ووڵاتێکی سەیرو میللەتێکی سەیرتر

لەلایەن ستاندار Posted on 277 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی
لەدوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستانەوە ، لەلایەن راگەیاندنەکان و بە تابیەت سۆشیال میدیاوە زۆرترین قسەو توانجی سیاسی لەو هەموارکردنە درا بە تایبەتی لایەنگرانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
پێش ئەوەی بڕۆمە ناو کرۆکی بابەتەکەوە ئەمەوێ بەکورتی ڕاو سەرنجی خۆم لەسەر ئەو یاسایە بدەم ، من پێم وایە بەگشتی ئەو یاسایە هەرێمی گەیاندە قۆناغێک کە ئەستەمە ووڵاتەکەمان بەرەو کەناری ئارامی و حوکمەتەکەمان بەرەو حکومەتێکی مۆدرێن و سەروەری یاساو پاراستنی ئازادیەکانی تاک بڕوات.
ووڵاتێکی سەیرین:
لەبەر ئەوەی هەموو ئەو یاساو پرەنسیبانەی کە لە ووڵاتە دیموکراسی و تەنانەت نیمچە دیموکراسیەکانیش هەیە ،ئێمە پێچەوانەی ئەو یاسایانە کار دەکەین و کەچی ئیدیعای دیموکراسی و حکومەتی مەدەنی و پێشکەوتوو دەکەین ، بەڵام لەڕاستیدا هەندێ لەو یاسایانەی کە لەم هەرێمەدا هەیە بڕوا ناکەم لە دواکەوتوترین ووڵاتی وەک جیبۆتی و سۆمال و یەمەن هاوشێوەی هەبێت.
ئەو تاوانانەی لەم ووڵاتە بەناوی چەسپاندنی یاساوە دەکرێت ، مەگەر هەر لە ووڵاتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە و جیهان ئەنجام بدرێت ،وەک کوشتنی خۆپیشاندەرو کپ کردنی دەنگی ئازادو کوشتنی قەڵەمە بوێرەکان و شکاندنی شکۆی تاکی کورد، ئەمانەو دەیان نمونەی تری زیندو کە رەنگە نەتوانین لەم ووتارەدا جێیان بکەینەوە.
میللەتێکی سەیرین:
لەبەر ئەوەی بەدرێژایی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردی هەرچی کراوەو روویداوە زۆرینەی خەڵکی نەک هەر ڕازی بوونە بەپێچەوانەوە زۆر بە گەرمی پێشوازیان لێکردووەو بە دەستکەوتی نیشتمانیشیان لەقەڵەم داوە بۆ نمونە تەزویروگزی لە هەڵبژاردنەکان و نا عەدالەتی و بڕینی مووچەی خەڵک و دزینی داهاتی ووڵات و هەموو ئەو زوڵم و ستەمانەی لە هاووڵاتیان کراوە.
ئاساییە ئەگەر حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن رەخنە لەو یاسایە بگرن و سەرزەنشتی بکەن بەڵام زۆر لام سەیرە کە ئەندامانی یەکێتی بەچەپ و راستەوە دژایەتی ئەو یاسایە دەکەن لەکاتێکدا ماوەی 28 ساڵە حیزبەکەی شەریکی دەسەڵاتەو لە هەموو ئەو گەندەڵی و نادادپەروەری و فرۆشتنی خاک و هەموو نەهامەتیانەی توشی ئەم ووڵاتە هاتووە بەشدار بووە ! کەچی دێت و رەخنە لە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی ئەگرێت و ئەڵێ کەسی نەخوێنەوارتان کردۆتە سەرۆکی هەرێم ،ئاخر چی مەنتقێکە سوکایەتی بە حزبێکی دیکە بکەی کە بەشدارە لەو هەموارکردنە، کەچی حزبەکەی خۆتیش بەهەمان شێوە بەشدار بێت لە هەمواری ئەو یاسایە؟
ئەرێ بەڕاست ئێوە پرسیارتان لەخۆتان کردووە ؟
ـ ئەوە کام حزبە بوو لەساڵی 2005 یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی پڕ بە باڵای بارزانی دووری و تا ئەمڕۆش بەدەستیەوە ئەناڵێنین؟
ـ ئەپرسین ئەوە کام حزب بوو لە ساڵی 2015 دوو ساڵی دیکەی بۆ سەرۆکی هەرێم تازە کردەوە؟
ـ ئەرسم ئەوە کێ بوو ماڵ بەماڵ ئەگەڕاو دەنگی بۆ کاک مسعود کۆ ئەکردەوەو بە سەرۆکی بێ بەدیلی ئەزانی؟
ـ ئەرێ بەڕاست ئەوە کێ بوو لە پشکی خۆی دوو ساڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی دا بەو کەسەی کە ئێستا پێی ئەڵێن نەخوێنەوار؟
ـ باشە ئەوە چی حزبێک بوو کەماوەی سەرۆکی هەرێم تەواو ببوو هەر لەو کاتەدا دەرگای پەرلەمانیش داخرابوو ، کەچی ئەمان ڕۆیشتن وەک سەرۆکی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵیدا کردوو پشتگیریەکی سەرسەختیشی بوون لە ڕیفڕاندۆم و کە لە ئەنجامدا نیوەی خاکی کوردستانتان لەدەستدا.
ـ ئێ باشە سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکەی ئێوە نەبوو دەنگی بەو یاسایەدا؟ کە بۆ خۆتان ووتەنی سەرۆکی نەخوێنەوار بوو؟ئەمە بەنیسبەت یەکێتییەوە.
بەڵام بە نیسبەت گۆڕانەوە باشە هەر ئێوە نەبوون ئەتتان ووت نابێ سیستەمی حوکمڕانی بە بنەماڵە بکرێت ، یاخود ئەتانوت حوکمڕانی بە کەسانی نەخوێنەوار ناکرێت !.
ئەمەیە ئەو سەمەرانی لەم ووڵاتەدا روو ئەدەن و سەیرتریش ئەو کەسانەن کە هەر ڕۆژەی بە تەپڵێکی حزبەکیان هەڵئەپەڕن و ڕاو هەڵوێستی خود لەلایان غایبە، لەکۆتاییدا ئەڵێم هەتا تاکی کوردی بەم شێوازە بیربکاتەوەو نەگەڕێتەوە بۆ مەنتقی عقڵ و بەرژەوەندی نیشتمان نەخاتە پێش بەرژەوەندی حیزب و تاکەوە ، چاوەڕێی زۆر لەیاسای خراپتریش بن لە ڕۆژانی داهاتوو، بۆیە هەتا خۆمان چاک نەکەین ، ناتوانین داوای چاککردنی ئەم دۆخەی هەرێم بکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.