ھاتنەکەی مەولود ئۆغلو گوماناوییە

لەلایەن ستاندار Posted on 186 جار بینراوە

ئەحمەد رەجەب

لەکاتێکدا فرۆکە جەنگییەکانی رژێمی تورکیا بۆردوومانی گوندەکانی کودستان ئەکات و ئاڵای تورکمان ئێلی لە کەرکوک ئەشەکێتەوەو تورکمانەکانی بەرەی تورکی عێراق وەک بەعسییەکان بە ھەرێمی کوردستان ئەڵێن ھەریمی سەرووی عێراق ( اقلیم شمال العراق) مەولود ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە ھەولێر.
لە لایەن بەرپرسانی کوردستان: مەسرور بارزانی راویژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان و راسپاردەی پارتی بۆ وەرگرتنی سەرۆکی حکومەت، نێچرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازییەکی گەرم لە ئۆغلو کراو لە ھەموو لایەک فرشی سووریان بۆ راخست.
ھاوکات لە گەڵ ئەم سەردانەی ئۆغلو بۆ ھەولێر، وەزیری ناوخوی تورکیا سلێمان سۆیڵو رایگەیاند قەندیل پارویەکی ئاسانە بۆ سوپای وڵاتەکەی و، لێرەدا روون و ئاشکرایە و، بە بێشک ئۆغلو ئەیەوێت بەم ھاتنەی چەندین پرس بپێکێت و، قەندیل پرسی سەرەکییە و، نەوت و ، دۆزینەوەی بازار بۆ ساغکردنەوی کالاکانی و، بە تابەت بە بۆنەی سزاکانی ئەمریکا بەھای لێرەی تورکی چروکە و، ئەوەی جێی نیگەرانییە بەرپرسانی کوردستان ئەڵێن ئیمە لە گەڵ ئۆغلو ھاوراین.
مەولود ئۆغلو بێشەرمانە ڕایگەیاند، کەرکوک شارێکی تورکمانییەو، بەرپرسانی کوردستان لە پاش خیانەتەکەی ١٦ ی ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و، لە پاش ‌ ھەڵاتنی پارێزگار نجم الدین کەریم تا ئێستا شەریان لە سەر ئەوەیە کێ ئەبێتە پارێزگارو، لە ناو خۆیاندا تەبا نین و، پاشقول لە یەکتر ئەگرن.
تورکیا خاوەن زیاتر لە ١٩ پیگەی سەربازییە لە سەر خاکی باشوری کوردستان و، ھەر پیگەیەکی تورکیا خاوەنی باشترین و مۆدیرنترین کەرەستەی جەنگییە وەک تۆپ و ھلێکۆپتەرو و جۆرەھا تۆپ و، لێرەدا ئەبێ پرسیار بکەێن : ئایا بەرپرسەکانی کوردستان داوایان کردووە تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان بکشێتەوە و، چیتر وڵاتەکەمان داگیر نەکات یان بەرپرسان لەبەرامبەر بەرپرسانی تورکیا ترسنۆکن و، زمانیان لاڵە.

بەھۆی بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا ھاوڵاتییان و گوندنشینانی ناوچەکان ترس و دڵەڕاوکێیان لێ نیشتووەو، لە رابردوودا ژمارەیەک ھاوڵاتی بوونەتە قوربانی و، تا ئێستا حکومەتی کوردستان بێدەنگەو، ئەو دەستدرێژییەی جەندەرمەکانی ئەردوگان ریسوا ناکات و، بە پێچەوانەوە راگەیاندنەکانی دەسەڵات لە خزمەتی تورکیایە.
ئۆغلو سەردانی بارەگای حزبە تورکمانەکانی ھەرێمی کردو، لە گەڵ بەرپرسانی ئەو حزبانە کۆ بووەو، جێی ئاماژەیە تورکمانەکان دژی خواستی گەلی کوردستانن و، لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بە شێوەیەکی نەخشەکێشراو لە لایەن تورکیاوە ھەڵسوکەوتیان ئەکردو، لە کاتی گرتنی شاری عفرین لە لایەن سوپای تورکیاوە ئایدن مەعروف پەرلەمانتاری تورکمان راشکاوانە لە ناو پەرلەمانی کوردستان پشتگیری لە داگیرکردنی شارەکە کردو، ئەوەش ئەو پەری بێرێزی بوو بەرامبەر بە پەرلەمانتارانی پەرلەمان.
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی راویژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان لە گەڵ مولود ئۆغلوو شاندی یاوەری بۆ گۆرینەوەی راو بۆچوون بووە، بە تایبەت پرسەکانی ھەواڵگیری و، باشتروایە ئەو گفتوگۆ ئاخافتنە بخرێتە روو بۆ ئەوەی گومان نەمێنێت و، نابێت کورد پەلکێش بکرێت بۆ شەری پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و، قەندیل پارویەکی ئاسان نییەو خەیاڵیان خاوەو، کورد واتەنی: نەیخۆن تاڵە.
تورکیا تووشی قەیرانی ئابووری بووەتەوەو، ئەیەوێت زیاتر جێپێی خۆی قایم بکات و، نابێت حکومەتی کوردستان رێگا بدات سوپای تورکیا سنوری باشوری کوردستان ببەزێنێت و، نابێ رێگا بدرێت بە جەندرمەکانی رژێمی تورکیا بۆ خواردنی خوان لە گەڵ بەرپرسانی کوردستان وەک ساڵی پێشوو لە مانگی رەمەزان، بە تایبەت وا رەمەزان نزیک بووەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.