ببێ یان نەبێ بە تۆ چی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 263 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

پرسی سەرۆکی ھەرێم و پلەی خوێندن و خوێنەوارو نەخوێنەوار بازاڕی گەرمە، ئاخر وڵاتێک کە ڕێژەی خوێندەوار تیایا سەرو ٪‏٩٠ بێت و ئاستی تێگەشتنی خوێندەوارەکان ٪‏١٠ تێنەپەڕێنێ ئەوا خودی ئەو کۆمەڵگەیە بە نەخوێنەوار ئەژمارەکرێ و سەرۆکیش ئەگەر زانا و داھێنەریش بێت ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ.
گرنگە بۆ بەرەوپێش چوون و گۆڕانکاری لەھەر کۆمەڵگەیەکا ڕەخنەی ئازاد بوونی ھەبێ بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە ڕەخنەکان بابەتی و جێگربن بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری وە لەوانەش گرنگرتر ئەوەیە کە ڕەخنەکانی “نوخبە”ی ناو ھەر کۆمەڵگەیەک گێژراو بێژراوبێ نەک ھەڕەمەکی.
ئەبێ سەرەتا ئەوە بزانین کە پلەی خوێندن تەنانەت لە ڕۆژئاواشا نابێتە ڕێگر بۆ بەدەستھێنانی پۆستی باڵای حیزبی و حکومی بەڵکو ئەو نەریتە زیاتر وەک ئەوەی پێی ئەوترێ لە جیھانی سێھەمدا کاری پێئەکرێ کە ھەڵبەتە ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە کە لێرەیا باس کردنی گرنگ نیە.
تواناکان مرۆڤەکان جیا ئەکەنەوە نەک پلەی خوێندن و ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ مێژوو ئەوا بە ڕوونی ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە بەشێک لە داھێنەرو بیرمەند و زاناکان سەرەتا داھێنانیان کردووە پێش ئەوەی پلەی خوێندنی باڵایان ھەبێ.
هەڵبەتە ئەمە نە بەرگرییە و نە پاساوە بۆ خودی دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم و خودی کاندیدی سەرۆکی هەرێم هێندەی بەرچاو ڕوونییە بۆ بابەتێکی جەوهەری کە کۆمەڵگەی گیرۆدەی تێکەڵ و پێکەڵی بیرکردنەوە کردووە.
بێ ھیچ دوو دڵییەک کۆمەڵگەی ئێمە ڕەخنە لە ھەر جوڵەیەکی سیاسی ئەگرێ کە حیزبە تەقلیدیەکان بەشێکبن لە پێکھاتەکەی جا ئیتر ڕێکەوتنی ستراتیژی بێت یان پێکھێنانی حکومەت بێت یان ھاوپەیمانی،  کە ھۆکاری ئەمەش بۆ ئەو ٢٨ ساڵ حکومڕانی دوو حیزبی چەکدار ئەگەڕێتەوە کە خەڵکی لە کۆی ھاوپەیمانی و ڕێکەوتنی ستراتیژی و حکومڕانی ھاوبەشیان سوودمەندی یەکەم نەبووە.
ئەو ڕەخنانەی ئێستا لە خوێنەواری و نەخوێنەواری سەرۆکی ھەرێمی داھاتوو ئەگیرێ ڕەخنەیەک نیە لە لە خودی ئەو دەزگایەو کەسایەتی سەرۆک ھێندەی ڕەخنەیەکی جدییە بۆ گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، کە شەقامی کوردی تا ئاستێکی زۆر بەرز و ترسناک بێ ھیوا بووە  لەو گۆڕانکارییە و ڕێژەی بەشدارینەکردنی دەنگدەرانی دواین ھەڵبژاردن گەواھیدەری ئەو ڕاستیەن.
لێرەوە گرنگە خاڵ لەسەر ھۆکاری نەبوونی گۆڕانکاری لە حکومڕانی ٢٨ ساڵەی ھەرێمی کوردستانا دابنرێ، کە ئەوێیش بۆ جۆری پێکھاتەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان ئەگەڕێتەوە کە لە کۆی کابینە حکومییە جیاجیاکانا گۆڕانکارییەکان ھەر چۆنێک بووبێت و کارنامەی حکومەتەکە ھەرچییەک بووبێت و سەرۆکی حکومەتەکە ھەر کەسێک بووبێ نەبۆتە ئاڕاستەیەک بۆ گۆڕانکاری، کە ھۆکاری ئەو کارەش تەنھا بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھاوبەش لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەڕێتەوانێ، کە ھیچ کاتێک ڕێژەو ژمارەی وەزیرو بوونی سەرۆکی حکومەت لە ھەرلایەکیان بووبێ نەبۆتە ھۆکارێک بۆ گۆڕانکاری، ھێندەی ھۆکارێک بووە بۆ دووبارە کردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوو.
