ڕاپۆرتی شیکاری جەنگ لەنێوان ئەمریکاو ئێران ڕوودەدات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 844 جار بینراوە 0 سەرنج
US-IRAN-tension

ئا: کەمال ئەسکەندەر

کاتێ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند نیازی ئەوەی هەیە هێزەکانیان لەعێراق بهێڵنەوە بەبیانوی چاودێری کردنی ئێران جێگەی سەرسوڕمان نەبوو ، هەروەک هەموو پێشهاتەکان بەرەو ئاڕاستەی ئەوەبون هێزەکانی ئەمریکا بگوازرێنەوە بۆ عێراق بەتایبەت دوای کشانەوەیان لەسوریا . عێراق ئەو کاتە مەترسی ئەوەی لێکرا کەخاکەکەی ببێتە مەیدانی جەنگی نێوان ئەمریکاو ئێران ، دوای ئەوەی ئەمریکا گەیشت بەو باوەڕەی بەداخستنی خاکی ڕافیدەین بەڕووی تاران دەتوانێ بەرپرسیاریەتی چارەسەری هەموو ئەزاماتەکانی عێراق لەئەستۆبگرێ ، لەکاتێک دا عێراق خۆی قوربانی ئەوەیە خاکەکەی بوە بە سەربازگەیەکی شاراوەی تاران و بەردەوام پشکی هەبوە لەپاڵپشتی سەنگەرەکانی ئێران لەسوریا و لوبنان ویەمەن ، سەرەڕای ئەوەی میلیشیای حشدی شەعبی یش بەدروست کراوی ئێران لەقەڵەم دەدرێ ، کەلەسەرەتاوە بەبیانوی شەڕودژایەتی داعش ئەم هێزە دروستکرا.

ئەمریکا لەسەرەتاوە هەوڵی خۆی خستەگەڕ بەوەی ئابلوقە بخاتە سەر جموجۆڵەکانی ئێران لەناوچەکەدا ،دوای ئەوەی ڕێگا دبلۆماسیەکانی لەگەڵ ئەو ووڵاتەدا داخست ، دواتریش کشانەوەی هێزەکانی لەسوریا بۆ سنوری عێراق پێش ئەوەی نەخشەی کشانەوەکەی ڕابگەیەنێ بەڵکو لە کاتژمێری سفردا ناوچەیەکی سەربازی لەسنوری نێوان سوریا و عێراق بونیادنا ، بەمەش ناوچەیەکی جوگرافی بەجێگیرکردنی سەربازە کشاوەکانی لەسوریا لەجموجۆڵی ئێران دابڕی ، ئەمەش بۆ ئەوە بوو ئەمریکا دەستی ئێران لەعێراق دوورخاتەوە سەرەڕای ئەوەی هەموو هێڵ و پەیوەندیەکانی تۆڕی جموجۆڵەکان لەنێوان سوریاو لوبنان لەگەڵ تاران پچڕێندران. لەلایەکی ترەوە ووڵاتی سعودیە بە یەکێک لە هۆکارەکانی فشاری ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەقەڵەم دەدرێ ، چونکە ئێران بەمەترسی بۆ سەر ووڵاتەکەی دەزانێ ، لەم ڕووەوە بەنمونە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنە مێژووییەکەی نێوان ئەمریکا و سعودیە لەلایەن ترەمپ بە نزیکەی (٤۰۰) ملیار دۆلار لەمانگی ئایاری ۲۰۱۷ کەڕێککەوتنەکە پەیوەست بوو بە کڕینی چەک بەمەبەستی بەرگری لە ووڵاتەکە بە بەهای (۱۱۰) ملیار دۆلار بۆیە لەلایەن هەندێک چاودێران وشارەزایان والێکدانەوەی بۆ دەکرێ، گرژی و فشارەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بەشێک بێ لەم سەفقەیەی نێوان ئەمریکاو سعودیە.

عێراق بۆ ئەمریکیەکان مەمەڕێکی ستراتیژیە کەبەهۆیەوە دەتوانێ کۆنتڕۆڵی هەموو جموجۆڵەکانی ئێران بکات لەناوچەکەدا ، کاریگەرترین ڕێگەکانی کۆنتڕۆل کردن مانەوەو بونی سەربازی ئەمریکابوو لەعێراق کەبەهۆیەوە حەلقەی ئەو پەیوەندیانە دەپچڕێندرێن کە ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا دروستی کردوە لە سوریا و لوبنان. هەروەها ڕێککەوتنامەی نێوان ئەمریکاو عێراق بەردەوام ئاسانکاری بوە بۆ بەهێز هێشتنەوەی پێگەی ئەمریکا لەو ووڵاتدا ،لەگەڵ ئەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق پەیوەستبوە بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو ووڵات ، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکرا لەساڵی ۲۰۱۱ کۆتایی بەڕێککەوتنەکەی نێوانیان بهێندرێ ، کەچی بەبیانوی ڕاهێنان بەهێزە عێراقیەکان ئەمریکا لەو ووڵاتە مایەوە ، بەجۆرێک عێراق بەردەوام منەتباری ئەمریکا بێ کەهاوکاری هێزە عێراقیەکانە و ڕۆڵی لەدابین کردنی ئاسایشی ئەو ووڵاتەدا هەیە. ئێران بەهۆکاری ئەوەی ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەبوە بەسەر عێراق وەک هەندێک لە چاودێران پێیان وایە هەردەم ڕۆڵ و نفوزی لەئەمریکا زیاتربوە ، کەچی دوای چەندین جار لەڕێگەی پەرلەمان و حکومەتەکەی عێراق بەبیانوی پاراستنی سیادەیی ووڵات هەوڵی ئەوەی داوە هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دوورخاتەوە کە هەردەم بەمەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی حسابی بۆ کردوە ، بەڵام هەوڵەکانی شکستی پێهێندراوە بەو پێیەی لەلایەن هەندێک لەعێراقیەکان هێشتا ئەمریکا بەفریادڕەسی ووڵات سەیر دەکرێ .

