مۆدێلی تەپوتۆز

لەلایەن ستاندار Posted on 293 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

هەواکە خۆی پیسەو پارتی و یەکێتی پێشوەخت تەمومژێکی چڕیان تیا دروستکردوە، هێزی تازە نایەت بەقەت حەجمی خۆی پاك و ڕوونی بکاتەوە، دێ لەناو تەپوتۆزەکەدا ئەویش تەپوتۆزی خۆی بکات، ئیتر ژینگەی سیاسیشمان تابێ پیسترو تەڵختر ئەبێت!

ئیتر هێزی سیاسیی زیادئەکاو لەگەڵیا هۆشیاری سیاسی زیاد ناکات، چونکە ئەوەی دێ، بەرامبەر گەمژاندنەکەی پارتی و یەکێتی، جۆرێك لە هۆشیاری تەرح ناکات، بەڵکو مۆدێلی گەمژاندی خۆی ئەخاتە بازاڕەوە!

ئیتر هێزەکان زیادئەکەن و لەگەڵیا بەرچاوڕوونی زیادناکاو شتەکان هەر لێڵ ئەبن، چونکە شەڕی سەرەوەو “دەسەڵاتخوازی” لە لێڵیدا ئەکرێ و شەڕی خوارەوەو بیناکردنەوەی تاك و کۆمەڵگا لە ڕوونیدا! یەکەمیان بڕێك دەنگەدەنگ و شیعاراتی حەماسی ئەوێ جەوەکەی پێ گرژکەیت، دووەمیان کەشێکی ئارامی ئەوێت فکرێکی ڕوونی تیا تەرحکەیت. (هێزەکانی ئێمەش بۆ شەڕەکەی یەکەمیان هاتوون)

سەیرکە ئۆجەلان لەو خەڵوەتەی خۆیدا، چونکە گەیشتووە بە باڵایی عەقڵی و ڕۆحی، جگە لە ئاشتی و ئارامی پەیامێکی تری نیە، هەموو دەرفەتێك ئەقۆزێتەوە بۆ دووپاتکردنەوەی هەمان شت! بۆچی؟ چونکە (ئەو ئەیەوێت شتێك لەخوارەوە دروستبکاتەوە) کە ئەوەش پێویستی بە ڕەواندنەوەی لێڵی ئاوەکەیە، بۆ ئەوەی ئەو ماسییەی کە ئەیخاتە ناوی دیاربێت!
بەپێچەوانەوە ئەردۆگان چونکە شەڕەکەی شەڕی دەسەڵاتخوازییە، کاری ئەو بە گرژکردن و لێڵکردن ئەڕوات، بۆیە ئەبینی لە ناو حیزبەکەی خۆی و وڵاتەکەی خۆیەوە تاکو دوورترین شوێنی دنیا هەر ڕۆژەی گرژی و لێڵییەکی تازە ئەخولقێنێ، بۆئەوەی شەڕی دەسەڵاتخوازیی خۆی لەناویدا بشارێتەوە!

ئۆجەلان لەناو فکرو ڕۆحی خۆیدا کۆتایی بە (دووانەی شەڕو ئاشتی) هێناوەو لەناو ئەودا تەنیا ئاشتی هەیە! باڵاییش هەرئەوەیە کە لەناو خۆتدا کۆتایی بەو دووانەیە بهێنیت و تەوای مەساحەی ڕۆحت بۆ ئاشتی یەکلابکەیتەوە، چونکە شەڕەکانی دنیا، شەڕەکانی ناوەی ئێمەیە هاتونەتە دەرەوە، ئەگەر لەناوەوە کۆتایی پێبێنین، لە دەرەوە ئاشتی فەراهەم ئەبێت!
یەعنی لە باڵاییدا من تەنیا بەرپرس نیم لە شەڕينگێزییەکانی خۆم، بەرپرسم لە شەڕەنگێزییەکانی تۆش! بۆیە نابێ دەرفەتی شەڕت بدەمێ و تا تۆ زیاتر بڵێ شەڕ، من ئەبێ “ئۆجەلان ئاسا” زیاتر بڵێم ئاشتی.

جا مۆدێلی تەپوتۆز خراپترین مۆدێلی موعارەزەیە کە هاتۆتە دنیای ئێمەوە، قازانجەکەی هەر ئەچێتەوە گیرفانی یەکێتی و پارتی، چونکە لە ئەساسا تەپوتۆزی سیاسی، پارتی ویەکێتی خۆیان دروسیانکردوەو تا چڕتریشبێت، ئەوان لەناویدا باشتر ئەمێننەوەو خۆی تیائەشارنەوە.

