەڕەشە لەدەسەڵاتداران بکات کە لەپێش دەرکی سەرای سڵیمانی وەکو مفەوەز موحسین ھەڵیانئەواسێ . ئەوەش ھۆکاری سەرەکی بو بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بەخۆیاندا بێنەوەو، کۆتایی بەم شانۆگەرییەش بێنن و ، حاڵو حیساب لەگەڵ ئەم ئەکتەرەش بکەنو، بینێرنەوە لای روشدیەکەی جاران و حزبو کوتلەکەشی تەفروتونا بکەن .

کێشەی میللەتی ئێمە لەوەدایە کەوا بەھۆی ئەو لادانە گەورەیەی حزبە رەسەنەکانی کوردایەتی لە پرەنسیبو ئامانجە نەتەوەییەکانەوەو خزانیان بۆ ناو زێرابی گەندەڵی ، سیاسەت بوە بە کارێکی زۆر قێزەون و ناشرین ، ئەوەی ئەخلاق ومەبادی بێت لەزۆربەی حزبەکاندا نەماوە . بۆیە زۆر بەلامەوە ئاساییە ئەو فەزیحەتە لەشاسوار رووبدات ، چونکە ئەویش بەرھەمی ئەو کلتوورە سیاسیە قێزەونەیە کە خەڵکانێکی ھەرچی وپەرچی لەپڕێکا ئەکاتە کوڕێ ، بێ ئەوەی ئەم کەسایەتی و سەرکردانە ھیچ باکگراونێکی سیاسی و رۆشنبیریان ھەبێت ، تەنھا بەپارەو پوولی دزراو دێنە ناو کایەی سیاسییەوە.

لەلایەکی تریشەوە قەت تەسەور نەکەن حزبەکانی تریش بێبەری بن لەم ھەڵوێست و ئاکارە ناشرینانە دژ بە نەیارەکانیان ، ئەو کلتوور‌ی ھەڕەشەی ئەخلاقی وئابرووبردنە ، سیفەتو خەسڵەتی زۆربەی حیزبەکانی دەسەڵاتە بەرامبەر بە نەیارەکانیان ، شاسواریش کاتێک ھەڕەشەی ئەخلاقی لەئافرەتێکی پەرلەمانتاری حیزبەکەی خۆی ئەکات ، ئەویش تەعبیر لەو کلتوورە ئەکات کە بۆن بۆگەنی لێدی و، بوەتە بەشێک لەسیاسەتکردنی حزبە گەورەکان . گومانم لەوەدا نیە دەزگا موخابەراتی وجاسوسییەکانی ئەم حزبانەش سەدان وھەزاران گرتەی ئابروبەرانەی نەیارەکانیان لای خۆیان گلدا‌وە ، یان ھیچ نەبێ ئەتوانن بۆیان دروست بکەن، بەڵام ئەوان وەکو شاسوار بێ عەقل نین بەنامەی مۆبایل ھەڕەشە لە نەیارەکانیان بکەن ، بۆیە لێرەوە ئەتوانم بڵیم ئەوەی شاسوار کردی کارێکی ھەرزەکارانەیە کە باجەکەشی پێموایە زۆر قوڕس ئەبێ وبەکۆتایی خۆی و حزبەکەو کەناڵەکەشی تەواو ئەبێ ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.