نەوەی نوێ و کلتوری بریندارکردنی کەرامەت

لەلایەن ستاندار Posted on 245 جار بینراوە

دانا مه‌نمی

دونیای دیموکراسی دونیای شێوازی ژیان کردن و رێزگرتنە لە جیاوازییەکانی بەرامبەر ونەخوێندنەوەی پێگەی مرۆڤەکانە لە سەر بنەمای پاشخانی کۆمەڵایەتی و ئەتنی و ئاینی و ڕەنگی پێست ، مێژووی دیموکراسیەت مێژووی ڕوانینە بۆ مرۆڤ وەک بونەوەرێکی نرخدارو خاوەن ماف و شکۆو کەرامەت ، ئەمە بۆخۆیشی پرەنسیپێکی ئەخلاقییە کە نەیاسا و نە حیزب و نە سەرکردەو ھیچ لایەنێک و ئایدۆلۆژیایەک ئەو مافەی نییە ئەو پرەنسیپە ئەخلاقییە بگۆڕێت بۆ دیدێکی سیاسی نا ئەخلاقی و سوکایەتی بە بەھای مرۆڤبونی مرۆڤەکان بکات .

ھەموو گریمانەیەکی دیموکراسی ئەوەیە کە خەڵکی نەلە ترسان و نەلەبرسان و نەلەبەر زۆداری ،بەڵکو لە دڵەوە متمانەی بە حکومەت و حیزب ھەیە و میکانیزمی دیموکراسی بۆ ڕازیبونی خەڵک لە حیزب و لە حکومەت لە ئارادان کە بە داخەوە ھەم حیزب وھەمیش حکومەت لە غیابی ئەو میکانیزمانەدا بانگەشەی دونیای دیموکراسی و پرەنسپیی یاسا سەروەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئازادی و پاراستنی شکۆو کەرامەتی ھاوڵاتیان دەکەن !

لەبازاڕی سیاسی ئەم وڵاتەدا کاتێک مرۆڤ قەدو باڵای حیزبی کوردی و شێوازی حوکمرانەتیان لە دوای بیست و ھەشت ساڵ دەبینێت کە ھێشتا دیوەخانەکانیان دیوەخانی خێڵەو خۆیان پێ سۆسیال و دیموکراتخوازو ئاشتیخوازە ،وەلێ لە جەوھەردا کۆنەپارێزن و باندی مافیاو دزو ڕێگر دروست دەکەن و ناوی دیموکرات و شۆڕشگێریشی بەسەردا دەبڕن ، ئەوە نیشانەیەکی ڕوونە کە ئەحزابی کوردی لە بەرپرسیارەتی دیموکراسی تێنگەیشتوون و دیموکراسیەت بە لاسایکردنەوە ناخەمڵێت و گەشەناکات ، ئەحزابی کوردی بە بەرنامەو پرۆگرام ھەر زۆر دیموکراسین بەڵام کار بۆ درێژکردنەوەی جەستەی خێڵ و لە ناو کۆمەڵگاداو جەستەی بنەماڵە لە ناو حیزبدا دەکەن ، حیزبی کوردی دەیەوێت ھەموو کۆمەڵگا قووت بدات ئەمە لە کاتێکدا حیزب تەنیا نوێنەراتی بەشێک لە کۆمەڵگا دەکات ،لە کاردانەوەی کادرو ھەڵسوڕاوێکدا دەیان گوتەی ناشیرین و سەدان تۆمەت و بوختان دەھۆننەوەو ھەڵسوکەوتێکی نادیموکراتی وەکو پەرچەکردارێک دەنوێنن .

کلتوری بێنرخکردنی مرۆڤ و بریندارکردنی کەرامەت و کلتوری ھەژارخستن وەکو فۆڕمێکی تری سیاسی چەکی دەستی ئەو حیزبە فاشیل و دۆڕاوانەیە کە لەپشتی شەرعییەتی شۆرشگیرییەوە لە بەھای ئینسانەکان بۆ مەبەستی سیاسی مانەوەی خۆیان دەدەن ،تا ئێستا ھیچ لایەنێک نەیتوانیووەو ناتوانیت لەویتر دیموکراسیتر بێت و بەرامبەری تێپەڕێنێت ، ھەمووان لەسەر ھەمان ئاوازو فکر خەسڵەتە ناشیرینەکانی یەکترھەڵدەگرنەوەو ئیبداعیش لەو کلتوری بێنرخکردنی یەکتر و سوکایەتیکردن بە مرۆڤ تەنانەت بە ئەندام و لایەنگرەکانی ھەناوی خۆیشیان دەکەن ، کادری حیزبە کوردییەکان بونەوەرێکی پارچە پارچە کراو بێماف و نا یەکسانیەکی زۆرو لە ھەندێک شوێن مرۆڤی پلەیەک و پلە دوو و چەندان شێوەی دیکەی نایەکسانی لە سەر پاشخانی کۆمەڵایەتی و ئەتنی و زمانی ناوچەیی لە ناو حیزبە کوردییەکانداھەیە و دەبینرێت .

