بەھاری دەسەڵات و پایزی ئۆپۆزسیۆن

لەلایەن ستاندار Posted on 249 جار بینراوە

محمد لطیف

ھەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی یەک بەدوای یەکی بەرپرسانی باڵای حیزبە ئۆپۆزسێۆنەکان لە ئێستادا (کۆمەڵ و نەوەی نوێ) پێشتریش گۆڕان و یەکگرتوو لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە، ھەرچەندە ئەو دیاردەیە بێ پێشینە نیە ھەر وەک لە ڕابردوو دا روویداوە چەندین حیزب و رێکخراو لە ھەناوی یەکتری ھاتوونەتە دەرەوە یان یەکیان گرتووەو حیزبێکی نوێیان دروست کردووە بەڵام ئەوەی ئێستا روودەدات جیاواز ترە چونکە خەلک لە ئێستادا دوای نزیکەی سێ دەیە لەدەسەڵاتی کوردی شتێکی ئەوتۆی دەست نەکەوت لە دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە و کیانێکی بەھێزو تۆکمە کە بتوانێت خۆ ڕاگر بێت لەبەرامبەر پێشھاتە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان ئابووریەکی بەھێز و دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی خۆراک ئۆمێدێکیان ھەڵچنیەوە لەدوای ھەموو بێ ئومێدیەکانی ژیان کە بەدەستیەوە دەناڵێنن لەو ماوەی حوکمڕانی دوو حزبی باڵا دەست. لەکاتێکدا ھەردوو حزبی باڵادەست لە ھەرێمی کوردستان گەیشتونەتە ڕێککەوتنی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم ئەوەندەی تر خەڵکی کوردستانی بەرەو سەیرانگاکان برد لە نائومێدبوونیان بەو گۆڕانکاریانەی کە چەندساڵێک لەمەوبەر قوربانیان لەپێناوداو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کردیانە پەیژەو بەسەریدا سەرکەوتن.

بێگومان ئەو ھەڵوەرینەی ئەندامەکانیان کە روو دەدات ھۆکاری ئاشکراو شاراوەیی ھەیە. سەبارەت بە ھۆکارە دیارەکانی وەک لە راگەیەندراوی دەست لەکار کێشانەوەکانیان و بەیاننامەی نارەزایەتیەکانیان دیارە، ھۆکارەکانی قۆرخکاری ناوەندی بڕیار لەدەست تاکە کەسێک و بە دیاری کراویش سەرۆکی حیزبەکانیان، گەندەڵی کارگێری و دارایی لە ھینانە پێشی خزم و دۆستە نزیکەکانی سەرۆکی حیزبەکان و بەھەدەردانی پارەی حیزبەکە و بە بنەماڵەیی کردنی ئۆرگانەکانی حیزب، حیساب نەکردن بۆ ماندوبوونی کەسانی چالاکی حیزبەکانیان ئەمانەو چەندین ھۆکارگەلی تر گوێبیست دەبین. بێگومان ئەم ھۆکارانەش ھەموویان ڕاستیان تێدایە.

بڵاوکردنەوی بیروباورە تاکەکەسیەکانی سەرۆکی حیزبەکان بەبێ بوونی فیڵتەری ئۆرگانەکانی تری حزب، رق و قینەی تاکە کەسی ئەو سەرکردانەی تێکەڵاو دەبێ و ئەوەش زیانی بۆ تەواوی پرۆژە حزبیەکانیان ھەیە کە لە ناوەرۆکدا بۆ خەلکە نەوەک بۆ خۆیان.