مۆدێلی تەپوتۆز ئەوەیە کە گۆڕان هاتە ناو هەوا تۆزاوییەکەوەو وتی یەکگرتوو ترسنۆکە یەك قاچ ئەدا بە ئەرزا، من هەردوکی ئەدەم بە ئەرزاو تەپوتۆزی زیاتر ئەکەم.
نەوەی نوێ هات وتی گۆڕان تەپوتۆزی کەمە، لەبری دوو قاچ من هەر چوار پەل ئەدەم بە ئەرزاو تەپوتۆز زیاترئەکەم.
ئێستا دەنگۆی دروستبوونی هێزی تر هەیەو دڵنیاشم ئەوانەی کە دێن، دیسان سەربە مۆدێلی موزایەدەی تەپوتۆزن و دیسان دۆخەکە لێڵتر ئەکەن!

سەیرکە ئێمە پێویستمان بە ئارامییەکە بۆئەوەی تەرحێکی عەقڵانی بۆ تاك و کۆمەڵگا تیا بکەین، نەك ئەوەی دیسان لە گرژییدا تەرحێکی حەماسی بۆ قەرەباڵغی و دەسەڵاتخوازی بکەین.
ئێمە پێوستمان بە هێزی تری دەنگەدەنگ و دروشمبازو حەماسەتباز نیە بۆ داڕشتنەوەی دەسەڵات، ئێمە پێویستمان بە هێزی عەقڵە بۆ بیناکردنەوەی ئینسان!
مەیدانی عەقڵیش ئارامییەو مەیدانی دەسەڵاتخوازیش گرژیی.

بۆ تێپەڕاندنی پارتی و یەکێتی، هێزەکانی تر نەك پیویست نین، بەڵکو زیادەشن! چونکە لە غیابی ئەواندا ئێمە بەرچاومان ڕوونترەو تەنیا لەبەردەم دوو وەحشی بێ ماسكداین، بەڵام لە وجودی ئەواندا، ئیتر ئێمە جگە لە دوو وەحشی بێماسك، لەبەردەم دنیایەك وەحشی ماسکداریشداین، کە هەموویان هەر هەمان شتیان ئەوێ، بەڵام جادووی ویستنەکەیان جیاوازەو جادووەکەش لە ئێمە ئەکرێ!

دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەرهەمی دوو شتە، عەقڵیەتی کۆمەڵگاو جەبری ئیقلیمی.
جەبرەکە بە ئێمە ناگۆڕێ و ئەبێ چاوەڕێ ی گۆڕانکارییەکانی دنیابین، باشترین کاریش لەماوەی ئەو چاوەڕوانییەدا بکرێ، دەسکاریکردنی عەقڵیەتی کۆمەڵگایە، نەك ئەوەی لە پشتی وەهمی دەسکاریکردنی دەسەڵاتەوە، خەریکی دروستکردنی نوسخەکانی تری پارتی و یەکێتی و تۆخکردنەوەی هەمان عەقڵیەت بین!!
هەربۆیە باشترین (نا) کە بە پارتی و یەکێتی بوترێ، نایەکە کە لەپێشا بەوانیتر بوترێ! چونکە ئەوانن لێناگەڕێن ئێمە بگەین بە دۆخە عەقڵییە کولتورییە ئاسۆییەکەی (نا)و هەر لە دۆخە حیزبییە دەسەڵاتخوازە ستونییەکەی (نا)دا ئەمانهێڵنەوە.

ئێمە سەدساڵە ئەمانەوێ ببین بە دەوڵەت هەر نەبووین، دە ساڵیشە ئەمانەوێ پارتی و یەکێتی بڕوخێنین هەر نەڕوخان.
چونکە بەرامبەر هەردوو ستەمکاری دەرەکی و ناوخۆ، خاڵی لاوازی ئێمە عەقڵە، خەتی چەك و دەسەڵاتخوازیش کاری بە عەقڵ نیە، کاری بە حەماسەتە، یەعنی ئەم خەتە نەك ڕزگارمان ناکا بەڵکو کۆڵەوارترمان ئەکاو دۆخی ناعەقڵیی قوڵترئەکاتەوە، کە ئەوەش هەر ستەمکارییەو هەر ستەمکارییش بەرهەمئەهێنێتەوە!

تا خەتی ڕەقی دەسەڵاتخوازی نەگۆڕین بە خەتی نەرمی کولتوری، هەمان یاری بەردەوام دووبارەئەبێتەوە، ئاخر پرسیارە گەورەکە ئەوەنیە کە دەسەڵاتی ئێمە بۆ وایە، پرسیارەکە گەورەکە ئەوەیە کە عەقڵی ئێمە بۆ وایە، کۆی ئەوەشی لەپشتی هەرای دەسکاریکردنی دەسەڵاتەوە ئەگوزەرێ، دوورخستنەوەی ئێمەیە لە کارە گەورەکە کە دەسکاریکردنی عەقڵە.

حیزب هەر دێن و ئەمانکێشن بە دەسەڵاتدا، ئیتر نایەڵن بە خۆمان بکەوین، دنیاش لە بەرکەوتنەکەی دووەمیانەوە ئەگۆڕێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.