بێ ئومێدبوونی خەڵک لە یەکێتی بزوتنەوەی گۆڕانی لێ دروست بوو ، گۆران دوای ۱۰ ساڵ لە دروستبوونی جەماوەرەکەی دەپوکێتەوەو لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلولی ۲۰۱۸ بۆ پەرلەمانی کوردستان نیوەی کورسییەکانی لە دەست ئەدات و ھەڵسوڕاوو لایەنگرانی گۆران سزای توندی بزوتنەوەکەیان دوای وەفاتی ( نەوشیروان مستەفا ) ئەدەن ،دەیان کادرو ھەڵسوڕاو سەرکردەی سیاسی و سەربازی سەنگەرەکانی گۆڕان جێدەھێڵن، ھەردوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا گۆران پێچەوانەی بەڵێنەکانی و ئەو ستراتیژو ئایدۆلۆژیایەی کە بۆی دروست بووە ھەنگاو دەنێت ، لەبری جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب لە حکومەت و دروستبوونی حکومەتێکی تەکنۆکرات و بە دامەزراوەیکردنی جومگەکانی دەسەڵات و بەرجەستەکردنی شەفافیەتی سیاسی و ئابوری و سەروەربوونی یاسا ، بونە بەشێک و شەریکی ڕاستەقینەی ھەنگاوەکانی پارتی و یەکێتی و ئارایشکردنی ئەو سیاسەتە شکستخواردووە دەکەن کە پایەکانی لەرزۆک بووە و متمانەی شەرعی لە دەستداوە .

ھەروەک چۆن بێ ئومێد بوونی خەڵک لە یەکێتی بزوتنەوەی گۆرانی لێ دروست بوو، دەنگە ناڕازییەکانی ھەناوی یەکێتی و پارتی و ئیسلامییەکانی یەکخست و گۆران بووە ھێزێکی کاریگەری جەماوەری بەڵام نەیتوانی یەکێتی تێپەڕێنێت و دیموکراسیتر لە یەکێتی و لە پارتی ئەدای سیاسی خۆی پێشکەش بکات ، لەم قۆناغەدا مێژوو جارێکی تر خۆی دوبارە دەکاتەوەو بێ ئومێد بوونی ئەو دەنگە ناڕازییانەی ھەناوی پارتی و یەکێتی و گۆرانیش نەوەی نوێی بەرھەم ھێنا وەکو ھێزێکی سیاسی خاوەن شەرعییەتی ھەڵبژاردن لە کوردستاندا.

دوای ساڵێک لە دروستبوونی نەوەی نوێ ئەم حیزبەش بەدەردی یەکێتی و پارتی و گۆران لەوەڵامی کاردانەوەی کادرێکی حیزبەکەیاندا بەھەمان میکانیزم کەمێک جیاوازتر توخم ڕەگەزو خەسڵەتە ناشیرینەکانی پارتی و یەکێتی و گۆرانی وەکو ئامرازو پەرچەکردارێک بۆ لێدان لە ئەندام و لایەنگرو کادرێکی حیزبەکەیان زۆر نادیموکراسییانە ڕوبەڕووی دەبنەوە، لێدان لە کەرامەتی ئینسان و بریندارکردنی ئینسان چەکی دەستی پارتی و یەکێتی یە و دیاردەیەکی سیاسیی و پلان بۆ داڕێژراوە و لە پشتی بریندارکردنی کەرامەتی ئینسانەوە فشارێکی تری سیاسی ھەیە بۆ سەرکوتکردنی دەنگ و ڕەنگی جیاواز .

کوردستان بەبێ گۆڕینی بونیادی عەقلی ئەم حیزبە کوردییانە پێشناکەوێت و لە دۆخێکی چەفبەستوودا دەمێنێتەوە ، لە چەپەوە بۆ راست لە عەلمانیەوە بۆ ئیسلامی لە ناسیۆنالیزمەوە بۆ دیموکراتخواز بونیادی فکری و ئایدۆلۆژی حیزبی کوردی یەک پێناسی بۆ ھەقیقەت بۆ دەستنیشانکردنی باش و خراپ ،ڕاست و ھەڵە ، جوان و ناشیرن ، شۆرشگیرو جاش ، دڵسۆزو خیانەتکار، ڕیکەوتن و ململانێ و دژایەتیکردن ھەیە ، ھەمووان ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناو ھەندەسەی دابەشکردنی ھەقیقەتەکانی خۆیاندا تەوزیف کردووەو بەشە جیاوازەکانی تری ھەقیقەت نابینن ، ئەمەش بیرۆکەیەکی مەترسیدارەو مەودایەک بۆ نوێبونەوەو پێداچونەوە بە خۆیاندا نابینن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.