ئەوەی پەیوەندی بە ھۆکارە شاراوەکانەوە ھەیە دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەو دیاردەی وازھێنانە لەبەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارەکانە بە پلەی یەکەم پارتی وەک حزبێکی خاوەن ئۆرگانی تۆکمە و بڕیار مەرکەزی چونکە نیشاندانی ئەو فەوزایەی ھەیە بە کادیرو بەرپرسە باڵاکانی پارتی بەسە بۆ ئەوەی ھەرگیز بیر لە دیاردەی وازھێنان نەکەنەوە ئەوە لە رووی ناوەخۆوە لەرووی دەروەی ئەو حیزبەشەوە خەڵکی گومانی لەلا دروست دەبێ سەبارەت بە ھەموو حزبەکانی تر بە یەکێتیشەوە ،چونکە یەکێتیش قەیرانی زۆری ھەیە، چونکە ئۆپۆزسێۆن ووردە ووردە کاڵ دەبێتەوە و کاریگەریەکانی نامێنێ لەسەر دەسەڵات لەلایەک، وە دواجار دەنگدەرەکانیان چیتر دەنگەکانیان نادۆڕێنن بۆ ململانێ سیاسیە ناوخۆکان بۆیە دەنگی سپی و بایکۆتکردن زۆر دەبێت ئەوەش لەبەرژەوەندی دەسەڵاتە. ھەر بۆ ئەومەبەستەشە پارتی و یەکێتی نایانەوێ چیتر شیرینی حکومەتەکەیان بەش بکەن لەگەڵیان و تەنگیان پێ ھەڵدەچنن بە درەنگ پێکھێنانی حکومەتەکەی خۆیان.

لایەنێکی تری شاراوەی کێشە ناوخۆییەکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەوەیە کە لەوانەیە ھەروەک دەگوترێ لە ناوخۆدا، ھەرێمی کوردستان، حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستیان ھەبێت لەو کێشەیە، ھەروەک بینیمان چۆن لە رابردوودا کەسی ناو حزبەکانی دەسەڵات نمونە یەکێتی و دەرەوەی دەسەڵات نمونە گۆڕان، بوونە ئامانجی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی نیشتمانیش بووە ئامانجی یەکێتی. بۆیە کەم ئەزموونی نەوەی نوێ لەو بابەتەدا ھۆکارێکی زۆر ئاسانە بۆ لێکھەڵوەشانەوەیان. کەم ئەزموونە لە سەرەتای دروست بوونیەوە کە متمانەی تەواوی دایە دەست کەسانێکی ناو جوڵانەوەکەی بەبێ چێککردنی باکگراوندیان، وە کەم ئەزموونە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەکەدا.

بە بۆچوونی ئێمە لایەنێکی تری شاراوەی گرینگی ئەو ئۆپۆزسیۆنانە ئەوەیە کە بێئاگان لەوەی ئەوانە لەسەردەمی تەکنەلۆژیای ئێستادا لەژێر ووردبینی و چاوەدێری بڕیار بەدەستانی جیھاندان بەتایبەتی ئەمریکا کە لە ئێستادا جڵەوی سیاسی عێراقی لەدەستە، ئەوانە ھەندێک ھەڵەی زۆر کوشندە دەکەن لەکاتی خیتابە سیاسیە بێ فڵتەرەکانیان دواتریش بەدڵنیاییەوە تەرجەمەدەکرێن و پێشانی بڕیاربەدەستان دەدرێن، ھەر ئەوەشە لەوانەیە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو تاقیکردنەوەیە دەرنەچووبێت کاتێ وەڵامی توندو تیژی بە توندو تێژی دەداتەوە(بابەتەکەی مفەوەز شەماڵ). لەکاتێکدا دەکرا باس لە دادگایی کردنی عادیلانەی ئەو خەڵکانەی بکردایە. بۆیە دوور نیە سەرۆکی جوڵانەوەکە پشتگیری دەرەوەی لاواز بووبێ.

لەکۆتاییدا خەلکی کوردستان ووردە ووردە بێئومێد دەبن و تروسکایی گۆڕانکاریان لێ وون بووە، وای لەبەشێکیان کردووە پەنا بەرنەوە بەر دەسەڵات جارێکی تر یان ئۆمێدی گۆڕانکاریەکی ھەرێمی و نیودەوڵەتی دەخوازن ئەو قۆناغە ناجێگیرەی ئێستایان بۆ تێپەڕێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.