بۆیە لێرە بەدواوە ئەبێ جۆری داوای شەقام بگۆڕێ و خواستەکەی ساڵی ١٩٩٢ی کاک نەوشیروان مستەفا جێبەجێ بکرێ کە ئەویش پێکنەھێنانی حکومەتی ھاوبەشی نێوان (پ.د.ک) و (ی.ن.ک)ە، بەو واتایەی کە ھەر کاتێک یەکێک لەو دوو حیزبە براوەی ھەڵبژاردنبێت ڕاستەوخۆ حیزبەکەی تریان بوێرانەو دیموکراتیخوازانە ئۆپۆزسیۆن ھەڵبژێرێ وەک نەریتێکی باو لە وڵاتانی پەیڕەوکەری دیموکراتی ڕاستەقینە.
ئاخر نمونەیەکی زۆر ناوازەیە کەھەمیشە دوو حیزبی ڕکابەرو یەکەم و دووەمی ھەڵبژاردن بەبێ یەکتر حکومەت پێکنەھێنن و لە ٢٨ ساڵ حکومڕانی شکستخواردووی ھاوبەشیانا تێکنەچوونی شیرازەی کۆمەڵگەو زەرورەتی بوونیان لە حکومەتا بۆ پاراستنی ئەو شیرازەیە بگێڕنەوە، کە ڕاستیەکەی پشتی ئەو پێکھێنانی حکومەتە ھاوبەشە بەرژەوەندی ھاوبەشی جووت حیزبەکەیە نەک ھیچ شتێکیتر.
ھەنگاوی یەکەمی ھەر گۆڕانکارییەک لە ھەرێمی کوردستانا بە بوێری و قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن لەلایەن یەکێک لەو دوو حیزبەوە دەستپێئەکات کە ئەویش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە ئەو دوو حیزبە بەھۆی بوونی ھێزی چەکداری حیزبیەوە ھەرێمی کوردستانیان دابەشی دوو زۆنی جوگرافی دابڕو لەیەک کردووە و ھیچ یەکێکیان بەبێ بوونی ئەویتریان لە حکومەتا ناتوانێ باڵا دەستبێ لە کۆی ھەرێما، بەڵکو تەنھا ئەتوانێ حوکمی ئەو ناوچە جوگرافییە بکات کە خۆی بەھێزی چەکداری حیزبی بۆ خۆی پچڕیووە.
لەبری داوایەکی بێ سودو ڕەخنەیەکی جێنەگر باشترە لە ئێستەوە کار بۆ ئەوە بکرێ کە میساقی شەرەف بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پڕکرێتەوە کە ئەم حکومەتە خیتامی نەریتە خراپەکەی ٢٨ ساڵ لە پێکھێنانی حکومەتی ھاوبەش بێت لە نێوان ئەو دوو جووت حیزبەیاو لێرە بەدواوە بەڵێنیان لێ وەرگیرێ دان بەئەنجامی و ھەڵبژاردن بنێن و کاریشی پێبکەن و زۆرینەی دەنگ لای کامیانبێت حکومەت پێکبھێنێت و ئەوتریشیان ڕاستەوخۆ ئۆپۆزسیۆن ھەڵبژێرێ، خۆ ئەگەرچی هەندێک جار لە پلەی سێیەم و جورامیشابن بەڵام هەرد خۆیان بەیەکەم و دووەم ئەسەپێنن کە ئەمەش ڕوویەکی تری ناشرینی ئەوانە.
خۆ ئەگەر وابکەن چرۆی حوکمێکی ڕاستەقینەی پشبەستوو بە ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەپشکوێ و ھەرێمێکی یەک پارچە و خەڵکێکی تێکەڵتر لە ئێستا و کۆمەڵگەیەکی یەک ھەڵوێست و یەک ڕەنگ و یەک ئاڵا بوونی ئەبێت و دێگەڵەش ئەبێ بە مێژوو.
کەوابێ سەرۆکی ھەرێم خوێنەواربێ یان نەخوێنەوار بە تۆ چی؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.