سەبارەت بەهەڕەشەکانی تڕەمپ و گرژیەکانی ئەم دواییەی کەدروست بون لەنێوان ئەمریکاو ئێران بەتایبەت هێنانی کەشتی جەنگی ئەبراهام لنکۆڵن و هەڕەشەکانی ئێران بەداخستنی گەروی هورمز وەک لێدانی گورزێکی کوشندە بەئابوری ئەمریکا مەترسی جەنگێکی گەورە دەکرێ لەناوچەکەدا ، هەروەک پێشتر ڕۆژنامه‌ی گاردیان-ی به‌ریتانی بڵاوی کردەوە جه‌نگی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران نزیكبوه‌ته‌وه‌. ڕۆژنامه‌كه‌ پشتی بە بابه‌تێكی سایمۆن تیسدال، نوسه‌ری كاروباری نێوده‌وڵه‌تی بەست بوو و بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ “كاره‌ گه‌مژه‌ییه‌كانی تره‌مپ واده‌كات جه‌نگی نێوان ئه‌مریكا و ئێران نزیكبێته‌وه‌. سایمۆن باس له‌وه‌شکردبوو: ئه‌مریكا نیازی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كۆتایی به‌ 40 ساڵ له‌شۆڕشی كۆماری ئیسلامی بهێنێت‌و ئه‌و ڕژێمه‌ بگۆڕێت. ئه‌و پێیوابوو تره‌مپ ده‌یه‌وێت خۆی له‌دروستبوونی گرژی نوێ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌دوور بگرێت، به‌ڵام هه‌ڵۆكانی كۆشكی سپی كه‌ (مایك پۆمپیۆ، جۆن بۆڵتن‌و مایك پێنس)ن، مه‌له‌فی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایان ده‌وێت، ئه‌وان (شه‌رم) له‌و هه‌ڵانه‌ ناكه‌ن كه‌ به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی ئه‌مریكا له‌ كاروباری وڵاتان دروستبوو. لەم بارەیەوە د.ڕەعد ڕەفعەت سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی ستاندەر بڕوای وایە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ تەنها فشارێکە بۆ سەر ئێران ، چونکە تا ئێستا ئەمریکا لەهیچ ناوەندێکی فەرمی ئەوەی ڕانەگەیاندوە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی ووڵاتی ئێران ئامانجیان بێ، بەڵکو ئەوەی جەختی لێدەکرێتەوە گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، هەروەک دەوترێ بونی ووڵاتێکی وەک ئێران کەمەترسی بێ بۆ سەر ووڵاتانی خەلیج و سعودیە لەبەرژەوەندی ئەمریکادایە بۆ ئەوەی باشتر ووڵاتەکانی دژ بەئێران بدۆشرێن لەلایەن ئەمریکاوە بەتایبەت سعودیە .

کاتێک ترەمپ کاندید بوو بۆ سەرۆکی ئەمریکا لەمانگی ئایاری ۲۰۱٦ ئەوەی ڕاگەیاند : سعودیە ئەو چێڵەیە هەر کات شیرەکەی ووشکی کرد سەری دەبڕێ ، ئەم ووتانەی ئەمریکا لەڕووی سیاسی یەوە وەک هەڕەشەیەکی مەترسی دار خوێندنەوەی بۆ کرا ، چونکە ترەمپ دوپاتی ئەوەی کردەوە ئەو شیر دۆشینەی ئەو باسی دەکات لەبەرامبەر پاراستنی بنەماڵەی سعودە لەمەترسیە ناوخۆیی و دەرەکیەکان لەلایەن ئەمریکاوە ، بۆیە چاودێران بەدووری دەزانن ئەمریکا لەم دۆخەی ئێستا دروستی کردوە ئامانجی ڕوخانی ڕژێم وسیستەمی حکومڕانی ئێران بێ ، چونکە بەمانەوەی ئێران مەترسیەکانی سەر سعودیە بەردەوامی دەبێ و دۆشینەکەش زیاتر دەبێ. لەکۆتایی دا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هیوایخواست شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەڵنەگیرسێت. ئەمەش لەکاتێک دا بوو دوای ئەپێشوازیكردنی لە ئۆلی ماورەر سەرۆكی سویسرا و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران، ترەمپ ڕایگەیاند: هیوادارم ئەوە ڕوونەدات. لێدوانەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە ئەمریكا دوو كەشتی فڕۆكە هەڵگری گەورە و چەندین موشەك و فڕۆكەی جەنگی ڕەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و لە ئاوی كەنداودا جێگیری كردوون لە دژی ئێران. ئەگەرچی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا وتەكانی بەرپرسانی ئەمریكا و ئێران بۆنی شەڕێكی گەورەی لێدەهات، بەڵام لە چەند رۆژی ڕابردوودا سەرۆكی هەردوولا ئەوەیان ڕاگەیاند كە ڕوودانی شەڕ لە نێوانیاندا ئەگەرێكی دوورە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *