دەوڵەتداری بە کورد ناکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 300 جار بینراوە

جمعە کانی لەلەیی

بۆچی ھەمیشە خەتای وەدەست نەھاتن و بونیات نەنانی دەوڵەتی کوردی بھاوینە ئەستۆی زلھێزەکانی جیھان ( ئیستعماری کۆن و نوێ ) و دەر و دراوسێ ، ئایا میر و میرنشین و شا و پادشا و سەکردەکانی کورد بەدرێژایی دووسەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو ھیچ خەتا بار نین ؟ بۆچی لەخۆمان نەپرسین ئەرێ بەڕاست میرانی بابان ( میر عەبدوڵا و میر عبدڕەحمانی برای ) لە جیاتی ئەوەی چل ھەزار شمشێر بەدەستی میرنشینەکە بەسەر خۆیان دا دابەش بکەن و بەفیتی مەدحەت پاشای والی ئەوسای بەغدا بکەونە وێزەی یەکتر خۆ دەیانتوانی لە ناوچەی شارەزوور و بانی کەرکووک و ناوچەی سنەو بەشێک لە ھەولێر دەوڵەتێک بۆ کورد ڕاگەیەنن و بەو چل ھەزار شمشێر بەدەستە دەوڵەتەکە بپارێزن ؟ ئایا میر موحەمەد پاشای میرنشینی سۆران لەجیاتی ئەوەی ھەوڵی ڕووخاندنی میرنشینە کوردیەکانی تر بدات و کوردانی ئێزیدی بە بیانووی ئاینی لە ناوچەی بادینان و مووسڵ لەناو ببات خۆ دەیتوانی ھێزی ھەموو میرنشینەکان یەک بخات و دەستی خائینانی ناوخۆ ببڕێتەوە و دەوڵەتێک بۆ نەتەوەکەی دابمەزرێنێت ؟ ئایا لەخۆمان پرسیوە بۆچی شێخ مەحموودی حەفید نەیتوانی لەگەڵ ئنگلیزەکان ڕێکبکەوێت و دەوڵەتێک بۆ کورد دابمەزرێنێت لەجیاتی ئەوەی خەریکی بەخشینەوەی زەوی و زاری ناوچەی سولێمانی و دانانی خزمەکانی بە وەزیر و گزیر و تەئمیناتی مەلیکی خۆی بێت ؟ خۆ ئەدمۆنز خۆی گوتی کورد بەھۆی پەتپەتێنی شێخ محموود و سەر دەرنەکردن لە سیاسەت و کاری بەڕیوە بردن نەیتوانی بگات بە ئامانج و مافە ڕەواکانی، ئایا ڕۆشنبیرانی کورد لەخۆیان پرسیوە بۆچی مەلا مستەفا بە سەد ھەزار چەک بەدەستەوە نەیتوانی یەک مانگ بێ پشتیوانی ساواک و دەوڵەتی ئێران درێژە بدات بە شۆڕش و تەحەددای بەغدا بکات بۆ سەلماندنی مافەکانی کورد ؟ ئایا کەس لەخۆی پرسیوە حزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان بۆچی ئەو دەرفەتە زێڕینەی لە ساڵی ١٩٩١ بەردەست کورد کەوت کە دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت بۆچی و لە پێناوی چی لە دەستی دا ؟ خۆ دەوڵەتی عێراق توانای بەرگری لەخۆ کردنی نەمابوو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دوای چەندین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ئەو دەرفەتەیان دایەوە کورد بەڵام پارتەکانی کوردستان لەبەر تاڵان کردنی دامودەزگا حکومی و دامەزراوە ئابوریەکان و دواتر پەلامار دانی یەکتر ئاگایان لە دەوڵەت دروست کردن نەما، ئایا ھیچ بیرمان لەوە کردۆتەوە لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆچی پارت و لایەنەکانی کوردستان ھێندەی بیریان لە پلەو پایەی کابینە جیاجیاکانی بەغدا دەکردەوەو ھێندەی بە تەنگ بەدەستھێنانی ئمتیازات و پارەوە بوون ھێندە ئاگایان لە مەسەلەی کورد و دەوڵەتی کوردی نەبوو ؟ خۆ پارتە کوردیەکان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام دەیانتوانی دەوڵەتی دیفاکتۆی کوردی ڕابگەیەنن و جیھان ناچار بکەن مامەڵە لەگەڵ دەوڵە کوردیەکە بکەن چونکە بارودۆخی سیاسی نیشتیمانی عەرەب بە گشتی و دەوڵەتی عێراق بەتایبەتی لەوپەڕی خراپی دا بوو؟
ئێمە باش دەزانین دەر و دراوسێ و زلھێزەکان دژایەتی دەوڵەتی کوردی دەکەن و دەشزانین باری جیۆپۆلۆتیکی کوردستان لەم ھەلومەرجە سیاسیە تەوق کراوەی ھەرێمی کوردستان یاریدەدەر نیە تا کورد دەوڵەت ڕابگەیەنێت بەڵام ناشکرێت فاکتەر و خەتاکان لە خۆمان دوور بخەینەوەو دان نەنێین بەو ڕاستیە تاڵەی کورد بەدوای دەسکەوتی ڕۆژانەوە وێڵە نەک دەسکەوتی دوومەودا و ستراتیژی و پتەو کردنی پایەو بنەماکانی دروست کردنی دەوڵەتی کوردی، ئەوەتا حکومەتۆکەیەکی پێ بەڕێوە ناچێت و تا ئێستاش ھەرێمی کوردستان بەسەر چەندین زۆنی حزبی دا دابەش کراوە و ناتوانن ھەرێمێکی بچکۆڵانە و ھێزێکی بچکۆڵانە یەک بخەنەوە، ئەوەتا ناتەبایی حزبەکان گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی پاش چەندین مانگ لە ھەڵبژاردنێکی کرج و کاڵ نەتوانن کابینەیەکی وزاری شەپڕێو دروست بکەن، وەنەبێت نادڵسۆزی بۆ دەوڵەت دامەزراندن نەخۆشی و پەتای تەنھا حزبێک و دوان بێت بەڵکو بوە بە پەتایەکی گشتی و ھەموو گەلی کوردیان تووشی ئەو پەتایە کردوە کە بەم زوانە دەرمانی بۆ نەدۆزرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.